حكومەت كۆنترۆڵی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە دەكات

10:32 - 2022-06-28
ڕاپۆرت
689 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

لە میانەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان لە چوارچێوەی هۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆلێرا لە ناوچەكەدا، لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا سەرچاوەی  نەخۆشییەكە  پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و ناتەندروستی خواردن و خواردنەوەكانەوە هاتووەتە پێشەوە، هەرلەوبارەیەوە  نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە شاری سلێمانی دووپاتیكردەوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەهۆی سەرچاوەی ئاوی پیسەوە بووە، هەروەك بەڕێوەبەری  بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت «ئەو ئاوەی دەگاتە هاوبەشەكان، پاكە و دوورە  لە پیسبوون»  هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت «پلان و بەرنامەیان هەیە بە دوو رێگەچارە  كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن».

هەنگاوەكانی حكومەت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا وەك حكومەت پلان و بەرنامە هەیە بە رێگەچارە، رێگەی كورت خایەن لە دامودەزگا حكومییەكاندا كاروچالاكی خۆیان بكەن لە چوارچێوەی پشكنینی پێویست و بڵاوكردنەوەی رێنمایی بۆ هۆشیاركردنەوەی  خەڵكی لە پێناوی خۆپارێزیدا، رێگە چارەی درێژخایەنیش ئەوەیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە وێستگەی پاكردنەوەی ئاوی پیسە، لەو چوارچێوەیەدا، هانی لایەنی پەیوەندیدار لە دەستەی وەبەرهێنان  و وەزارەتی شارەوانییان  داوە  كاری پێویست بكەن و هانی وەبەرهێنەران بدەن بۆ هێنانی وێستگەی پاكردنەوەی ئاوی پیس.

خەڵك دڵنیا دەكرێنەوە 
دوای بڵاوبوونەوەی كۆلێرا، بەپێی بەدواداچوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت،  دەركەوت ژمارەیەك  تانكەر  بە نایاسایی و نهێنی ئاوی چەمی قلیاسان و تانجەرۆیان فرۆشتووە  بە هاووڵاتیان،  ئاوی ئەو دوو چەمەش، تەنها بۆ ئاودانی جزرە وەسەتی و بلوارەكان بەكاردەهێنرێت و بەهیچ جۆرێك بۆ خواردنەوە شیاو نییە، هەروەك بەپێی رێنمایی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی، سەرجەم ئەو تانكەرانەی  ئاوی پیس دەگوازنەوە بەشێوەی رەسمی  تابلۆیان پێدا هەڵواسراوە،  كە نوسراوە ئەم ئاوە  شیاو نییە بۆ خواردنەوە، بەپێچەوانەشەوە، هەر ئاوێك پاك بێت، نووسراوە پاكە و شیاوی خواردنەوەیە.
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاماژەیدا پیسبوونی ئاوی ماڵان  دوورە لە راستییەوە، چونكە بەردەوام  لە رێگەی تاقیگەی  تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان پشكنین و بەدواداچوون  بۆ  كوالێتی ئاو دەكرێت، بۆیە دڵنیایی دەدەینە خەڵكی شارەكە، سەرجەم وێستگەكانی دابینكردنی  ئاو لە  شار و شارۆچكە و قەزا و ناحییەكانی سلێمانی و دەوروبەری  ئاوێكی پاك و شیاوە بۆ خوارنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی روونیكردەوە:  لەسەرو ئەوانەوە بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزی تەندروستی، بەردەوام  بەدواداچوون دەکات بۆ خەزێنە و وێستگە و تانكی و پڕۆژەكانی  ئاوی سلێمانی، وتیشی: هەندێك  گەڕەك كێشەی پیسبوونی ئاوی تێدا رووبدات، بەخێرایی  كێشەكە كۆنترۆڵدەكرێت و لەلایەن تیمی تایبەتەوە پاكدەكرێتەوە.

هەڵمەتی چڕ دەستیپێكردووە 
جگە لە ئاوی خواردنەوە، بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی پیس و نا تەندروستی خواردن و خواردنەوەكان لەناو بازاڕ و  شوێنە گشتییەكاندا یەكێكی دیكەبوون لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی كۆلێرا، لەوچواچێوەیەدا بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لیژنەكانی تەندروستی، شارەوانی، لە رێگەی تیمی تایبەتەوە بەشێوەی چڕ، هەڵمەتی بەدواداچوون و پشكنین بۆ سەرجەم شوێنە گشتییەكان دەستپێكردووە، هاوكات پڕكردنەوەی بەڵێننامەی یاسایی بە زۆرینەی خاوەنی کێڵگەكانی سەوزە  بۆ ئەوەی تا كۆتایی هاتنی پەتاكە بەهیچ جۆرێك  بەرهەمەكانیان نەخەنە ناو بازاڕەكانەوە یەكێك بووە لەكارەكانیان. 
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی وتی: دوای بەدواداچوون و لێكۆلێنەوە، دەركەوت لەناو شاری سلێمانی  چەندین شەمعەی ئاو هەیە كە بە نایاسایی ئاویان فرۆشتووە بە هاووڵاتیان، هەروەك لەرێگەی تیمی تایبەتەوە، هەڵمەتی گەڕان و پشكنینمان بۆ سەرجەم شوێنەكان دەستپێكردووە بەمەبەستی دەستبەسەراگرتنی سەرجەم ئەو شوێنانەی رێگە پێدراونین و مۆڵەتی یاسایی سەرۆكایەتی شارەوانییان نییە، چونكە ئاوەكانیان پاك نییە و شیاو نییە بۆ خواردنەوە، وتیشی: تا ئێستا چەندین شەمعەی نایاساییمان حیجزكردووە  و هەڵمەتەكانمان بەردەوامی دەبێت تا ئەو كاتەی ئەو حاڵەتە كۆنترۆڵ دەكرێت.

مەترسی مردنی هەیە
بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێراو سكچوون و رشانەوە لەناو كەسانی تەمەن گەورە و پێگەیشتوودا  تا ئاستێكی باش بەرەو كەمبوونەوە رۆشتووە، بەڵام  لەناو منداڵاندا بەرزبوونەوەی زیاتری تۆماركردووە. 
د.پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی تایبەت بە چارەسەركردنی منداڵان وتی: حاڵەتەكانی داخڵبوون بەهۆی  توشبوون بە سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا تا ئێستا رێژەكەی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، ئەو بەڕێوەبەرە داوای لە دایك و باوك و سەرپەرشتیارانی منداڵان كرد، هەركات منداڵەكانیان رووبەڕووی ئەو حاڵەتە بۆوە، بەخێرایی بیگەیەنە نەخۆشخانەكان، چونكە درەنگ  چارەسەركردنیان  دوور لە رێنمایی و سەرپەرشتی پزیشكی تایبەت پسپۆڕ بە نەخۆشییەكە، منداڵەكانیان رووبەڕووی وشكبوونەوە ومردن دەبنەوە و نموونەی زیندوش ئەوەیە تا ئێستا سێ منداڵ بەو هۆكارە  گیانیان لەدەستداوە. 

#ئاوی خواردنەوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان