بەندی عەلی
پێ دەچێت، لە زێدەکاتی
تەمەندا پیاسەیەك بکەین !
دەنا بۆچی،
نە شەقام پێی خۆشە، پێمان
بۆ چەند ساتێ لەباوەش کات و
نە ئاسمانیش بە هەقی دەزانێ، دوو مژ
لە توورەکەی هەناسەی دەین !
نە منداڵەکانی ئەمڕۆش
گوێ بە دوو چرپەی چیرۆکی
ماجەرای دوێنێمان دەدەن؟!
پێ دەچێ، لەسەر پاکەتی
دیرۆکی بوونمان نووسرا بێت:
بەسەرچووە و
ژەهراوی بوونە گەر ئەمڕۆ
بۆ ژین پێناسەیەك بکەین !
پێ دەچێت، لە زێدەکاتی
تەمەندا پیاسەیەك بکەین !!
خەو دەفڕێت و
چاو هێلانەیەکە، نا جێ ..
خار لەجێی خەن
لەسەر عەردی لێوان دەڕوێ ..
چ رێبوارێکی بەدبەختە ئەو عەیامەی،
خۆیشی نازانێت لە کوێوە
دێ و بەرەو کوێ .. !
ئەو چیرۆکەی
ئەوسا ئێمە دەستمان پێکرد ..
ئاخۆ کێ، کەی، تەواوی بکات ؟!
چیرۆکی نانی دزراو و
نیشتیمانی فرۆشراو و
ژیانێکی لە سەد لاوە ئەتک کراو ..!
تاکو ئەمڕۆش لێم دەپرسن؛
چی گابەردی شاخی دڵی
کردیت .. بە ئاو ؟!
چەند بێ تام بێ ئەم ژیانە
دڵێکی بێ عاری دەوێ ..
بۆ ئەوەی رێبکەی بە نێویا،
کەمێ خوێی ئارەقەی شەرم و
چۆڕێ ئاوی لیمۆی عەقڵ و
یەك دوو دڵۆپ
هەنگوینی سەرزاری دەوێ!