سەدیق سەعید ڕواندزی
بە درێژایی مێژووی میرنشینی سۆران، یەك شاعیر دەرنەكەوت، كەچی نالی و سالم و كوردی لە سلێمانی دەردەكەون، حاجی قادر لە شارێكی دواكەوتووی ئەو سای وەك كۆیە كە وەك رواندز پایتەختی هیچ میرنشینێكیش نەبووە دەردەكەوێت و گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە جیهانبینی شیعری كوردیدا دێنێتە ئاراوە
لە هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، دوو لە دیارترین شاعیر، بە دوو ئەزموونی جیاواز و بە دوو جیهانبینی جیاوازەوە لە هەولێر دەركەوتن و توانیان دابڕانێك لە نێوان خۆیان و ئەوانیتر دروست بكەن و جیاواز بكەونەوە، ئەوانیش سەعدوڵا پەرۆش و عەباس عەبدوڵا یوسف بوون. ئەم دوو شاعیرە، دوو دەركەوتەی نوێبوون لە مێژووی شیعری هەولێردا، كە بەراورد بە شاری سلێمانی نەك مێژووێكی هەژاری شیعری هەیە، بگرە سەرەتاكانی شیعر لەو شارەدا لە نیو سەدەیەك بەولاوە نییە، لە كاتێكدا لەگەڵ دروست بوونی سلێمانی، چەندان شاعیری وەك نالی و سالم و كوردی دەردەكەون، كە دوو سەدەیە ناویان بە نەمری ماوەتەوە. بزووتنەوەی شیعری لە هەولێر، بە دیاریكراوی لە شەستەكانەوە لە سەر دەستی پەشێو دەردەكەوێت و دواتر هەر یەك لەم دوو شاعیرە، بە ئەزموونی نوێوە درێژە بەو كولتوورە شیعرییە دەدەن، كە لە هەولێر سەریهەڵدابوو. ئەم دوو شاعیرە، كە وەك دوو نموونەی داهێنەرانە دەركەوتن، زۆر بە خێرایی و دراماتیكی ناسران و هەر بەو خێرایەش كۆتایان هات. پەرۆش لە دوای شەوانی تەنیایی و عەبدوڵا عەباس لە دوای ئاو ولم نیازمە، نەیانتوانی درێژە بەو ئەزموونە شیعرییە نوێیەی خۆیان بدەن. لە ڕاستیدا، دیاردەیەك لە شیعری زۆربەی شاعیرانی هەولێر هەیە ئەویش ئەوەیە، ناتوانن جوگرافیای هەولێر تێپەڕێنن و وەك شاعیری هەموو شوێن و شارەكان بناسرێن و دەربكەون. بە بەڵگەی ئەوەی، لە دوای ئەو ئەزموونانەوە، كێ پەرۆش و عەباس عەبدوڵای بیر ماوە؟ مەبەست لە نێو شاعیران و بژاردە ئەدەبییەكە نییە، بەڵكو وەك خوێنەری شیعر و هەواداری شیعر. ئەمە بەو مانایە نییە كە شاعیرانی هەولێر ئەزموونی جوان و داهێنەرانەیان نەبێت، بەڵكو بەو مانایەی لە بەر هەر هۆیەكەوە بێت، وەك شاعیرانی دیكەی سلێمانی بە نموونە، ناتوانن شوناسێكی شیعری سەرتاسەری وەربگرن. بۆ نموونە: یەك ژنە شاعیری هەولێر نییە لە سەر ئاستی هەموو شارەكانی كوردستان ناسرابێت، بەڵام كەس نییە كەژاڵ ئەحمەد لە كفرییەوە تا زاخۆ نەناسێت. كە باس لە شێركۆ بێكەس، دلاوەر قەرەداغی، جەمال غەمبار دەكەین، سلێمانیمان نایەتە بەرچاو، كە باس لە رەفیق سابیر دەكەین، كۆنە لاتەریك و پەرپووتەكانی قەلادزێمان نایەتە بەرچاو، بەڵكو تەنها شیعرەكانیان دەبینین و دەخوێنینەوە. كەچی كێ پیرباڵ مەحمود دەناسێت كە لە پەنجاكانەوە لە هەولێر شیعری دەنووسی؟ كێ جەلال بەرزنجی بیر ماوە؟ كە بە ئەزموونێكی جوانی سەمای بەفری ئێواران دەركەوت و شوێنی خۆی لە نەخشەی شیعر گرت. سامی شۆڕشی بیر ماوە، كە دەنگێكی دیار و جوانی هەفتاكانی هەولێر بوو، بەڵام بە ئێستاشەوە (سەلام محەمەد)ی كەركوكی و (فەرهاد شاكەلی)ی كفری هەر ماون و شیعریان دەخوێنرێتەوە. لە دوای شەوانی تەنیایی كێ پەرۆشی بیرما؟ ئایا ئەم شاعیرە توانی درێژە بەو ئەزموونە شیعرییە تازەیەی خۆی بدات و بەردەوام بێت لە داهێنانی شیعری؟ بێگومان نەخێر. عەباس عەبدوڵا یوسف توانی داهێنانی دیكەی شیعری بكات؟ تەنانەت من لەو ماوانەی رابردوودا، دیمانەیەكی ئەم شاعیرەم لە گۆڤاری دیوان دا خوێندەوە، كە تەنانەت پەشیمانە لەوەی وەك شاعیرێكی یاخی هەفتاكانیش دەربكەوێت و لەوەی نوێگەر و دابڕاو بووە لە ڕووی كەسی و كۆمەڵایەتی و دەڵێت ئێستا من موڵكی خێزانەكەم، ناتوانم لە دەرەوەی ئەوان رەفتار بكەم و بیر بكەمەوە. بەوەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە ئەم شاعیرە چۆن لە سەرەتادا، تەنها یاخیبوونێكی رووكەشانەی هەبووە. لە بەرانبەر ئەمەدا، كێ توانی وا لە شێركۆ بێكەس بكات، بگەڕێتەوە سەر ئایین و لە گۆڕستانی ئاسایی مردووەكان بنێژرێت و نوێژێك بكات تا مردیش! لە شەستەكاندا عەبدوڵا پەشێو توانی شوناسێكی كوردستانییانە وەربگرێت و جوگرافیای هەولێر ببڕێت، كەچی ئێستا زۆر بە دەگمە شاعیرانی هەولێر دەتوانن ئەم شوناسە وەربگرن. فەرهاد پیرباڵیش كە لە سەر ئاستی كوردستان ناسراوە، لە سۆنگەی ئەزموونە شیعرییەكەیەوە نییە، كە ئەزموونێكی سادە و ساكاری هەیە، بەڵكو بە هۆی هەڵوێستە سەیر و نامۆكانییەتی كە لە رێگەی سۆسیال میدیاوە دەینوێنێت. جێگەی سەرنجە، ئەم دیاردەیە لە هەولێر، تەنها لە شیعردا هەیە و لە ژانرەكانی دیكە نین. كەس (كاروان كاكەسوور) بە چیرۆكنووسێكی هەولێری نابینێت. شێرزاد حەسەنیش وەك چیڕۆكنووسێكی كوردستانی دەناسرێت، لە كاتێكدا خۆی لە تەیراوەی هەولێر لەدایكبووە و ژیاوە، كەچی توانی جوگرافیای هەموو شارەكانی كوردستان ببڕێت و نوێگەرییەك لە چیرۆكی كوردیدا بێنێتە ئاراوە، كە خوێنەرەكانی هەر تەنها هی سلێمانی نەبن، بەڵكو هی هەموو كوردستان بن. بە بڕوای من، ئەم دیاردەیە لە شیعری شاعیرانی هەولێردا، مایەی هەڵوەستە و پرسیاركردنە، وەك وتم ئەمە مانای وانییە ئەزموونی جوان و داهێنەرانەیان نەبێت، بەڵام ناتوانن بەردەوام بن وەك ئەوەی لە ئەزموونی پەرۆشەوە بینیمان. ئەمە رەنگە بەشێكی زۆری پەیوەندیی بە نەبوونی ئەو كولتوور و مێژووە شیعرییەوە هەبێت كە لە هەولێر هەیە، كە وەك وتمان بەراورد بە سلێمانی مێژووێكی شیعری درێژی نییە، لە كاتێكدا دوو سەد ساڵ لەمەوبەر نالی لەوێ هەبووە. ئەمە رەنگە بۆ شوێنەكانی دیكەش وابێت، سەرنج بدەن بە درێژایی مێژووی میرنشینی سۆران، یەك شاعیر دەرنەكەوت، كەچی نالی و سالم و كوردی لە سلێمانی دەردەكەون، حاجی قادر لە شارێكی دواكەوتووی ئەو سای وەك كۆیە كە وەك رواندز پایتەختی هیچ میرنشینێكیش نەبووە، دەردەكەوێت و گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە جیهانبینی شیعری كوردیدا دێنێتە ئاراوە، كە بە گوتاری دوای نالی ناو دەبرێت، كە چی بەو هەموو توانا و ڕووبەڕوو دەسەڵاتەی میرنشینی سۆران، یەك شاعیر دروست نەبوو، من نازانم هۆكاری ئەمانە چییە، بەڵام ئەوە دەزانم لە هەر شوێنێك، كولتووری خوێندنەوەی شیعر و خوێنەری شیعر نەبوو، شاعیران ناتوانن درێژە بە ئەزموونە شیعرییەكانی خۆیان بدەن، كە ئەم كولتوورە لە سلێمانی هەیە، ئەمە ڕاستییەكە ڕەنگە دڵی زۆر كەس بڕەنجێنێت، بەڵام نابێ لە پێناو ڕازیكردنی دڵی هیچ كەسێك مرۆڤ چاو لە راستی بپۆشیت.