لە میدیای سورییەوە

12:13 - 2024-09-03
جیهان
188 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكردنی: فەتحوڵڵا حسێنی

״چارەسەر لە سوریادا روون نییە״
رۆژنامەی (الوطن) لێدوانی رۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە سوریای گواستۆتەوە و باس لەوە دەكات «بەدڵنیاییەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەك هەڵەی كردووە لە سوریادا» باڵیۆزی ئەمریكا جەخت لەوەش دەكاتەوە: چارەسەری سیاسیی سوریا لەلای لێپرسراوانی سوریایە، نەك ئەمریكا.
فۆرد لە لێدوانەكەیدا رایگەیاندووە: چارەسەر لە سوریا روون نییە و پێمانوایە كە رۆژێك دێت هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی سوریا دەكشێنەوە، وەك روونە (جۆ بایدن) وەك سەرۆكی ئێستا، هێزەكان ناكشێنێتەوە، بۆ كامالا هاریس دڵنیانیم، بەڵام گەورەترین ئەگەر ئەوەیە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بگاتە كۆشكی سپی، ئەوا هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنێتەوە.

״داهاتوو بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە״
رۆژنامەی (تشرین) ناوەڕۆكی دیداری بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریای لەگەڵ باڵیۆزان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان لە دیمەشق بڵاوكردۆتەوە و تێیدا هاتووە «داهاتوو بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە»، لە كۆبوونەوەكەدا ئەسەد تەئكیدی لەوەشكردۆتەوە «مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە هەڵواسراوانەی ئێستا لە سوریادا هەن، پەیوەستە بە هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی و مێژوویی سوریاوە كە بووەتە یەكێك لە سەنگەرەكانی جەنگ».
ئەسەد جەختی لەوەشكردۆتەوە، هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی لە وڵاتەكەماندا هەن بەرهەمی نەبوونی ئارامی و سەقامگیرییە و ململانێی وڵاتانیش لە ئەمڕۆی سوریادا ململانێیەكی ئابووری و تەكنەلۆژییە، بەتایبەت خۆرئاوا كۆنترۆڵی خۆی بەسەر خۆرهەڵاتدا لەدەستداوە، ئەسەد وتوویەتی «داهاتوو هی خۆرهەڵاتە، چونكە توانیویەتی بنەما و شوناسی خۆی بپارێزێت».

״ئەمریكییەكان هیچ قەیرانێك چارەسەر ناكەن״
ئاژانسی (سانا)ی سوری، لێدوانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیای گواستۆتەوە و دەڵێت: ئەمریكییەكان هیچ كێشە و قەیرانێك لەسەر ئەم زەوییە چارەسەر ناكەن و بەدڵنیاییەوە سزاكانی ئەمریكا و خۆرئاوا بۆ سەر گەلی سوریا زیاتر بارودۆخەكەی خراپ كردووە، ئەوەش ئاماژەیەكە كە روسیا هاوكاریی زیاتر پێشكەشی سوریا دەكات بۆئەوەی تەواوی ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان