سەعاتی كاركردن لە ژاپۆن

كارمەندان لە روویان نایەت دەست لە كار بكێشنەوە

10:11 - 2024-09-03
ئابووری
82 جار خوێندراوەتەوە
كاركردنی كارمەندێكی ژاپۆنی تا رادەی شەكەتبوون

ل: ئابووری

لە ژاپۆن، كە چوارەم ئابووریی گەورەی جیهانە، كاری ئاسایی رۆژانەی هەندێك لە دامەزراوەكان لە رۆژێكدا 12 سەعاتە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لەو دامەزراوانە پێیان كەمە و چاوەڕێی كاری زیاترن لە كارمەندانیان، لەبەرئەوەی كەلتووری كار لەو وڵاتەدا بە جۆرێكە كرێكار یان كارمەند رێز لە بەڕێوەبەرەكەیان دەگرن، زۆر جار ئەگەر بێزاریش بن لە كارەكەیان لە روویان نایەت دەست لە كار بكێشنەوە، سەرەنجام ئاژانسی (مۆمۆری) دامەزرا، تا وەك بریكاری كرێكار و كارمەندەكان بێتە پێشەوە و لەبری ئەوان دەست لەكاركێشانەوە پێشكەش بكات، لە بەرامبەر بڕێك پارەدا كە رەنگە پارەی ئێوارەخوانێكی شاهانە بێت.
لەوە زیاتر ناتوانم
شیۆری كاواماتا بەڕێوەری پرۆسەكان لە (مۆمۆری) دەڵێ: تەنیا لە ساڵی رابردوودا 11 هەزار پرسیاریان لەبارەی چۆنێتی دەست لە كاركێشانەوەوە پێگەیشتووە. (مۆمۆری) بە ژاپۆنی واتە (لەوە زیاتر ناتوانم بەردەوام بم)، ئەم دامەزراوەیە لە بەرامبەر 150 دۆلاردا، بەڵێندەدات بە كارمەندان كە هاوكارییان بكات لە دەست لە كاركێشانەوەیاندا، چونكە دامەزراوەكان دەست لە كاركێشانەوەكەیان وەرناگرن، تەنانەت ئەگەر لەسەر چۆكیش بپاڕێنەوە، لەوەش خراپتر هەندێك لە بەڕێوەبەران گێچەڵ بەو كارمەندانە دەكەن كە هەوڵی دەست لە كاركێشانەوە دەدەن.

كار دەگاتە خۆكوشتن
كەلتووری كاری زۆر و تاقەتپڕوكێن لە ژاپۆن، كەلتوورێكی باوە و تەنانەت زۆر كارمەندان سەرباری سەعاتی كاری خۆیان كاری زیادەش دەكەن، ئەمە وایكردووە دیاردەیەك سەرهەڵبدات بە ناوی (كارۆشی)، واتە مردن بەهۆی كاری زۆرەوە. بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی و كاری ژاپۆن 54 كەس لە ساڵی 2022دا بەهۆی كاری زۆرەوە مردوون. كارمەندێكی 31 ساڵی دەزگای ئێزگەی نیشتمانیی ژاپۆن لە ساڵی 2017دا بەهۆی كاری زۆرەوە گیانی لەدەستدا، لەبەرئەوەی مانگی پێش مردنەكەی جگە لە سەعاتی كاری ئاسایی خۆی 159 سەعات كاری زیادەی كردبوو. پێنج ساڵ دوای ئەوە پزیشكێكی 26 ساڵیش بەهۆی گوشاری زۆرەوە خۆی كوشت، لەبەرئەوەی لە یەك مانگدا 200 سەعات كاری زیادەی كردبوو.
سەرچاوە: CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان