هەولێر، ناساندنی ئینسكلۆپیدیای یەكێتی

09:43 - 2022-06-29
کوردستان
978 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، لە مەڵبەندی سێی رێكخستنی هەولێر، رێوڕەسمێك بۆ ناساندن و دابەشكردنی ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی و د.مەجید حەمەئەمین ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر، ئامادەبوون، سەرەتا خەڵاتی رێزلێنان بەسەر تێكۆشەرانی رێكخستنە سەرەتاییەكانی یەكێتی لە سنووری هەولێر دابەشكرا. لە وتەیەكیشدا لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر، ئاماژەی بە گرنگیدانی یەكێتی كرد بە لایەنی فیكری و رۆشنبیری و ئازادیی رادەربڕین.
پاشان، فەرید ئەسەسەرد سەرپەرشتیاری ئینسكلۆپیدیای یەكێتی، تیشكی خستەسەر ناوەڕۆكی ئینسكلۆپیدیای یەكێتی و رایگەیاند: كۆنفرانس و پلنیۆم و كۆبوونەوە گرنگەكان و كاری رێكخراوەكانی ناو یەكێتی و بڵاوكراوەكان و شەهید و كەسایەتییە دیارەكان و زیندانیانی سیاسی و ئەو رێكەوتنانەی كە یەكێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا كردوویەتی و چەندین بابەتی گرنگی تر، لەناو ئینسكلۆپیدیای یەكێتی دا خراونەتەڕوو. وتیشی: بە شانازییەوە یەكێتی وەك حزبێكی پێشكەوتووخواز توانی كەلتوری ئینسكلۆپیدیا بێنێتـەكایەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرقاڵی كاركردن بۆ بەرگی پێنجەمی ئینسكلۆپیدیا و وتی: بەرگی پێنجەم زانیاریی زیاتری تێدا دەخرێتەڕوو، هەروەك لە داهاتوودا پوختەیەكی بابەتە گرنگەكانی ئینسكلۆپیدیا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەكەنەوە.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا، ئینسكلۆپیدیای یەكێتی بەسەر ئامادەبواندا دابەشكرا.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان