زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەیە و زۆرینەیان تایبەتن

بێزاریی هاووڵاتیان لە لاوازیی گواستنەوەی گشتی

10:50 - 2024-08-28
ڕاپۆرت
154 جار خوێندراوەتەوە
لاوازی گواستنەوەی گشتی وایکردووە هاووڵاتی کەمتر پاس بۆ هاتوچۆکردن بەکاربهێنێت

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


سەعات 12:45 خولەکی نیوەڕۆیە، مام عەلی لە کورسی پێشەوەی ناو پاسی یەکێک لە هێڵە گشتییەکان دانیشتووە، بە دەسڕەکەی دەموچای ئارەقاوی دەسڕێت و جارجاڕەش باوەشێنی خۆی پێدەکات، لەبەر خۆیەوە دەیوت: ماشەڵا لەم گەرمایە بەڕاستی تاقەت پڕوکێنە.
مام عەلی وتی: مەگەر بۆ کڕینی پێویستییەک ئەگەرنا هەموو رۆژ نایەم بۆ بازاڕ لەبەر ئەوەی هەوا زۆر گەرمە و تەحەمول ناکەم.
لە پەنجەرەی ناوەڕاستی پاسەکە لوولەی هەوای موبەریدە هێنرابووە ژوورە و سەرنشینانی بەشی دواوە روویان کردبووە خۆیان، مام عەلی وتی: ئەو فێنک بوونەوەیە هەرئەوەندەیە تا بەڕێ دەکەوین ئیتر هەموومان وەک یەک گەرمامان دەبێت، لەبەرئەوەی پاسەکە تەبرید ئیش پێ ناکات، ئەوە لە زستانیشدا بە هەمان شێوەیە و بەهۆی ئیش پێ نەکردنی گەرمی سەرنشین سەرمایەتی تا دەگاتە ماڵەوە، لەبەرئەوە ئەگەر ناچار نەبم بە زستان و هاوین نایەم بۆ بازاڕ یان کاتێك یەم کە کوڕەکەم لەماڵ بێت و بە ئۆتۆمبێلی خۆی بمهێنێت.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ     :
حکومەت پارە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی گشتیدا خەرج ناکات و پاڵپشتی کەرتی تایبەتیش ناکات، ئەوەش بووەتە  هۆی لاوازیی گواستنەوەی گشتی

 

 

بەشێكی گرنگی ئابووری
ئەمە دۆخی ئەو هاووڵاتیانەیە کە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هاتوچۆ کردن گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنن.
ئەسعەد مەلا کەریم بەڕێوەبەر لە هاتوچۆی هەرێم بە کورستانی نوێی راگەیاند: بە دڵنیاییەوە گواستنەوەی گشتی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لاوازە و بەپێی پێویست نییە، ئەوەش وایکردووە هاووڵاتی ناچاربێت بۆ هاتوچۆ کردن زیاتر ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکاربهێنێت. گواستنەوەی گشتی بە واتای بەكارهێنانی كەرەستەكانی گواستنەوەی وەك پاس، ترام، قیتار، فڕۆكە، لەو وڵاتانەش كە لەسەر ئاون، بەلەم و كەشتیش دەگرێتەوە و هاووڵاتیان بۆ هاتوچۆکردن بەکاریدەهێنن.
گواستنەوەی گشتی بەشێكی گرنگی ئابووریی وڵاتانی پێشكەوتووە، لەبەرئەوەی نەك هەر هاووڵاتیان دەگوێزێتەوە لەناو شارەكاندا، بەڵكو پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاسان دەكات و بەمەش پێچكەی پەیوەندیی مرۆیی و ئابووری خێراتر دەكات، هەروەها سیمای پێشكەوتن و شارستانییەتە، لەبەرئەوە لاوازیی گواستنەوەی گشتی نیشانەی دواكەوتوویی ئابووری و نەبوونی پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكان خاوەنی گواستنەوەی گشتیی مۆدێرنن و بایەخی زۆر باش بە بەڕێوەبردنی دەدەن.
ئەسعەد مەلا کەریم بەڕێوەبەر لە هاتوچۆی هەرێم دەڵێت: سەروو دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەیە کە زۆرینەیان تایبەتن و رۆژانە هاووڵاتیان بۆ هاتوچۆکردن بەکاری دەهێنن.

خەمساردیی حکومەت

پڕۆژەکانی سیتی پاس یان شەوانە پاسی سلێمانی و پاس لە  بازنەی مەلیک مەحمود، لەو پڕۆژانەن لە ماوەی رابردوودا ئامادە کراون بۆ چالاک کردنی هێڵی گشتی گواستنەوە، بەڵام بەهۆی پشتیوانی نەکردنی حکومەت سەرجەمیان تەنها وەک پڕۆژە ماونەتەوە و نەچوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
کاروان یاسین شۆفێری یەکێك لە هێڵە گشتییەکانی گواستنەوەیە دەڵێت: نرخی گاز و بەنزین گرانە و جێگیر نییە، ئەوەش وایکردووە ئەو پاسانەشی کە سیستمی ساردی  و گەرمییان هەیە نەتوانن ئیشی پێ بکەن.
پاسی هێڵە گشتییەکان زۆربەیان مۆدێلیان کۆنە و سیستمی ساردی و گەرمییان تێدا نییە یان بەپێی پێویست نییە لە زستاندا سەرنشین سەرمایەتی و لەهاویندا گەرما لەبەرئەوەی ئامادە نییە بە پاس هاتوچۆ بکات.
سدیق محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، سەرجەم پڕۆژەکانی چالاککردنی گواستنەوەی گشتی دواجار کە دێتە سەر جێبەجێ کردن پارە نییە، کەرتی تایبەتیش نایەت لەم بوارەدا وەبەرهێنان بکات لەبەرئەوەی زەرەر دەکات و ئامادە نییە پاسێک بکڕێت بە هەشت دەفتەر دۆلار و رۆژی 30 هەزار دیناری دەست بکەوێت، لەبەرئەوە کەرتی تایبەت ئامادە نییە بەبێ پاڵپشتی حکومەت سەرمایەیەکی زۆر خەرج بکات و داهاتێکی باشی دەستنەکەوێتەوە.
وتیشی: حکومەت پارە لە بەرەو پێشچوونی کەرتی گشتیدا خەرج ناکات و پاڵپشتی کەرتی تایبەتیش ناکات، ئەوەش بووەتە هۆی لاوازی گواستنەوەی گشتی و هاووڵاتی ئەگەر ناچار نەبێت بۆ هاتوچۆکردن بەکاری ناهێنێت.

چارەسەری گرفتەکە
گرفتێکی دیکەی گواستنەوەی گشتی رۆشتنی پاسی هێڵەکانە بەپێی سیستمی نەفەر، پاسێک بۆئەوەی لە یەکەم وێستگە بڕوات دەبێت 10 نەفەری پێبێت کە جاری وا هەیە بە سەعاتێک ئەو 10 نەفەرە پەیدا نابێت و لە وێستگەکانی تریش هاووڵاتی چاوەڕوانی پاسە ئەمە وادەکات بێزاربێت و بۆئەوەی چاوەڕوان نەکات ئۆتۆمبێلی تایبەت یان تاکسی بەکاردەهێنێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی دەڵێت: چەندینجار جار لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسی ئەو کێشانەمان کردووە، هەروەها دەیان پڕۆژە و پلانمان هەیە  بۆ بەهێزکردنی کەرتی گشتی، بەڵام بێ پارەیی بێ بەهای کردوون، بۆ نموونە لە شاری سلێمانی 12 ساڵە دیزاینی هێڵی تراموامان هەیە کە نزیکەی سێ ملیۆن دیناری تێچوو و کەس نییە جێبەجێی بکات، دیزانینی پڕۆژەکە لە چەکمەجەیەکی بەڕێوەبەرایەتی دانراوە و هیچ بەهایەکی نییە.
بۆئەوەی سیستمێکی هاتوچۆی گشتی سەرکەوتوو هەبێت، دەبێت وەک وڵاتان گواستنەوەی گشتی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە ببرێت.
سدیق محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هێڵی گشتی پێویستە حکومەت پاڵپشتی تەواوی کەرتی تایبەت بکات و هانی بدات وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بکات، بە پێدانی سووتەمەنی بێت بە نرخێکی رەمزی یاخود بەخشینی لە باج، هاوکاریکردنی بە پێدانی سلفە بۆ هێنانی پاسی مۆدێل بەرز و گەورە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان