چیرۆک

پۆرترەیتی رەشوسپی

12:48 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
1083 جار خوێندراوەتەوە

د.كاروان عەلی


دوو رەنگیان هەبوو، رەنگێكیان سەوز و ئەوی تریان شین. هەردوو رەنگەكە، یان بەهۆی ئەوەی لەماندوێتی و رێگەی خراپی تۆز و خۆڵاوی و پڕ لە چاڵ و بەردو زیخ و چەوەوە كاڵ و كۆن دەردەكەوتن، یان ئەوە تا هەر لە بنەڕەتەوە، لەوكاتەی لە كارگەوە دروستكرابوون، رەنگەكانیان بەوجۆرە كاڵ و ئاچووغ بوون. زۆرجار كە چاوەڕێی پڕبوونی جێبەكانمان دەكرد بە سەرنشین، دەستم دەهێنا بەسەر چەمەلغ و پشتی دەرگاكانی، هەستم بە درز و زبریی بۆیاغە ئەستوورەكەی دەكرد. هەندێجاریش كە لە پشتی جێبەكان دادەنیشتم، دەستم لە لایتە تۆزاوییەكانی دەدا و سەرسام دەبووم بە هەڵبوون و كوژانەوەی گڵۆپی سوور و زەردی لایتەكان، هەر كاتێك كە كاكی شۆفێر پێچی دەكردەوە، یان پێی لە برێك دەنا، بەتایبەتی ئەو كاتانەی لە خاڵەكانی پشكنین یان لەچاڵی گەورە نزیك دەبووەوە.
دیمەنی ئەو جێبانە و رەنگەكانیان، شۆفێرەكانیان و كوشنە دڕاو و داڕزاوەكانیان لە مێشكم دەرناچن. هەموو جارێ چەندە حەزمدەكرد هەرچی زووە خۆم هەڵدەمە دواوەی جێبەكان و لە پشتەوەی دانیشم و زوو رێبكا، ئەوەندەش زوو ناڕەحەت دەبووم بە هەڵبەز و دابەز و تاسەكانی كە ران و سمتیان دەشێلام، تەنەكە و ئاسنی كوشنەكان لە چەندین شوێنەوە لەژێر ئیسفنجە تەنكەكانی كە كرابوون بە بەرگ بۆی، دەركەوتبوون و لەگەڵ هەر تاسەیەك، لایەكی رانم یان نەرمایی سمتیان دەجنیم. نەك هەر كوشنەكانیان وا هەستم دەكرد جێبەكان تایەكانیشیان لە ئاسن دروستكراون چونكە ئەوەندە رەق و بەتەقە و ئازاربوون، وەك جەستەیەكی مردووی بێ ئیرادە وابوون. دایكیشم كە زۆرجار، لە ریزی دووەمی جێبەكان، بەجلێكی كوردیی رەشی تۆزاوییەوە، لەگەڵ چەند ژنێكی تری گوندیی یان شاریی بە بێدەنگی دادەنیشت، بوخچەیەكی لەسەر كۆشی دادەنا و جانتایەكی سەفەریی بچووكی كۆنیشی لەبەرپێی، چاوێكی لە من و یەكێكیشی هەردەم لەپێشەوە بوو، زوو زوو ملی بۆ دواوە دەسوڕاند و دەیگوت:
- كوڕم خۆت توند بگرە.
- كوڕم دووركەوە لە دەرگای پشتەوە.
- بابە دەموچاوت داپۆشە لەبەر تۆز و خۆڵ.
- كوڕم ئەو پارچە پەڕۆیە بخە ژێرت با ئازارت نەبێ.
- كوڕم واو وا
هەموو سەفەرەكانمان، بۆ دایكم دنیایەك خەفەت و ترس بوون، بۆ منیش چێژ و خۆشییەكی تایبەتیان هەبوو. پشتەوەی جێبەكان و هەندێجاریش سواربوونی پشتی كەر و هێسترەكان لە هاتوچۆی نێوان دێهاتەكان، هەردەم ئەو ئاواتەم بوون كە هیوای بەدیهاتنیانم دەخواست، بۆیە هەر كە دەكەوتینە سەفەر، لە خەیاڵ و بیركردنەوەی ئەو دوو شتەدا بووم. 
منداڵێكی بزێو و بەجووڵە بووم، حەزم بە پشكنین و دەستكاریكردن و زانین بوو، گوێم دەگرت و پرسیارم دەكرد، بەخۆم و شەرواڵە دۆخین لاستیكییەكە و كالە ژێر دڕاوەكەی پێم نەدەوەستام، چاوم دەگێڕا و سەرنجم دەدا، بەڵام هەر كە دەگەیشتینە خاڵەكانی پشكنینی حكومەت، نوققەم لێوە نەدەهات، دەمم وا دادەخست ئەگەر جاش یان سەربازەكان پرسیاریشیان لێم بكردایە، وەڵامم نەدەدانەوە. دەترسام، تۆقیبووم لەو چەك بەدەستانەی   لە خاڵەكانی پشكنین ئامادە وەستابوون، دەمزانی ئەوان دوژمنن و بەدوای خەڵكی وەكو ئێمەدا دەگەڕێن، كە لە شاخ لەلای پێشمەرگە دەگەڕێنەوە یان دەچن بۆ لایان. مرۆڤ كە بەگومان بێت لەخۆی، هەستێكی نائارامی وای لا دروستدەبێ، كە لە رەنگ و رووخسار و لە قسەكردن و ریتمی دەنگیشیدا رەنگدەداتەوە. ئێمەش هەمیشە لەو دۆخەدا بووین. 
پرسیارەكانیان هەردەم بێ پێچ و پەنا و خێرابوون، هەموو جارێ سەربازێك سەری دەهێنایە ژوورەوە و یەك بەیەك سەرنشینەكانی دەپشكنی، كە پرسیارێكی لە شۆفێر یان سەرنشینێك دەكرد، جاشێك بەتەنیشتییەوە یان لە جامەكەی ترەوە، رووی لە ئێمە دەكرد و  قسەكانی بۆ وەردەگێڕایە سەر زمانی كوردی. شۆفێری جێبەكان هەموویان لەلایەن خاڵی پشكنینی سەرباز و جاشەكان ناسراو بوون، وەكچۆن لەلای ئەو پێشمەرگانەش ناسراوبوون، كە لەپڕ دەهاتنە سەرجادەكان و خاڵێكی پشكنینی كاتییان دادەنا و داوای بەنزینیان لە شۆفێرەكان دەكرد، یان بەدوای نێچیرێكدا دەگەڕان بەدیلی بگرن و لەگەڵ خۆیان بیبەن. ئیتر هەركاتێك جاش یان سەربازەكان مەرحەبایەكی شۆفێرەكانیان دەكرد، من و سەرنشینەكانی تریش كۆڵێك دڵمان پێخۆش دەبوو و دەروونمان دەحەسایەوە، پێموابێت ئەوانیش وەك من بیریان لەوە دەكردەوە ئەگەر تووشی چەرمەسەرییەكبن لەو خاڵی پشكنینانە، ئەوا شۆفێر فریامان دەكەوێت، بەڵام مەرحەبای گەرموگوڕیان لەگەڵ شوفێرەكان مانای ئەوە نەبوو سەربازەكان كاری خۆیان نەكەن، ئەوان هەمیشە دەست لەسەر چەك و ناسنامەكانیان لە سەرنشینەكان داوا دەكرد و كێیان مەبەست بووایە بەتایبەتی لە پیاوەكان،  پرسیاریان لێدەكردن و دەچوونە بنج و بناوانی.
لەدواوەی جێبەكە بەتەنیا لەسەرلا دانیشتبووم، لای چەپم دەرگای پشتەوە و لای راستیشم، سەرنشینەكانی ریزی پێشەوە و دووەم بوون، خۆم قایم كردبوو، دەستێكم لەو بۆریەی پشتم ئاڵاندبوو كە بەشی سەرەوەی كوشنەكەبوو، لەپی دەستەكەی تریشم هەندێجار توند لەسەر نەرمایی كوشنەكە دادەنا، زوو زووش لێوی كوشنەكەم دەگرت، خۆم وا قایم كردبوو، بووبووم بە بەشێكی لكێنراو بە جەستەی جێبەكەوە. لە جامی گەورەی ناوەڕاستی دەرگای داخراوی پشتەوەش، سەیری ئەو تۆز و خۆڵەم دەكرد كە لەگەڵ رێكردنی شێتانەی جێبەكە، بەهەوادا بڵاودەبووە و دیمەنەكانی دەشاردنەوە، بەڵام ئەو كاتەی بەسەر جادەی قیردا رێیدەكرد، بەئاسانیی چەم و رووبارەكان، دار و خانووی قوڕی گوندەكان و خەڵكەكەیم دەبینی. هەر لە جامەكەی دەرگای پشتەوە، دیقەتی قەدپاڵ و لوتكەی شاخەكانی ئەوبەر و ئەمبەری رێگاكە و ئاسمانی شینی بێ هەوریشم دەدا، تێر دەبووم لە سروشت، بێخەم و بێ بیركردنەوە. هەركاتێكیش شۆفێرەكە هێواشی دەكردەوە، یان سەرنشینەكان و شۆفێرەكە بێدەنگ دەبوون، دڵم دادەخورپا و هەستم دەكرد لەخاڵێكی پشكنین نزیك دەبینەوە، بەتایبەتیش چونكە ئەمجارەیان ترسەكەم زیاتر بوو، بەڵام بێدەنگ بووم و دەمویست هۆكارەكەی لەبیر خۆم ببەمەوە، ئیتر سەیری دیمەنەكانی دەرەوەم دەكردەوە.
دە دەقەیەك رەنگە زیاتریش، پێش ئەوەی بگەینە یەكەم خاڵی پشكنینی حكومەت، كەوتینە بۆسەی كۆمەڵێك چەكداری ریشن. خێرا رووم وەرگێڕا بۆ جامی پێشەوە، لێیان وردبوومەوە، بە سەر و پۆتەڵاكیاندا زانیم ئەوان پێشمەرگەن: وەك پێشمەرگەكانی پێشتر لە گوندی نازەنین و ناوچەكانی تری بینیبوومن، پشتێنەكانیان ئەستور و پان بوون، هەموویان كالەیان لەپێدابوو، لەبری چوار شانە و فیشەكدان، شەش دانە و چەند نارنجۆكێكیشیان بەتاقمە چەرمیەكانیانەوە بەستبوو، مەتارەیەكی ئاو و لایتێكی سەر پان، بەلایەكی تاقمە چەرمییەكانیاندا شۆڕببوونەوە. كەیفم پێهات، رووم گەشایەوە و زۆر حەزم دەكرد بڵێم:
- ئێمەش لەخۆتانین، ئێمەش وەك ئێوەین.
بەڵام لەنێو گەوراندا، منداڵێكی وەك من بۆی نییە دەمی بكاتەوە و قسە بكات، پێویستیشی نەدەكرد چونكە هیچیان نەگوت و سڵاوێكیان لێكردین و هەر بەدەست ئاماژەیان پێداین كە بڕۆین. لەگەڵ تێپەڕبوونی جێبەكەمان، ملم بۆ سووڕاندن و چاوم هەر لەسەریان بوو، كەمێك لەولایانەوە لەژێر سێبەری لەتە شاخێكی گەورە، چوار پیاو كە جلی كوردیی كەتافەی خاكییان لەبەردابوو، سەریان پاك تاشرابوو و هەریەكەیان لەسەر بەردێك دانیشتبوون، هەردوو دەستیشیان لەدواوە بە جەمەدانی یان پەتێك توند بەسترابوو، بەدیاریشیانەوە دوو پێشمەرگە دەست لەسەر چەك وەستابوون و قسەیان لەگەڵدا دەكردن. نەمزانی باسی چیدەكەن، بەڵام گومانم نەبوو كە دیلن و گیراون. كەمێكی پێچوو شۆفێرەكە لە خۆشیی رێگەپێدانمان، تەسجیلە شڕەكەی ئۆتۆمبێلەكەی پێكرد و دەستێكی درێژكرد بۆ سەر داشبوڵەكەی كە بە پارچە پەڕۆیەكی رەنگ مارۆنیی داپۆشرابوو، بەنێو شریتەكاندا گەڕا، یەك دووانێكی سەیركرد و بەدڵی نەبوون و داینانەوە، دانەیەكی تری دیقەتدا، بە هەردوو پەنجەی گەورە و شایەتمان یەك دووجار رایوەشاند و ئنجا خستیە ناو تەسجیلەكە. حەسەن زیرەك دەستی پێكرد:
- بیستومە شیرینیت دەخورێ... لەسەر دڵم بوو بەگرێ....ئاهی من بەدكارمان بگرێ.. ئەی وەی وەی بارانە...
سەرنیشینەكەی پێشەوە، كە پیاوێكی جەمەدانی بەسەر بوو، یەك دووجار بە نەرمیی سەری رەزامەندیی بۆ گۆرانیەكە بادا، ئنجا وردە وردە دەرگای قسەی كردەوە لەگەڵ شوفێرەكە، بەڵام وەك گوێم لێدەبوو هیچی لەبارەی پێشمەرگە و جاش و سەرباز نەبوو، باسی بەرهەمی توتنی ئەمساڵیان دەكرد. بەدرێژایی ئەو رێگەیە، كەس قسەی لەسەر سیاسەت و رەوشی چەكداریی نەدەكرد، چونكە كەس متمانەی بە كەس نەبوو و هەریەكە و حیكایەتێكی خۆی هەبوو، بۆیە یان بێدەنگ دەبوون، یان باسی شتی كەم بایەخی وەك توتن، جێب و دەغڵودانیان دەكرد.
هێندەی نەبرد، دوای چەند پێچێك، دیسان بێدەنگیی باڵی كێشایەوە بەسەر جێبەكەدا، نە حەسەن زیرەك و نە سەرنشینە جەمەدانی بەسەرەكە دەنگیان نەما جگە لەدەنگی مەكینە و خولانەوەی تایەكانی سەیارەكە نەبێت، وەك جاری پێشوو رووم بۆ پێشەوە وەرگێڕا، خەریكبوو دەگەیشتینە خاڵێكی پشكنینی حكومەت. ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازیی زیل و زرێپۆشێك، لەمبەر و ئەوبەری جادەكە وەستابوون، لە چەند تەپۆڵكەیەكی دەوروبەریشی، ژمارەیەك جاش دانیشتبوون و هەندێكیان لوولەی تفەنگەكانیان ئاڕاستەی ئەو ئۆتۆمبێلانە كردبوو كە دەگەیشتنە خاڵی پشكنینەكە. تا دەهات زیاتر دەشڵەژام و ترس زیاتری بۆ دەهێنام. حەزمدەكرد لەو ساتەدا كوشنەكە یان تایەی سپێری جێبەكە بوومایە، یان وەك كاسپەر خۆم ونبكردایە و كەس نەیدیبام. دەستێكم خستە گیرفانی راستی شەرواڵەكەم، ئەمانەتەكە كەوتە ناو لەپی دەستم. لە دڵی خۆمدا دەمگوت چیم بەخۆم كرد! چیم لەو دایكە نەگبەتەم كرد كە ماوەیەك پێش ئێستا، لە خاڵەكانی پشكنینی حكومەت دووجار بەبەرچاوی منەوە لە سەیارە دایانگرتووە و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا كردووە. واقم وڕمابوو، تاوانێكم كردووە كە بە ئاشكرابوونی خۆم و دایكیشم رەنگە جارێكی تر رووناكیی نەبینینەوە. 
وەك جارەكانی پێشوو، سەربازێكی سمێڵ رەش و ئەسمەر، بێری لەسەر، لێمان هاتە پێش و پرسیاری لە شوفێرەكە كرد و لە تەنیشتیشیەوە چەكدارێك بەجلی كوردییەوە بۆی دەكردە كوردی:
*لە كوێوە دێن؟
- هیران
* بۆ كوێ دەچن؟
- هەولێر..
سەرنجێكی لە رووخساری سەرنشینەكەی پێشەوەدا و بەرەو ریزی دووەم هات و جاشەكەش هەنگاو بەهەنگاو بە راست وچەپ لەگەڵی دەجووڵا. ئینجا سەرنجێكی دایكم و هەردوو سەرنشینە ژنەكەی تەنیشتیدا و دەستی چەپی بۆ بێرییە سوورەكەی سەری برد و كەمێك رێكیخست. هەستمكرد سەربازەكە، كە دەستی راستی خستبووە سەر دەمانچەكەی قەدی، لەوە ناچێت زوو رێگەمان بدا تا بڕۆین، لەوە دەچوو خۆی بۆ پرسیار و لێكۆڵینەوە لەسەرنشینانی جێبەكە ئامادە كردبێت. منیش وەكو پەیكەرێكی بچكۆلە، جگە لە گلێنەی چاوەكانم كە بەدوای جووڵەی سەرباز و جاشەكەدا دەسووڕان لەگەڵ ترپەی دڵم، یەك جووڵەی ترم نەبوو، هەناسەشم ئەوەندە هێواشكردبوون، كە تەنانەت خۆشم هەستم بە پڕبوون و بەتاڵبوونی سییەكانم نەدەكرد. هەردوو دەستە بچكۆلە ئارەقاوییەكانم لەیەك ئاڵاندبوون و خستبوومە نێو كۆشم. بیرم لای ئەمانەتەكەی گیرفانم بوو، بیرم لەو وردە ئارەقانەش دەكردەوە كە لەنێوچاوانم دەرهاتبوون و نەمدەوێرا بیانسڕم. 
بیرم بۆ لای گەرمیان چوو، كە رۆژێ پێش گەڕانەوەمان، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكی هاوڕێی، منیان لەبەردەم نانەواخانەی گوند بینی و لەگەڵم كەوتنە قسە و پرسیاركردن. گەرمیان خەڵكی كەركوك بوو، گەنجێكی لاواز و باڵا بەرز، ریشێكی درێژی رەشی هێشتبۆوە و جەمەدانیەكەشی بە دەستووری گەرمیانیانە بەستبوو. لەژێر ریشەكەیدا قوپاویی دەموچاوی و پێستە سپییەكەی هەستیان پێدەكرا. سەرباری ئەو بارە قورسەی هەڵیگرتبوو: كڵاشینكۆفێك كە دوو شانەی فیشەكی بە تێپ بەستراوی لەسەر بوو، لەگەڵ شەش شانەی فیشەك و چەند نارنجۆكێك و دەمانچەیەكیش بەقەدییەوە، بەڵام هەر توندوتۆڵ دەردەكەوت. ئەو كاتەی لە ئەدرەسی منی پرسی، دەركەوت لەهەمان ئەو گەڕەكەین كە ماڵی خوشكەكەی ئەویشی لێیە و نەك هەرئەوەندە بگرە ماڵەكانیشمان لەهەمان كۆڵان بوون و دایكم و خوشكەكەی یەكتریشیان دەناسی. كە گەرمیان لەوەڵامەكانی من ئەوەی گوێ لێبوو، لەخۆشیا شاگەشكە بوو، هەمووان، من و هاوڕێ پێشمەرگەكانی ئەو هەستمان بە خۆشیەكەی كرد، بەڵام زوو لێی دووبارە دەكردمەوە:
- بەڕاستتە؟! چۆن دەبێ شتی وا، لەیەك كۆڵانیشن؟
- بەڵێ..
رووی بۆ هاوڕێكانی وەردەگێڕا و سەیری یەك بەیەكیانی دەكرد:
- ئەمڕۆ خۆشترین رۆژی ژیانمە..سوپاس خوایە گیان.
جارێكی تر، ناوی خوشكەكەی پێگوتمەوە، ناوی مێردەكەی و كوڕەكانی، گەڕەكەكەی و تەنانەت وەسفی رووخساری خوشكەكەشی بۆ كردم:
- مێرەمی خوشكم خاڵێكی گەورە بەسەر روومەتییەوەیە
- بەڵێ، خۆیەتی، دەیناسم.
- چەناگەشی كوتراوە..
-بەڵێ وایە
- كەمێك ئەسمەریشە.
- خۆیەتی
سەری هەڵبڕی و سەیری هاوڕێكانی كردەوە، گوزارشتی دەموچاوی بەجۆرێك بوو وەك ئەوەی بڵێ: بزانن، خۆیەتی، خوا ناردی.
دەستی راستی بردە پشتی و چەكەكەی شانی پێ توندكرد و كەمێك خۆی چەماندەوە، دەستەكەی تری خستە سەر شانم و پرسیی:
- ئەمانەتێكی بچووكم پێیە دەتوانی كە گەڕایتەوە هەولێر بیدەیتە دەست مێرەمی خوشكم؟
- بەسەرچاو، بەڵێ دەتوانم
لە گیرفانی كراسەكەی، زەرفێكی نایلۆنیی تەنكی هێنایەدەرەوە و كردییەوە، رەسمێكی بچووكی خۆی دەركرد، گوتی:
- دەمەوێ ئەو وێنەیەم بۆ بگەیەنیتە دەست خوشكەكەم.
وێنەیەكی پۆرترەیتی بچووكی رەشوسپی بوو، هەر سەر و كەللە و شانەكانی دەركەوتبوون و بە ریش و جلەكانیانەوە دەتگوت ئێستا رەسمەكەی گرتووە. گوتم: بەڵێ باش
- بەڵام نابێ كەس پێی بزانێ، ئەمە نهێنییە
- خەمت نەبێ
جوان لەناو كاغەزێك پێچایەوە و خستیە ناو دەستم. لەخۆشیدا چەند جارێك سوپاس و خۆی بەقوربان كردم. لەوكاتەی زانی خوشكەكەی واتا پوورە مێرەم دەناسم، زەردەخەنە لەسەر دەمی لانەدەچوو، رووخساری گەشابۆوە و وەك ئەوەبوو رۆحی بۆ گەڕابێتەوە. 
لەگەڵ دەنگی سەربازەكە، زنجیرەی بیرم پچڕا و هۆشم هاتەوەخۆ. ژمارەیەك ئۆتۆمبێل، پێنج بۆ شەش لە تاكسی و تایبەت و پیكاب و تراكتۆرێكیش، گەیشتبوونە خاڵی پشكنینەكە و لەپشتمانەوە ریزیان بەستبوو، دیارە بۆ ئەوەی خەڵكەكەش زوو بەڕێبكەن و قەرەباڵغیی زیاتر دروست نەبێت و لەكاتێكیشدا سەرنشینەكانی ئێمە زۆربەی ژن بوون، بۆیە بە كوردییەكی شێواو بە شۆفێرەكەی ئێمەی گوت: بررۆ كاكا.
 ئیتر شۆفێر، لەخۆشیدا وەك ئەوەی جارێكی تر رێگەی بەم جادەوبانە نەكەوێتەوە، زەردەخەنەیەكی گەورەی كرد و دەستی لە جامەكە دەركرد بۆ سوپاسكردن و بۆی دەرچوو، بەڵام لەو دڵخۆشتر من بووم، لەلایەك لەبەرئەوەی لەو دۆخە ترسناكە رزگارمان بوو و لەلایەكی تریش چونكە هەر گەیشتمەوە شار، وێنەی گەرمیان دەگەیەنمە دەست خوشكەكەی. شۆفێرەكە ئیتر بێدەنگی شكاندو رووی لە سەرنشینە جەمەدانی بەسەرەكەی تەنیشتی كرد: 
- هێشتا سەربازەكان باشترن لە جاشەكان، ئەوان كارئاسانی بۆ خەڵك دەكەن، بەڵام جاشەكان خەڵك هەراسان دەكەن!
جگە لە سەرلەقاندنێكی رەزامەندیی، هیچ وەڵامێكی تری دەستنەكەوت. ناچار لەسەری  نەڕۆیشت، دەستی درێژكرد بۆ تەسجیلەكە، شریتەكەی حەسەن زیرەكی دەركرد و هەڵیدایە سەر داشبوڵەكە، بەهەمان دەستی یەك  دووانێكی تری سەیر كرد و یەكێكیانی هەڵبژارد و خستیە سەر تەسجیلەكە. كەمێك مۆسیقا رۆیشت. لاوكێكی غەمبار بەدەنگێكی ناسك و پڕ سۆز دەستی پێكرد باسی بەسەرهاتی شێخ مەحمود و خیانەتی كوردانی دەكرد، هەموومانی خەمبار كرد. تەنانەت من كە بەباشی لە بەستە و وشەكانیش تێنەدەگەیشتم، بەڵام كاریگەریی لەسەر دروستكردم و هەموومان مات و بێدەنگ بووین تا گەیشتینەوە. 
هەر گەیشتینەوە، لەبەردەرگا من لە دایكم جیابوومەوە، خۆم ونكرد. رامكرد بەرە و ماڵی خوشكی گەرمیان. دەمویست هەرچی زووە ئەو ئەمانەتە ترسناكە لەكۆڵ خۆم بكەمەوە و لەهەمان كاتیشدا ئازایەتیی خۆم دەربخەم، كە چ كوڕێكم و لەشاخ گەڕاومەتەوە و هەواڵی خۆشم هێناوە. بەناو لەپم لە دەرگاكەیانمدا، كەس نەیكردەوە. هەر لەخۆمەوە سەیری ئەملا و ئەولام دەكرد وەك ئەوەی ئەركێكی نهێنیی گەورە جێبەجێبكەم. دیسان لە دەرگام دایەوە بەڵام قایمتر. دەرگا كرایەوە مێرەم خان خۆی بوو، بێ ئەوەی فەرموو بكات، چوومە ئەودیو دەرگا و تا بەر هەیوانەكەیان نەوەستام، ئەو هیچی نەگوت و تەنها سەیری دەكردم. منیش بە دڵەڕاوكێوە خێرا دەستم خستە گیرفانم و ئەمانەتەكەم دایە دەستی، بەدەم هەڵپچڕینیەوە گوتی ئەمە چییە:
- ئەوە هی براكەتە، نهێنییە، وتی بیگەیەنە دەستی خوشكم.
كە وێنەكە دەركەوت، بڕوای بە چاوەكانی نەكرد، بۆیە نزیكتری كردەوە. ئەوەندەی نەبرد دایە ڕمەی گریان، گریانێك كە ئێستاش دیمەنەكەیم لەبەرچاو لاناچێت، خەریكبوو منیش بخاتە گریان، كەوتە سەر  ئەژنۆ، دەگریا و وێنەكەی ماچدەكرد، رووی لە ئاسمان دەكرد و دەیگوت:
- خوایە گیان لە تۆ بەزیاد بێت براكەم زیندووە.. 
- سوپاس خوایە دوای چوار ساڵ سۆراخكردن، هەواڵی زیندوێتیی براكەمم پێگەیشت.
چەند جارێك دووبارەی كردەوە و هەنسكی دەدا، چاوەكانی و روومەتی تا ژێر لووتی هەمووی  فرمێسك بوون.  
توند باوەشی بەمندا كرد، تاوێك دەستی ماچكردم و تاوێكیش هەردوو دەستی خستە سەر روومەتەكانم و نێو چاوانی ماچ دەكردم، هەستمكرد دەیویست بزانێت مرۆڤم یان فریشتەم، لەسەریەك كۆمەڵێك پرسیاریكرد:
- كوڕم تۆ كێی؟ 
- ماڵتان لەكوێیە؟
- كەی و لەكوێ كاكەمت دیوە؟ 
- ئەو وێنەیەت لە كوێ دەستكەوت؟
من هەرئەوەی لە مێشكم دامنا بوو، نە كەمتر و نە زیاتر، ئەوەم پێگوت:
- كاكەت پێشمەرگەیە و لە گوندی نازەنین بینیم، سەلامی بۆتان هەبوو، وەزعی باشەو بیرتان دەكات.
- ئەی تۆ كێی كوڕم؟ ناوت چییە؟ ئەی...
لە پرسیارەكانی بەردەوام بوو، بەڵام خۆم لەژێر دەستەكانی راپسكاند و هەر بەڕاكردن، رۆیشتم و گەڕامەوە ماڵەوە. بێ ئەوەی باسی هیچ شتێك نە بۆ دایكم نە براكانیشم بكەم، دەرگای سەلاجەكەم كردەوە و هەندێك ئاوم خواردەوە.
دەزانم ئەوم لەدۆخێكی نالەبار و بێ وەڵامدا جێهێشت، بەڵام ئەوەم دەزانی كە ئەم كارەی من كردوومە، مەترسیی زۆری هەیە، بۆیە پێموابوو باشمكرد خۆم نەناساند و وەڵامی پرسیارە زۆرەكانیشم نەدایەوە، گرنگ ئەوەیە، ئێستا رووخساری براكەی بینیەوە و دوای ئەوەندە ساڵەش لە بێخەبەریی، ئێستا دەزانن زیندووە.
سێ مانگێك دواتر هاوین تەواوبووبوو، رۆژێكیان لە مەكتەب دەگەڕامەوە، بەردەم ماڵی مێرەم قەرەباڵغ بوو، ژنانی دراوسێ بەجلی رەشەوە لەبەردەرگا و لە ژوورەوە هامۆشۆیان بوو. كە گەیشتمە ماڵەوە، دایكم بە دەموچاوێكی خەمبارەوە، كتێبەكانی لێوەرگرتم. پرسیم:
- دایە ماڵی مێرەم خەڵكێكی زۆری لێبوو، چی بووە؟
- كوڕم، براكەی مێرەم پێشمەرگەبوو، هەفتەیەك پێش ئێستا سەربازەكانی حكومەت لە خاڵێكی پشكنین دەستگیریان كرد و دوێنێش لەسێدارەیاندا. 

* بەسەرهاتەكانی ئەم چیرۆكە راستین و تەنها ناوەكان دروستكراوی نووسەرن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان