لە میدیای تورکییەوە

12:44 - 2024-08-28
جیهان
33 جار خوێندراوەتەوە

شەڕی مەلازگرد

 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە وتارێكیدا لە پارێزگای موش لە ئاهەنگەكانی 953 ساڵەی سەركەوتنی سەلجوقییەكان بەسەر بێزەنتییەكاندا لە ساڵی 1071ی زاینییدا، رایگەیاند: شەڕی مەلازگرد، هەنگاوی یەكەم بوو بەرەو رزگاركردنی ئەستەنبوڵ (لە ساڵی 1453ی زایینی)، هەروەها وەرچەرخانێكی ستراتیژیی بوو كە رێگەی خۆشكرد بۆ رزگاركردنی قودس (لە ساڵی 1187ی زایینی).
شەڕی مەلازگرد لە 26ی ئابی 1071 روویدا، كە تێیدا سوڵتانی سەلجوقی ئەلب ئەرسلان توانی سوپای بێزەنتی بە سەرۆكایەتیی ئیمپراتۆر رۆمانۆسی چوارەم دیۆجینێس تێكبشكێنێت.
ئاژانسی ئەنادۆڵ

 

 
 
نۆژەنكردنەوەی بازاڕی دەرگیگیت لە ماردین

 
بازاڕی مێژوویی دەرگیگیت لە پارێزگای ماردین كە نزیكەی 400 ساڵە و بە بازاڕی دێرینی سریانەكان ناسراوە، بە سەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاریی توركیا نۆژەنكراوەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی ئیخلاسی توركیا، كاری نۆژەنكردنەوەكە بریتیبووە لە بە بەڵگەنامەكردنی شەقامی ماركێت كە لە چوارچێوەی پرۆگرامی وەبەرهێنانی ساڵی 2022دا ئەنجامدراوە.
 كاری نۆژەنكردنەوەكە بە وردبینییەكی زۆرەوە و بەگوێرەی سیمای مێژوویی بازاڕی كۆن ئەنجامدراوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەهەم.
تورك پرێس 

 

 


بڕیارە سیسی سەردانی توركیا بكات

 


بڕیارە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر بۆ یەكەمجار لە چواری ئەیلول، سەردانی ئەنقەرە بكات و چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بكەوێت.
هەردوولا سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئاستی باڵای ئەنجومەنی هاریكاریی ستراتیژیی دەكەن و تێیدا چەندین رێككەوتن ئیمزا دەكرێت.
پێشتر ئەردۆغان لە 14ی شوباتی 2024 سەردانی قاهیرەی كردبوو، كە سەرەتای لاپەڕەیەكی نوێ بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا.
خەبەر تورك

 

 
دانوستانەكانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق

 
لە وتارێكدا لەبەردەم پەرلەمانی نوێی سوریادا، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، نیازی خۆی بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا پیشاندا، پێشبینیش دەكرێت كە بەشار ئەسەد و ئەردۆغان دوای كۆبوونەوەی نێوان دەزگای هەواڵگری و وەزیرە پەیوەندیدارەكانی هەردوو وڵات، لە مۆسكۆ كۆببنەوە، رەنگە ئەم كۆبوونەوەیەش بەهاوبەشی ڤلادیمیر پوتن بێت، یان تەنها كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی بێت.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، دیپلۆماسییەتی دەرگای پشتەوە لەسەر هێڵی ئەنقەرە - دیمەشق چڕتر بۆتەوە و دەرگاكانی بەڕووی سەردەمێكی نوێی پەیوەندیی لە نێوان هەردوو وڵاتدا كردۆتەوە.
رۆژنامەی تەقویم

بابەتە پەیوەندیدارەکان