ئا: کوردستانی نوێ
لە چوارچێوەی دیدارێکی کورتیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ، پ.د.ئیبراهیم سەعید مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری میدیا، هۆشداریی دەدات لەوەی لەم سەروبەندەدا کە بەرەو قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن دەڕۆین، پێویستە هۆشیاربین لەوەی نەکەوینە داوی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی دوور لە ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسی لە هەندێک میدیا و دیجیتاڵ میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دەخرێتە بەردەم چاوو گوێی وەرگر و روونیشیکردەوە کە دەبێت جیاوازیی لەنێوان زانیاریی راست و ئەو چەواشەکارییانەدا بکرێت کە داڕشتنی هەندێکیان مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابوورییان لەپشتەوەیە.
پ.د.ئیبراهیم سەعید
وەکو وەرگر دەبێت بیری خۆمان بخەینەگەڕ بزانین چ هەواڵ و زانیارییەک راستە تا نەکەوینە داوی هەواڵ و زانیاریی چەواشەکارانەوە
*چۆن لەم قۆناغە هەستیارەدا وەرگر هەواڵ و زانیاریی راست لە هەواڵ و زانیاریی چەواشەکارانە جیابکاتەوە؟
-ئێمە لە قۆناغێکداین کە ناوی لێنراوە قۆناغی لێشاوی هەواڵ و زانیارییەکان، بەو مانایەی ئێمە رۆژانە رووبەڕووی سەدان و بگرە هەزاران هەواڵ و زانیاریی جۆراوجۆر دەبینەوە، بەڵام هەریەکێک لە ئێمە، ناتوانێت تەواوی ئەو هەواڵ و زانیارییانە وەربگرێت، بۆیە بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین کەوتووینەتە ناو ئەو لێشاوەوە، بەڵام پێویستە بزانین کە کێشەی ئەو دۆخە لەوەدایە کە وەنەبێت ئەو لێشاوە هەموو هەواڵەکانی راست و دروست بن، یاخود زانیارییەکانی ناو هەواڵەکان زانیارییەک بن هەمووی لەسەر بنەما و پێوەرەکانی ئیتیکی رۆژنامەنووسی داڕێژرابن و مامەڵەیان لەگەڵدا کرابێت، یاخو لەسەر بنەمایەک بەگوێرەی یاساکانی کاری رۆژنامەنووسی داڕێژرابن، بەڵکو زۆرجار هەواڵەکان هەواڵی چەواشەکارانەن و هەندێک جاریش ئەگەر هەواڵەکان هەندێک بنەمای راستییان تێدابێت، بەڵام بە چەندین زانیاریی چەواشەکارانە بارگراوی کراون، بۆیە زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا، کە بەرەو بانگەشەی هەڵبژاردن دەچین، چونکە لەگەڵ قۆناغێکی هەستیاردا رووبەڕوو دەبینەوە بۆیە رەنگە لەلایەن پارت و کاندیدە سیاسییە جۆراوجۆرەکانەوە کە هەڵمەتەکە دەستپێدەکات، دەبێت زۆر وریابین و وا تێنەگەین و وابزانین هەواڵ و زانیارییەکان هەمووی راست و دروستن، چونکە زۆرجار هەواڵ و زانیارییەکان بە چەندین چەواشەکاریی و زانیاریی ناڕاست دەورەدراوە، بۆیە زۆر گرنگە کە کاندیدەکان و پارتە سیاسییەکان خۆیان لەوە لابدەن لە هەندێک هەڵمەت و بانگەشەی چەواشەکارانە و ئێمەش وەکو وەرگر بەتایبەتی دەبێت بیری خۆمان بخەینەگەڕ و خۆمان هۆشمەندبین و بزانین چ هەواڵ و زانیارییەک راستە و چی دروستە و گرنگە بزانین ئەو هەواڵ و زانیارییانە کامیان راستن و دەبێت هۆشیاریی ئەوەمان هەبێت و بەشی ئەوە خوێندەواریی میدیایمان هەبێت تا نەکەوینە داوی ئەو چەواشەکارییانەوە، چونکە سەرەنجام زیانەکەی بۆ خۆمانە، واتە مادام بابەتەکە هەڵبژاردنە، دەنگدەر زەرەر دەکات، گرنگیشە زانیاریی ئەوەمان هەبێت کە بەراوردی هەواڵ و زانیارییەکان بکەین و هۆشیاریی ئەوەشمان هەبێت کە هەندێک هەواڵ و زانیاری بەرژەوەندییەکی کەسی و سیاسیی و بەرژەوەندییەکی ئابوورییان لە پشتەوەیە.
*تاچەند ئەو چەواشەکارییانە کاریگەرییان لەسەر وەرگر دەبێت لەلایەنی دەروونی و هەستەوەرییەوە؟
-هەندێک جاریش لە کایەی سۆشیاڵ میدیا و دیجیتاڵ میدیادا هەندێک هەواڵ و زانیاری تەنها بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک لایک و کۆمێنتە بۆ لێدانن لە هەندێک ژێی هەستیاری وەرگر و خوێنەر، بۆیە دەبێت بزانین کە ئەو ژێ هەستیارانەی وەرگر و خوێنەر و گوێگر چین و بشزانین چۆن لەو ژێ هەستیارانە دەدرێت.
بەهیوای ئەوەی کە ئێمە بەشێوەیەکی گشتی وەک هاووڵاتیی ئاسایی، هۆشمەندیی و هۆشیاری ئەوەمان هەبێت کە نەکەوینە بەر لێشاوی ئەو هەواڵ و زانیارییە چەواشەکارانانەی کە بەجۆرێک داڕێژراون بەرژەوەندییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو یاخود بەرژەوەندییەکی ئابووریی تایبەت لە پشتیانەوەیە.