هەر جارەی تێكۆشەرێك

پێشمەرگەی دێرین، كامەرانی عەلی مەجۆل

11:22 - 2024-08-28
کوردستان
553 جار خوێندراوەتەوە

ئالان محەمەد جەزا

 

پرۆفایل



پێشمەرگەی دێرین و مامۆستای شۆڕش، كامەران عەلی مەجید ناسراو بە كامەرانی عەلی مەجۆل.
لە دایكبووی ساڵی 1958ی شاری سلێمانییە.
ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەوە و ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە، لە شاخ مامۆستایەكی شۆڕش بووە.
ئێستا لێپرسراوی كۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی نوێ‌ یە و خانەنشینە بە پلەی رائید.




لایەنی پەروەردەیی  پەیوەستە بە خێزان و خوێندنگە و رێكخستن و شۆڕشگێڕانەوە، هەربەو هۆیەوە لەناو ئەو بازنەدا كەسی قارەمان و خۆنەویست و نیشتمان پەروەر هەڵدەكەون.
خۆڕۆشنبیركردن كارێكی خودییە و بەئاگابوونە لە ناسینی دۆست ودوژمن و گرتنەبەری رێگەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە، ئەم دوو پرۆسەیەی (پەروەردەو رۆشنبیری ) زۆر گرنگن بۆسازدان و كەسێتی شۆڕشگێڕ، ئەمەش لە خەباتی نهێنیدا زۆر گرنگیی پێدەدرا.
قۆناغی پێش راپەڕین، بە مەترسیی گەورە و تۆقێنەر تەنرابوو، دوژمن سڵی لە هیچ رێگەیەكی قێزەون نەدەكردەوە بۆ لەناوبردنی هەر كەسێك كە گومانی لێی هەبێت و هەڵگری  هەستی نیشتمان و بە رەنگاریی لە خۆگرتبێت.
لەبەرئەوە كاری ئەندامانی رێكخستن زۆر سەخت و دژوار بوو، هەڤاڵانیش زۆر نهێنی پارێزبوون، گومانیان لە هەموو شتێك دەكرد، چونكە هەر چركەیەك پێشبینیكراوبوو كە دووچاری ئاشكرابوون و گرتن ببنەوە و بە دڵنیاییشەوە سێدارە چارەنووسیان بوو.
بەڵام هیواو ئۆمێد بە رزگاری و سەربەستیی وڵات، باڵاتربوو لە ترس و توانیان بەرگەی شاڵاوی دڕندانەی دوژمن بگرن، ئەگەر چیش زۆر هەڤاڵی  قارەمان گیانی خۆیان بەخت كرد.
ئیرادەی شۆڕشگێڕی، بۆ بڕوابوون بە پەیامی سەركەوتی گەل و شكستی دوژمن دەگەڕێتەوە، پەروەردەی ئەوكاتە خۆنەویستی و نیشتمانپەروەری بوو، بۆیە هەر ئەندامێكی رێكخستن كە دەستگیردەكرا، شەهیدبوونی هەڵدەبژارد بەڵام ئەو مافەی بەخۆی نەدەدا قسە لەسەر هەڤاڵانی بكات و نهێنی بدركێنێت، ئەوەش دوژمنی شێتگیركردبوو، هەربۆیە تەڕو وشكی پێكەوە دەسوتاند.
بێگومان راهێنان و تاقیكردنەوە و رۆشنبیركردنی كەسی رێكخراو بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕی و گۆشدەكرا، ئەوەش وای لەو گەنجە ئەكرد هەم خۆڕاگر  و هەم نهێنی پارێز بێت و بە تەنگ پاراستنی هەڤاڵەكانییەوە بێت.
دوای خەباتی رێكخستن قۆناغێكی دیكەی خەبات دەستی پێدەكرد كە ئەویش خەباتی ئاشكرای پێشمەرگایەتی بوو، خەباتێك بوو ئارەزوومەندانە، كەسەكە خۆی ئەو رێگەیەی  هەڵدەبژارد، رێگەیەك كە بڕوای پێیەتی وگیانی خۆی لە پێناوی سەركەوتنیدا دەبەخشی.
هەر ئەو بیروباوەڕەش بوو كە پێشمەرگە لە شەڕەكاندا دوژمنی توشی شۆك دەكرد، هەمیشە بڕوابوون بە پەیام و ئامانجێكی پیرۆز كە سەركەوتنی گەل و شكستی دوژمنی تێدا بێت، چەكێكی بەهێزە بۆ رزگاری و سەربەستی.
دیارە كاریگەری رێكخستنەكانی ناوشار و هاندانیان بۆ بەرەنگاری و بە گژداچوونەوەی دوژمن، رۆڵی بەرچاویان هەبوو بۆ گەشەكردن و بەردەوامی شۆڕش، هەمیشە رێكخستن ئەو شادەمارە بوو كە شۆڕشیان بە خوێنی گەنجان دەژیاندەوە و لە بری خوێنی بەناهەق رژاوی شەهیدێك، دەیان رۆڵەی تر سەنگەرەكانیان پڕدەكردەوە.
لایەنێكی دیكەی خەباتی رزگاریمان بریتی بوو لە بەرگرتن لە سیاسەتێكی دیكەی رژێمی بەعس كە پەخستنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بوو، كاتێك رژێم بە بەرنامە خوێندنگەی گوندەكانی كشاندەوە و ویستی منداڵانی سنووری ناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕش لە خوێندن بێبەش بكات، مامۆستایانی شۆڕشی نوێ‌ دڵسۆزانە شانیان دایە بەر ئەو ئەركە و بە درێژەدان بە خوێندن لە گوندەكاندا، ئەو خەونەی دوژمنیان لە گۆڕنا و نەیانهێشت قوتابخانەی گوندەكان چۆڵبكرێن.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان