سازدانی: حسێن عەزیز
ئاشتی ساڵح ساڵی 1997 لەدایکبووە و لە شاری کەلار دادەنیشێت، ساڵی 2019 کۆلێجی پەروەردە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی تەواو کردووە، ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی کاری وەرگێڕانە لە بواری منداڵان و ئەدەب -دا و خاوەنی حەوت بەرهەمی چاپکراوە کە هەندێکیان لە کتێبە پڕفرۆشەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب بوون لە هەولێر و سلێمانی، هەروەها مامۆستای زمانی ئینگلیزییە، بەم دواییانەش دەستی کردووە بە نووسینی تێکستی کوردی و کورتە چیرۆک بە زمانی ئینگلیزی، هەروەها شیعرێکی لە گۆڤاری Festival poetry دا بڵاوکراوەتەوە.
وەرگێڕان پەیوەندیدار نییە بە خەڵکەوە، چونکە کتێب بۆ خەڵک نییە، بەڵکو بۆ خوێنەرە، گرنگیش ئەوەیە ئەمانەتی وەرگێڕانەکە پارێزراو بێت و مەبەستی نووسەرەکە بگات بە خوێنەر
نووسینی کورت و فیلمم وەردەگێڕا
ئاشتی سەبارەت بەوەی کەی دەستی بە وەرگێڕان کردووە و لە چ بوارێکدا بووە وتی: لە سەرەتادا نووسینی کورت و فیلمم وەردەگێڕا، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2019 ەوە یەکەم بەرهەمم وەرگێڕا، ئەویش کتێبی (پیتە سوورەکە)ی ناتانیەڵ هاوتۆرن بوو.
ئەو دەڵێت: ئامانجم لە وەرگێڕان هەوڵدانە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە کتێبخانەی کوردیدا هەن، هەندێک کات کە کتێبێکی ئینگلیزی دەخوێنمەوە، دەگەڕێم بزانم بۆشایی ئەو بوارەمان هەیە، بۆئەوەی بیخەمە پرۆژەی وەرگێڕانەکانمەوە. هاوکات دەربارەی وەرگێڕانی پێچەوانەوە رای وایە هێندە ئاسان نییە، پێویستی بە هەماهەنگی هەیە لەنێوان دەزگاکانی کوردستان و دەزگاکانی دەرەوە، چونکە وەرگێڕانی بەرهەمێکی کوردی بۆ ئینگلیزی بەس نییە، بەڵکو زەحمەتییەکە لەدوای ئەوەوە دەست پێ دەکات. ئایا کام دەزگا لە دەرەوە چاپی دەکات و بڵاویدەکاتەوە و ریکلامی بۆ دەکات؟ هەموو ئەمانە پرسیارن و ئاستەنگی گەورەی بەردەم وەرگێڕانی پێچەوانەن، جگەلەوەی تێچوویەکی زۆری دەوێت.
خوێنەر بەپێی پێویست نییە
سەبارەت بە خوێنەری کورد، ئاشتی رای وایە: لە کوردستان خوێنەر بەپێی پێویست نییە بۆ هەموو بوارەکان، بەڵام بۆ بابەتە وێژەییەکان زیاترە هەم گرنگە بۆ کتێبخانەی کوردی، هەمیشەش لە گۆڕانکاریدایە و داهێنانی نوێی تێدا دەکرێت، لە هەموو سەردەمێکیشدا خوێنەری خۆیان هەیە و رێژەکەی نەگۆڕە.
لەبارەی رێگرییەکانی بەردەم وەرگێڕ وتی: رێگری زۆر هەن، یەکێک لەوانە دەزگاکانی چاپە کە بەپێی خواستی خۆیان داوای بەرهەم لە وەرگێڕ دەکەن، نەک ئەوەی وەرگێڕ سەرپشک بکەن چی وەربگێڕێت، ئەمە جگە لەوەی چەندین وەرگێڕ هەن هەلی ئەوەیان پێ نەدراوە تەنانەت کتێبێکیش چاپ بکەن، چونکە بەداخەوە بەشێکیان بڵاوکردنەوەی کتێبی بازرگانییان لەلا گرنگە، نەک بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک سوود بە مەعریفەی خوێنەر بگەیەنێت.
هاوکات ئاشتی پێیوایە پرۆسەی رۆشنبیری و وەرگێڕان و کتێب پەیوەندیدار نییە بە خەڵکەوە، چونکە کتێب بۆ خەڵک نییە، بەڵکو بۆ خوێنەرە و وەرگێڕیش کاری خزمەتکردنی خوێنەرانە جا هەزاران خوێنەر هەبن، یان بیست خوێنەر، گرنگ ئەوەیە ئەمانەتی وەرگێڕانەکە پارێزراو بێت و مەبەستی نووسەرەکە بگات بە خوێنەر.
هەروەها رای وایە لە هەر بوارێک وەرگێڕان بکەیت، پێویستە زانیاریت لە بارەیەوە هەبێت و لەو بوارەدا خوێنەرێکی باش بیت، چونکە تەنها زانینی زمان نابێتە هۆکاری ئەوەی دەست بۆ هەموو کتێبێک ببەیت، بەتایبەت ئەگەر وەرگێڕ هەوڵ بدات خۆی لە یەک بواردا ببینێتەوە زۆر لەوە گرنگترە وەرگێڕان بۆ هەموو بابەتێک بکات.
بزانی چی وەرنەگێڕدریت
هاوکات کەسێک کە دەبێتە وەرگێڕ سەرەتا پێویستە زمان بزانێت، هەڵبەتە من پێموایە ئەوەی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕان دەکات، سەرەتاییترین هەنگاو زانینی زمانی کوردییە، پێش زمانی دووەم دەبێت بەباشی شارەزای زمانی کوردی بین، دواتر پێویستە وەرگێڕ خوێنەرێکی باش بێت، تا ئاگادار بێت چی پێویستە وەریبگێڕێت و هۆشیار بێت لەوەی کتێبخانەی کوردی چی پێویستە، لە هەمووشی گرنگتر تەنیا ئەوە نییە بزانیت چی وەربگێڕیت، بەڵکو بزانی چی وەرنەگێڕیت.
سەبارەت بە کاری وەرگێڕان ئاشتی دەڵێت: قورسترین بەرپرسیارێتییە و بەڕای من لە خودی نووسین قورسترە، چونکە نووسەر یەکجار بیرۆکەکەی دەنووسێتەوە، بەڵام وەرگێڕ دەبێت ئاگادار بێت، غەدر لە نووسەر نەکات لەکاتی وەرگێڕاندا، هەروەها غەدر لە خوێنەری زمانی دووەمیش نەکات.
دواجار لەبارەی ئەوەی ئایا لە کوردستان وەرگێڕان دەبێتە هۆی پەیداکردنی بژێوی؟ ئەو رای وایە نەخێر، ئەوەش بەهۆی نەبوونی مافی نووسەر و وەرگێڕ لە دەزگاکاندا، هەروەها بەهۆی نەبوونی سەندیکایەک پارێزگاری لە وەرگێڕەکان بکات، تەنانەت جاری وا هەیە زەرەری ماددیی لە وەرگێڕ دەکەوێت و لەسەر ئەرکی خۆی کتێبەکە چاپ دەکات.