لە لیستی بەناوبانگترین قۆڵبڕەكانی جیهاندا

هاووڵاتییەكی عیراقی یەكەمە

11:41 - 2024-09-05
جیهان
77 جار خوێندراوەتەوە

و: كوردەوان محەمەد سەعید

رۆژنامەی فرانشیڤالی فەرەنسی، لیستی بەناوبانگترین قۆڵبڕەكانی جیهانی بڵاوكردەوە، كە ناوی 10 كەسیان زۆر بە وردی دەستنیشان كرابوو، ئەویش دوای لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە ژیاننامەی زیاتر لە هەزار قۆڵبڕدا لەسەر ئاستی جیهان. لێكۆڵینەوەكەش لیژنەیەك كردوویەتی، كە پێکهاتووە لە ژمارەیەك دادوەر و لێكۆڵیاری پۆلیسی ئینتەرپوڵ و چەند زانایەكی دەروونناس و هەندێك رۆنامەوان كە لە بەشی تاوانی بەناوبانگترین رۆژنامەكانی جیهاندا كاریان كردووە. 
هەر ئەو رۆژنامەیەش ئاماژە بەوە دەكات، كە پلەی یەكەم لە قۆڵبڕی و فێڵبازییدا بۆ عەرەبێكی عیراقییە و ئەو كەسەش یەكەم كەسە كە ئەو پلەیە وەردەگرێت لەوەتەی ئەو پۆلێنە هەیە و پەنجا ساڵە لە ئارادایە.

لیستی ناوی قۆڵبڕەکان لە دەیەمەوە بۆ یەکەم
ئەمەش لیستی ناوی بەناوبانگترین قۆڵبڕ و دز و فێڵبازەكانی جیهانە، كە ئەو لیژنەیە دەستنیشانیان كردووە و رۆژنامە فەرەنسییەكە بڵاوی كردۆتەوە:
دەیەم: رۆبەرت هێنری، بازرگانێكی ئۆتۆمبێل بوو، جەنگی فنلەندای قۆستەوە و ئۆتۆمبێلی ئاسایی دەهێنا و هەندێك قورسایی بۆ دەرگاكانی زیاد دەكرد و بە نرخی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش (درع) بە خەڵكی دەفرۆشت.
نۆیەم: جەیمس هۆك، لەناو هاوڕێكانیدا لە زانكۆی فرنستۆن بە هەتیو ناسرابوو، بۆئەوەی سۆزی خوێندكارەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت و بەزەییان بە فرمێسكەكانیدا بێتەوە و پارەی بدەنێ، چونكە رۆڵی كەسێكی تێكشكاو و برسیی دەگێڕا.
هەشتەم: ئێدوارد جیسافرینۆ، خەڵكی ئەرجەنتینە و كاری سەرەكی دزینی كارە هونەرییەكان بوو لە مۆزەخانەكان، ئەو كارەشی زۆر بە هێمنی دەكرد، بۆ خەڵەتاندنی پاسەوانەكانیش هەمیشە فێڵی نوێی هەبوو، جارێكیان توانی بەناوبانگترین تابلۆی هونەری لە مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس بدزێت، ئەویش تابلۆی مۆنالیزا بوو و توانی زۆر بە ئاسانی لە شوێنەكەی خۆی هەڵی بكەنێت و بیخاتە ژێر پاڵتۆكەیەوە و بەبەرچاوی هەمووانەوە بچێتە دەرەوە.
حەوتەم: سواب سمیس، كە بە پیاوی سابوون ناسرابوو، توانی چەندین ملیۆن دۆلار كۆبكاتەوە لە خەڵكی، ئەویش بەناوی خەڵاتێكی وەهمییەوە، كە هەر خۆی دایهێنابوو، ناویشی نابوو خەڵاتی سابوون، هەڵبەت دوای ئەوەی خۆی وەك ملیاردێرێك ناساندبوو، كە خاوەنی گەورەترین كارگەی سابوونە.
شەشەم: جۆرج پاركەر، لە فرۆشتنی شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەكاندا لێهاتوو بوو، بە تایبەتیش لە نیویۆرك، تەنانەت توانی دوو جار پردی برۆكلین بە گەشتیاران بفرۆشێت.

فرۆشتنی ئاسنەکانی تاوەری ئیڤڵ!
پێنجەم: ڤیكتۆر رۆستد، كە بە هونەرمەندێكی پێشكەوتوو دادەنرێت، لە بواری قۆڵبڕی و فڕوفێڵدا، سەرەتا لە بواری ساختەكردنی پارەدا كاری دەكرد، پاشان دەستی دایە كاری گەورەتر و توانی خاوەنكارێكی گەورە لە نیویۆرك رازی بكات بە كڕینی تاوەری ئیڤڵ بۆئەوەی سوود لە ئاسنەكانی ببینێت.
چوارەم: جۆزێت وێڵ، قۆڵبڕێكی بەناوبانگە، كە بە منداڵە زەردەكە ناسراوە، ئەویش لە زۆر بواری قۆڵبڕیدا كاری كردووە و توانی زیاتر لە هەشت ملیۆن دۆلار لە كردەوەی جۆراوجۆردا كۆبكاتەوە.
سێیەم: چارڵس بۆنزی، كە بەناوبانگترین قۆڵبڕە لە ئەمریكا، هەر ئەویش دامەزراوەی زنجیرەی بۆنزی دامەزراند كە تایبەتمەند بوو لە دزینی پارەدا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە و سەرەنجام 30 ملیۆن دۆلاری كۆكردەوە.
دووەم: فرانك ئاباكناڵ، ئەم قۆڵبڕە كاتێك ناوبانگی جیهانیی دەركرد، كە لیۆناردۆ دیكاپریۆی ئەستێرەی هۆڵیوود لە فیلمی (Catch Me If You Can) دا رۆڵی كارەكتەرەكەی گێڕا و چیرۆكی ژیانی گێڕایەوە، فرانك زیاتر لە فێڵێكی بەكاردەهێنا بۆ قۆڵبڕینی كۆمپانیاكان و رێكخراوە جیهانییەكان، جارێك خۆی وا دەناساند كە فڕۆكەوانە لە بەناوبانگترین كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئەمریكادا و جارێك خۆی دەكردە پزیشك و دەیوت لە بەناوبانگترین نەخۆشخانە كاریكردووە، پاشان خۆی وەك پسپۆڕ لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا ناساند و بەمەش لەماوەی پێج ساڵدا، توانی چەندین ملیۆن دۆلار لە بازرگانان و خاوەنكارەكان كۆبكاتەوە، گوایە بۆ كاری خێرخوازیی دەیەوێت.

هەژموونیشی بەسەر چەند وەزارەتێکی عیراقەوەیە
یەكەم: پلەی یەكەم تایبەتە بە هاووڵاتییەكی عیراقی بە ناوی خەمیس فەرحان ئەلخەنجەر، كە توانی لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە ملیارێك دۆلار كۆبكاتەوە بە قۆڵبڕینی ئەمیر و شێخەكانی هەندێك لە وڵاتانی كەنداو، ئەو زیرەكانە توانیی قەناعەتیان پێبكات، كە سێ ملیۆن ئاوارەی عیراق بەخێو دەكات، هەروەها توانی قەناعەتیان پێبكات كە سوپایەكی سوننەی پێكهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیا شیعەكان، بەمەش تەنیا لە ساڵی 2014دا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری تەنیا لە یەك وڵاتی كەنداو كۆكردەوە، لەكاتێكدا سوپاكەی تاكە سەربازێكیشی تێدا نەبوو.
دوای ئەمە بایدایەوە بەلای سوپای پاسدارانی ئێراندا و وا خۆی پیشاندا كە دژی پەڕگیریی تایفییە و هەوڵدەدات شیعە و سوننە پێكەوە بژین، باوەڕی تەواویشی بەوە هەیە كە بوونی ئێران لە عیراق پێویستە لە دژی ئەمریكا، ئەمەش وایكرد جەنەراڵەكانی ئێران بیسەپێنن بەسەر حكومەتی عیراقدا، بۆئەوەی بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا بكات، لەكاتێكدا خۆی لە دیارترین ئەو كەسانە بوو كە تۆمەتبارە بە پشتیوانیكردنی تیرۆر.
بەم ژمارە پێوانەییەش كە ملیارێك دۆلارە، خەمیس خەنجەر توانی ببێت بە یەكەم قۆڵبڕ لە مێژوودا بەپێی لیستەكەی رۆژنامەی فرانشیڤال.

کێ ئەو پێوانەیە دەبەزێنێت؟
 پێشبینی ناكرێت بۆ دەیان ساڵی داهاتووش كەس بتوانێت ئەو ژمارە پێوانەییە بشكێنێت لە قۆڵبڕی و فڕوفێڵدا، ئەویش بەهۆی زۆریی ئەو پارەیەی بەدەستیهێناوە، بەبێ هیچ ماندوبوونێك، پارەكەش بە پێنج ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت و تائێستاش بەردەوام لە زیادبووندایە، لەبەرئەوەی خەمیس لەژێر ناوی بەشبەشێنەی تایفیدا هەژموونی بەسەر چەند وەزارەتێكی عیراقەوە هەیە.
كەواتە پیرۆزە لە عیراق و عیراقییەكان، ئەم سەركەوتنە، كە ئاڵای عیراقی لەنێوان هەموو ئاڵاكاندا بەرزكردەوە لە قۆڵبڕی و فڕوفێڵدا.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان