رێنماییەكانی ئیدارەی گەرمیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

01:05 - 2024-08-28
کوردستان
201 جار خوێندراوەتەوە
چۆمان محەمەد

حسێن عەزیز

 
چۆمان محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە ئیدارەی گەرمیان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ  هەریەك لە بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، بەڕێوەبەری پۆلیس، بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، لێپرسراوی بنكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كۆبووەوە بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی كۆمسیۆن سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ بانگەشەیەكی سەركەوتوو.
وتیشی، لەوبارەیەوە گەیشتینە ئەوەی كە: پابەندبوونی قەوارە سیاسییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان بەو وادەیەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەستنیشانیكردووە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و كۆتاییهاتن بە بانگەشە، هەروەها نابێت شوێنە گشتییەكان بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێن، پاشان پابەندكردنی سەرجەم قەوارە سیاسییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان بە لابردنی پۆستەر و وێنە دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەنادرێت دامودەزگا حكومییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێن،  داپۆشینی هێماكانی هاتوچۆ و ستوونی ترافیكەكان بە هەڵواسینی پۆستەر و فلێكس قەدەغەیە، پۆستەر و فلێكسی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت 500 مەتر لە دووری بنكەكانی دەنگدان هەڵبواسرێت.

#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان