بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا دوایین ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن لە سنووری سلێمانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا و جەخت لە پابەندبوون بە بنەما رێکخراوەییەکان کرایەوە بەشێوەیەک لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی خەڵک و خزمەتی گشتیدا بێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵ و کاریگەریی سلێمانی کرد لە کۆی هاوکێشە و رووداوەکاندا و رایگەیاند، سلێمانی لە دڵماندایە، هیچ دەستکەوتێکی حزبی لە ژیانی هاووڵاتییەکی شارەکە گرنگتر نییە و هیچ هەنگاوێکیش نانێن ئەگەر لە خزمەتی خەڵکەکەیدا نەبێت. ئەوەی ئەم شارە و خەڵکەکەی بە کوردستانیان بەخشیوە زۆر زیاترە لەوەی کە بۆیان کراوە، ئەو جیاکاری و نادادییەش کە لە رابردوودا بەرامبەر شارەکە کرا، مەرامێکی شکستخواردوو بوو بۆ بێدەنگکردنی ئەو شارەی هەرگیز پشتی لە هەڵوێستە جوامێرانە و مەردانەکانی نەکردووە، بۆیە ئەمجارە پێکەوە لەگەڵ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بە ورەیەکی پۆڵایین و ئیرادەیەکی تۆکمەوە بەرەو گۆڕانکاریی ریشەیی هەنگاو دەنێین و قۆناغێک دەهێنینە کایەوە کە تێیدا مافی هەموان پارێزراوبێت و ژیانی هاووڵاتییان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەت و حزبییەکان.