کاتێک دەمانەوێ درەختێک ببڕینەوە!

11:40 - 2024-09-01
ژینگە
115 جار خوێندراوەتەوە

مەعروف مەجید

کاتێک باسی مەترسیی دار و درەخت بۆ نەوەکانمان دەکەین:
رۆڵەکانم، باش بزانن، دار و درەخت دوژمنی مرۆڤایەتین، تکایە ئەوەی دەیبینن و ناوی درەختە، لە هەر شوێنێک بوو، بیبڕنەوە، بیسوتێنن یان لە رەگەوە دەریبهێنن.
ئەوەش بزانن، کە دارودرەخت بۆچی باشە؟ تەنیا سێبەرەکەی لە هاویناندا ئۆتۆمبێلی لەژێردا رابگرین یان لە وەرزی سەرما و سۆڵەدا بۆ بڕینەوە و پاشان سووتاندن بەکاریبێنین.
سودێکی تر کە دەیبڕینەوە، دەیکەین بە کورسی و لەسەری دادەنیشین.
ئاخر پێم ناڵێن، سوودی درەخت چییە! بەتایبەتی وەرینی گەڵاکەی، ئەو قیر و کۆنکرێتە جوانەمان لێ تێک دەدات و دیمەنە جوانەکەی ناهێڵێت، بۆیە باشترین کار ئەوەیە لە ناو کۆڵان و ماڵاندا، بیانبڕینەوە.
ئێوە دەزانن، ئێمەی مرۆڤ گۆشتخۆرین، ئەی ئەگەر دار و درەخت نەبڕینەوە، گۆشت و ماسی بە چی ببرژێنین؟
 دەزانی ئەو دارانە چەند جوانن دەیان بڕینەوە و دەیانکەین بە خەڵووز! بڕواتان هەبێ چایەک بە خەڵووز بکوڵێنرێ، تامی سەد چای تری هەیە، ئەو هەموو دارە هەیە گوناح نییە نەوت و غاز و کارەبا بەکاربهێنین؟

بۆچی نەوت بکڕین؟
لە لایەکی دیکەوە، خۆتان دەزانن، ئێمە وڵاتێکی هەژارین، حکومەتیش کارئاسانی بۆمان کردووە، بۆچی نەوت بە دووسەت هەزار بکڕین؟ ئەو هەموو درەختە جوان و بەتەمەنانە هەن، بۆ پێش سەدان ساڵ دەگەڕێنەوە، بڕواتان هەبێ، بەس ئاگریان بەربکەوێ، رێک گڕ دەگرن، هەروەک خۆتان دەزانن، لەڕووی تەندروستیشەوە لە سووتاندنی نەوت باشترە، کەستان بینیوە بە دووکەڵی دار بخنکێت؟ کەچی ساڵانە چەندین کەس بە دووکەڵی زۆپا و غاز دەخنکێن. حکومەت ئاگای لێ نییە، ئیتر بۆ ئێمەش ئەو کارە نەکەین.
ئەگەر دار و درەخت نەبێ، ئاگریش ناکەوێتەوە. خۆتان دەزانن، هەر خۆشیانن کاتێ تووڕە دەبن و دڵی یەکتر دەڕەنجێنن، ئاگر لە خۆیان بەردەدەن. ئیتر کاتێ ئەو کارە دەکەن، مەترسیی بۆ سەر ژیانی مرۆڤە بێزیانەکانیش درووست دەبێت، دوکەڵێکی زۆر دروست دەبێت و چەندین خانوو و شوێنی حەوانەوەمان دەسوتێن، بەهۆی دووکەڵەکەیانەوە سیمای ئاسمانیش تێکدەچێت.
زیانێکی تری دار و درەختەکان، هەموان دەزانین ساڵانە بە هەزاران مرۆڤ گیان لە دەستدەدەن، بە هۆی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆکەکانەوە. ئەگەر ئەم دارانە نەبن، ئەوا ئەوانیش هیچ شوێنێکیان نامێنێ و کۆتاییان پێ دێت، بەس پێم بڵێن: سوودی ئاژەڵەکان چین؟ سوودی باڵندەکان چین؟ بۆیە ئەگەر دەتانەوێ ئێوەی مرۆڤ لەناو نەچن بە دەست ئاژەڵەکان، باشترین کار نەهێشتنی درەختەکانە. 
زیانێکی تری زۆربوونی درەختەکان، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئێمەی مرۆڤ زیاد دەکات، ئەوانیش زیاد دەکەن، کەواتە ئەوها بڕوات، جێگەی ئێمە لەم زەوییە فراوانەدا نابێتەوە. ئەی باڵەخانەی سەدان نهۆمی و ڤێللای دەیان دۆنمی و کارگەی زەبەلاح و شەقامی فراوان و فڕۆکەخانە و بازاڕی هاوچەرخ لە کوێ درووست بکەین!.

دیمەنێکی ناشیرینی هەیە
خۆتان دەزانن، وڵاتی خۆمان کوێستانە و ساڵانە بەفری لێ دەبارێت، درەختیش لە زستاندا دەبێتە هۆی وەرگرتنی پلەی گەرمیی، کەواتە گەرمیی ئێمەش بۆخۆیان دەبەن، باشترین کار بڕینەوەیانە بۆ ئەوەی بێبەش نەبین لە گەرما لە زستاندا.
دیمەنێکی تری ناشیرینی درەخت، ئێوە لە هاوین و پایز سەیری گەڵای ئەو دارانە بکەن، بزانن چ تۆز و خۆڵێک لە خۆیان دەگرن، دیمەنی شاریان تێکداوە، ئەگەر ئەوان نەبن ئەو تۆز و خۆڵە جوانە بەناوماندا بڵاو دەبنەوە، کەواتە بۆ ئەم کارەش بڕینەوەیان، باشترین چارەسەرە.
تێبینی: ئەمەی من نووسیومە، پێچەوانەکەی راستە.

*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە    

بابەتە پەیوەندیدارەکان