هێمن ئەحمەد
پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت: حكومەتی خۆجێیی كەركوك، تەنها یەك دروشمی هەیە، ئەویش خزمەتگوزاری و دادپەروەرییە لە خزمەتگوزارییەكاندا، بەوەش دەگەینە ئامانجە گەورەكە كە پێكەوەژیانی راستەقینەی نێوان پێكهاتەكانە.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕەسمی نووسراوی ئاڕاستەی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانی كردووە بۆ ئەوەی بەشداربن لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا و ئەو پۆستانەشی بۆیان دیاریكراوە پڕی بكەنەوە و بەندەش داوا لە ئەندامانی پارتی و بەرەی توركمانی دەكەم بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێكەوە كاری حكومەتی پارێزگاكەمان رابپەڕێنین، وتیشی: لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگادا دەنگ لەسەر ئەو پۆستانەش دراوە كە بۆ پارتی و توركمان دیاریكراون، بۆیە داوایان لێكراوە پەیوەندیی بكەن و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵك و شارە خۆشەویستەكەمان بكەین.
پارێزگاری كەركوك، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان بەردەوامن بۆ خزمەتكردنی دانیشتوانی كەركوك بەبێ جیاوازی و هەمووانیش پێكەوە لە ئیدارە و ئەنجومەن و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان پلان و بەرنامەكان باشتر جێبەجێ دەكەن و ئامانجەكان دەهێنرێنەدی.