داخی نەسرین لە ژێر سێبەری سمێڵدا.....

12:44 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
333 جار خوێندراوەتەوە


بەیان ئیبراهیم

نەسرین گوێم بۆ بگرە
داخێکت لە کۆڵوانە بۆ دەدوورم
سەرپۆشێکت لە میهرەبانی بۆ دێنم
لە رۆژی بووکێنیدا سەرچۆپی پێ بگرە.
نەسرین گوێم بۆ بگرە
کراسێک لە خەیاڵی هەور
کۆڵوانەیەک لە خوێن
فەقیانەیەک لە جوانی بکەینە رێگا،
لە پەنای خەنجەری سمێڵێکی نووستودا
کراسی خوێناوی عوسمانییەکان ببینین.
نەسرین تۆ دەزانی
هەموو شت دەشکێ
شکانی ئاو لە خەیاڵی کۆنکرێتدا
شکانی ئاوێنە لەبەردەم حکومی ئاسندا
شکانی لاسکی گوڵێ
لەبەردەم رەشەبای رقێکدا.
نەسرین بۆت دەخوێنم
ئایەتێکت بۆ دەخوێنم
بە خەتی سەرپۆشی ژنێتیم نووسرابێ.
ئنجلێکت بۆ دەخوێنم،
بە رێنووسی هەوری و لەسەر ریتمی گوارەبێ.
تەوراتێکت بۆ دەخوێنم
لەسەر لاپەڕەی کۆڵوانەیەک نەخشێنرابێ.
نەسرین وەرە پێکەوە
ژن بوونمان ببەینە بەردەم
دادگایەک لە ریش!
لاشەی مردووی میهرەبانیمان
هەڵبواسین بە لولەی تفەنگەکاندا.
وەرە تاقانە خوشکەکەم نەسرین،
بێکەس* بەرینە بەردەم سەرا و بڵێین:
بیست و حەوت ساڵە شەرم دەمانکوژێ
بیست و حەوت ساڵە ئێمە رەنجبەرین
بە نان و ئاو و دووگیانیی خۆمانەوە.
بڵێین ....
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستیقلال دەگات؟
واسیتەی بەرزی و تەرەققیی، هیممەتی ژنانەیە.
نەسرین وەرە پێکەوە،
ئاوابوونی هاوڕێکانمان
بە تابلۆی ئاوابوونی رۆژێکی نوێدا هەڵبواسین.
بە دیار ئایەتەکانەوە
نوێژ بۆ رەنگەکان بکەین.
دوا پرسە لەسەر لاشەی فڵچەیەک بگێڕین،
ئەو کاتانەی تابلۆیەک لە ژن
لە حاویەی شارێکدا دەمرێ.
من و نەسرینی خوشکم، گەردانەی کچێتیمان
لە توڕەبوونی دایکمانا دەشارینەوە،
لەگەڵ زاواکانماندا دوا تۆبە دەکەین
لای براکانمان ... من و نەسرین پێکەوە
قەفەزێک بۆ ئازادی ژنێتیمان دروست دەکەین،
دەچینەوە لای دایکمان
پێکەوە لەسەر بەرماڵەکەی
دوا شایەتومان دەهێنین،
ئێمەی ژن چی لەم هەموو دیوارە بکەین؟
دیوارێک لە کلتور
دیوارێک لە سمێڵ
دیوارێک لە خەنجەر.
نەسرین دەمێکە داخت لە دڵاندایە
با چیتر قبوڵ نەکەین
لاشەی شیعرە ژنێکمان
بە دوای گالیسکەی پیاوانا رابکێشرێت.
با چیتر رازیی نەبین،
شەمەندەفەری ژنێتیمان
بەسەر سکەی خەنجەردا بڕوا.
چیتر دەبێ تێبگەین
کچێتیمان لە دڵی باوکماندا ئاسکێک بوو
لەبەر باخەڵی پیاواندا
مەحکوم بوو بە نووکی چەقۆ،
قبوڵی نەکەین
بووکە شوشەی سەر ستەیجەکان بین،
رازیی نەبین نرخی بوونمان بەهای ئازادیمان
دوا نمایشی لەش و لارمان بێت،
نەسرین وەرە با بخوێنین
قەسیدەیەک لە لای لایە
بە دیار بێشکەی کوڕەکانمانەوە بنووسین.
رێچکەی رووبارەکان بگۆڕین،
باڵای ئۆقیانوسەکان بەرزتر بکەینەوە.
مەریخ بێنینە سەر شەقامەکانی شار
بە دیار تونێتی کانیی کوێرە دێیەکەوە بگرین.
بە باوکمان بڵێین: بۆ ئەوەی نەمرێت، 
بۆنی بەرماڵەکەی دایکمان بکات
بە پیاوە باخەوانەکە بڵێین: 
پاوانەی پێی ژنان بکاتە ملی گوڵە تایبەتەکان،
بە نەسرین دەڵێم:
داخت لە دڵمە. . .
کە ناتوانی گۆرانییەک دەستەمۆ بکەی،
میوزیک بۆ سەمای بەهار بژەنی،
نوێژێکی ژنانە بکەیت.
پێی دەڵێم: نەسرین گیان سەرپۆشەکەت بکە بە
توێشویەک بۆ نێرگز.
پێی دەڵێم شەرم مەکە
تۆ دەتوانی گوڵ لە باخچە مارە بکەی.
نەسرین دەتوانی
سەرچۆپی بدەیتە دەست هەور،
لەبری ھەموو شەقامێکی پڕ لە خوێن، گوڵێک بڕوێنی
شورای رێش ببڕیت
تا بگەیتە مێرگوزاری میهرەبانیی خۆت،
نەسرین . . من و تۆ
دەتوانین دڵەکان وەک گۆزەی سەر شانمان
پڕ بکەین لە میهرەبانیی.
سەرپۆشەکانمان فڕێ نەدەین،
بیکەینە دەوارێک بۆ جوانیی.
لە جێی هەر داخێک لە دڵاندا
نیشتمانێک بڕوێنین.

*فایەق بێکەس

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان