لینا عوسمان: هەندێك كەناڵ، كەلتوری نەتەوەكەمان دەشێوێنن

11:33 - 2024-09-03
دیدار
65 جار خوێندراوەتەوە

لینا عوسمان حەمەحوسێن ساڵی 1988 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و بڕوانامەی دیبلۆم لە نواندن، لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی وەرگرتووە و بەكالۆریۆسیشی لە زمانی شانۆ لە كۆلێژی هونەر لە دهۆك وەرگرتووە و لە ساڵی 2008 وە لە ناو راگەیاندندا كار دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا لە تەمەنێكی بچووكەوە وەك ئەكتەر لەناو بەرنامە منداڵاكانی كەناڵی ئاسمانی كوردسات و چەند كەناڵێكی دیكە كاری كردووە.
لیــــنــــا عوســــــــمان، پێشکەشکاری کەنــــاڵی ئاسمانی گەلی کوردستان بەدوالاپەڕەی وت: بە هۆی كاری دۆبلاژەوە ئاشــــنای رایگەیاندن بووم، بەهۆی كاری دەنگییەوە، چەندین كەناڵ داوای كاری بێژەرییان لێكــــردم كە سوپاسی هەموویان دەكەم. تا ئێستا تەنها دوو خولی راهێنانم بینیوە كە زۆریشم سوود لێ بینیوە. 
 سەبارەت بە كاری بێژەری وتیشی: بێژەری سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە بە خۆشەویستی و راستگۆیانە كارەكانی خۆی بكات و هەوڵی تازەگەری بدات لە سنوور و هێڵی خۆیدا، چونكە راگەیاندن بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگەیە و نابێت ئەو بڕبڕەیە كلس بكات، یان ئازاری پێبگات. تا ئێستا لە چەندین بەرنامەدا وەك پێشكەشكار كارم كردووە.
لینا عوسمان لەبارەی رۆڵی راگەیاندن وتیشی: وەك دەزانین راگەیاندن هۆكاری بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگەیە، بۆیە پێویستە سات لە دوای سات گۆڕانكاری لە راگەیاندن بكرێت، لەبیریشمان نەچێت كە پێویستە كەلتوری نەتەوەكەمان لە لایەن راگەیاندنەكانەوە زیاتر گرنگیی پێبدرێت، چونكە چەندین دامەزراوە و كەناڵ هەن كە كەلتوری وڵاتانی دیكە دەخەنە ناو كەلتوری ئێمەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پشێوی و ئاڵۆزی لەناو كۆمەڵگەدا. لە ئێستادا كۆمەڵگە پێویستیی بە چەندین بەرنامەی خەمڕەوێن و كورت و پوخت و پڕ زانیاری هەیە.
ئالان محەمەد جەزا

بابەتە پەیوەندیدارەکان