گۆرانییەکانی عاشقێکی تەنیا

01:15 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
97 جار خوێندراوەتەوە

 

ئیبراهیم هەورامانی

(١)
بریا،
زووتر گەورە دەبووم.
تا زووتر،
تۆم خۆشدەویست!

(٢)
بیر لە نەبونت دەکەمەوە،
دەڵێم،
کاتژمێر،
چ کەڵکێکی هەیە!

(٣)
لە دڵی منا،
دەردو
لە دڵی تۆدا،
مەرهەم هەیە!

(٤)
جوانترین،
شیعرێک تا ئیستا نووسیبێتم،
دوو وشەبوو،
کە هیچ کات،
نە کۆن دەبێت لام،
نە بیر دەچێتەوە.
خۆشم...دەوێی!

(٥)
ئازارەکانی،
ئەم شارە.
لەوەدایە،
تەنیا یادەوەرییەکانت دیارن،
خۆت نا!

(٦)
تەنیایی،
یادگارییەکی تاڵە،
بەڵام،
تامێکی شیرینی هەیە!

(٧)
کە هاتیت،
شەممە بوو.
بڕوام وایە،
هەر حەوت دەرگاکەی بەهەشت،
لە رۆژی شەمماندا دەکرێنەوە!

(٨)
تەنیایی،
مردن دێنێ.
مردنێکی شیرین!

(٩)
بەهار،
بەو هەموو گوڵەوە،
جێی تۆ خاڵی!

(١٠)
کە تۆ نایەیت،
چۆن بزانم،
کەی،
وادەی هاتنی بەهارە؟!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان