عیراق لە رێگەی رێكخستنەوەی باجەوە داهاتە نانەوتییەكانی زیاد دەكات

10:02 - 2024-09-03
ئابووری
107 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

گۆڕینی ئابووریی عیراق لە تاك سەرچاوەییەوە بۆ فرە سەرچاوەیی یەكێكە لە گەورەترین ئاستەنگەكانی بەردەم حكومەت، پسپۆڕانی ئابووریش پێیان وایە یەكێك لەو رێگایانەی دەكرێ ئەو گۆڕانكارییەی پێ دروست بكرێت رێكخستنەوەی باجە، بە شێوەیەك لەگەڵ دۆخی ئابووریی و كۆمەڵایەتی ئەمڕۆی عیراقدا بگونجێت.
د. عەبدولكەریم ئەلعیساوی لەوبارەیەوە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: ئابووریی عیراق تا ئێستا بە شێوەیەكی رەها ئابوورییەكی قازانجخواز و تاك سەرچاوەیە و بە رێژەی %96 پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، هۆكارەكەشی روون و ئاشكرایە كە سیاسەتی هەڵەی ئابوورییە. 

هەر كاتێك دەوڵەت سیستمێكی باجی هاوسەنگ و گشتگیری هەبوو، ئەو كاتە داهاتی گشتی دادپەروەرانە بەسەر هەموو چین و توێژەكانی عیراقدا دابەش دەبێتەوە و سەرەنجام دادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە 

ئێستا ناكارایە و گەندەڵیش زۆرە
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردن، سیستمی باجی عیراق ئێستا ناكارایە و گەندەڵیش زۆرە لەبەرئەوە ناتوانێ بەشداریی بكات لە زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان و پێویستی بە رێكخستەوە هەیە. جەختیشی كردەوە كە سەپاندنی باج بەرپرسیاریی نیشتمانییە و سەبارەت بە هاووڵاتیانیش دانی باج ئەركێكی نیشتمانییە، هەر كاتێكیش دەوڵەت سیستمێكی باجی هاوسەنگ و گشتگیری هەبوو، ئەو كاتە داهاتی گشتی دادپەروەرانە بەسەر هەموو چین و توێژەكانی عیراقدا دابەش دەبێتەوە و سەرەنجام دادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە. 
د. وەفا ئەلمەهداوی شارەزا لە كاروباری ئابووریدا لەو بارەیەوە دەڵێ: سیستمێكی باشی دارایی پێویستیی بەوەیە تێكڕای باج هاوسەنگ بێت لەگەڵ تێكڕای خەرجییەكانی هاووڵاتی و بەشێكی دیاریكراویش بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دانەبەزێت. ئەو پسپۆڕە رەخنەی لە سیستمی باجی ئێستا گرت و دەڵێ: بەخشینی هەندێك لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەبێتە هۆی داخورانی باج و وردە وردە كەمبوونەوەی توانای سندوقی باج.

پێویستە سەرجەم سێكتەرە ئابوورییەكان كارا بكرێنەوە
پێشتر د. مەزهەر محەمەد راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاندبوو، كە عیراق لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكانی چاكسازیی لە سیستمی باجدا دەكات و میتۆدێكی نوێ دەگرێتەبەر بۆ رێكخستنەوەی سیستمی باج.
هەڵبەت رێكخستنەوەی باج یەكێكە لە رێگاكانی زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان، بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوەشی سەركەوتوو بێت، هێشتا زۆری ماوە بۆ هاوسەنگكردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی، چونكە دەبێ كەرتی تایبەتیش بە رادەیەك كارا بكات، كە هاوسەنگ بێت لەگەڵ كەرتی گشتیدا بۆ بەشداریی لە چالاكییە ئابوورییەكاندا، هەروەها كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریش دەبێ وەگەڕبخرێن و بەشدارییان لە ئاست سەنگ و كاریگەریی راستەقینەی خۆیاندا بێت، كە هیچ ئابوورییەك بەبێ پەرەسەندنی ئەو كەرتانە سەركەوتوو نابێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی سەباح

بابەتە پەیوەندیدارەکان