خەونی خەونان

خەونی سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج

12:35 - 2024-09-05
ئەدەب و هونەر
182 جار خوێندراوەتەوە

ئەنتۆنیۆ تابووكی 

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی 

شەوێك لە شەوانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1801 لەماڵەكەی خۆی لە لەندەن، سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج شاعیر و تلیاككێش، لە ژێر باری وڕێنەی تلیاكدا خەونێك دەبینێ‌.
لەو خەونەیدا دەبینێ‌ لە نێو كەشتییەكدایە و كەشتییەكەش، لە نێو سەهۆڵبەندانی دەریادا گیری خواردووە. خۆی كاپتنی كەشتییەكە بوو، كەشتیوانەكانی دیكە لەو نێوەدا راكشابوون بە هەركلۆجێك بووە، دەیانویست خۆیان لە سەرما  بپارێزن. هەربۆیە دەگەڕان بۆ ئەوەی بە هەرچی پەتوو و پەڕۆشڕەیە خۆیان داپۆشن، رەنگ و رووخساریان پەڕیبوو. دەردەدار دیاربوون، بەرچاویان شین بوو بووەوە. تیتلە كەماچەیەكی گەورە، لەسەر داری چارۆكەی كەشتییەكە نیشتەوە و باڵەكانیشی كردبوونەوە. سێبەرێكی ترسناكی بەسەر كەشتییەكەوە دروستكردبوو. سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج، بانگی ئەفسەری یاریدەدەر دەكات و فەرمانی پێدەكات تفەنگێكی بۆ بێنن، لێ‌ وەڵامی دەداتەوە كەوا باروود نەماوە و تیر و كەوانێك دەداتە دەستی. كۆلێریدج لێی وەردەگیرێت و نیشانەی لێدەگیرێت. وادەزانێت بە كوشتنی، دەتوانێت خۆراك بۆ كەشتیوانەكانی فەراهەم بكات و بەوەش دەتوانێت لە بەدخۆراكی و مردن بیانپارێزێت.
بە نیشانەگرتنەوەی تیرێكی ئاڕاستە دەكات و ملی باڵندەكە كوناودەر دەكات و دەكەوێتە سەر تەختەی كەشتییەكە، خوێنەكەشی سەهۆڵی ئەو ناوە سوور دەكات. لەو خوێنەرژاوەی سەر سەهۆڵەكە، مارێكی دەریایی لەدایك دەبێت و دەستبەجێش ئەو مارە سەر دەردێنێت و بە لێواری پاپۆڕەكەدا سەردەكەوێت و بە زمانە پەلدارەكەی فیشكەیەك دەكات.
سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج شمشێرەكەی هەڵدەكێشێت و دەمە تیژەكەی لە قەبرغەی گیردەكات و دەستبەجێ‌، سەری دەقرتێنێت. لەو سەرە قرتاوە ژنێكی باریك و بنێس، سەرتاپاڕەش و رەنگ زەرد و خاوەن دوو چاوی جادوویی، لەدایك دەبێـت.
ئەو ژنە چەند زارێک لە مستی دا دەبێت، لە پشتەوەی كەشتییەكە دادەنیشێت، بانگی كاپتن دەكات و دەڵێت: (ئێستا دەبێت یاریی زارهەڵدان بكەین. گەر تۆ براوە بووی ئەوا كەشتییەكە رزگاری دەبێت، خۆ ئەگەر منیش بردمەوە، ئەوا كەشتیوانەكانت لەگەڵ خۆمدا دەبەم).
یاریدەدەرێكی كاپتنی كەشتییەكە بەهەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە لای سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج، قۆڵی دەگرێت و لێی دەپاڕێتەوە كە گوێ‌ لەو ژنە شوومە نەگرێت، گەر نا ئەوا هەموویان بە فەتارەتدا دەچن.
لێ‌ كۆلێریدج مەردانە لە ژنە دەچێتە پێشەوە‌،  بە رێزەوە لە بەردەمیدا دەچەمێتەوە و ئامادەباشی خۆی بۆ یارییكردن پیشان دەدات.
ژنەش قوتوی زارەكەی دەداتێ‌ و سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدجیش لێی وەردەگرێت و توند بەسنگییەوە دەینووسێنێت. پاشان بە شڵەژاوییەكەوە قوتووەكە رادەوەشێنێت، بەرلەوەی زارەكان هەڵبداتە سەر زەوی. كەشتیوانەكان هەموو پێكڕا هاوار دەكەن: (دەست خۆش!). یانزە خاڵ، ئەو ئەنجامە بوو کە كاپتنەكەیان بە دەستی هێنابوو. لە داخاندا ژنە شوومەكە چەند تاڵێك لە قژی خۆی دەڕنێ‌ و دەست بەگریان دەكات. دواتر فێڵبازەنە پێدەكەنێت. دیسان سەرلەنوێ‌ دەست بە گریان دەكاتەوە، وەك سەگێك بقورسكێنێ.
دواجار زارەكان هەڵدەگرێتەوە و هەتا دەتوانێـت وەك بیەوێت ئەو ناوە رادەماڵێت، توڕیان دەدات.  زارەكان دەخولێنەوە و دەوەستن. ئەمیان شەش خاڵ نیشان دەدات و ئەوەی دیكەشیان هەمان شت. لەو ئان و ساتەدا، كڕێوەیەك دەست پێدەكات و هەموویان لاڵ و پاڵ دەخات. لەپای ئەو باهۆز و كڕێوەیەدا،  كەشتیوانەكان و ژنە شوومەكە و كەشتییەكە بزر دەبن.
توێژێك  دووكەڵی خۆڵەمێشی باڵ بەسەر هەموو شتێكدا دەكێشێ‌، سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج چاوەكانی دەكاتەوە، تا بەرەبەیانێكی تەمومژاوی ببینێ كە لە پەنجەرەكەیەوە دیار بوو. 

 

سامۆئێل تایلۆر كۆلێریدج (1772 - 1834):
لە كامبریدج خوێندوویەتی، لێ‌ لەبەر خەم و پەژارەی خۆشەویستیی، خوێندنی تەواو نەكردووە و بڕوانامەی بەدەست نەهێناوە. بەناوێكی ساختەوە (سیلاس تۆمكین كۆمبێریاك)، دەچێتە ریزی هێزی سوارچاكان، بەهۆی موڵك و ماڵی براكەیەوە لە لێپرسینەوە و سزادان قوتاری دەبێـت. كەسێكی یۆتۆبی بووە، باوەڕی بە یەكێتیی ئایینەكان هەبووە. رێبازی (خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان)ی هێنایە ئاراوە كە پرۆژەیەكی كۆمۆنیزمیی سەرەتاییانە بوو، ئامانجی رزگاركردنی خەڵك و خوا بوو لە جیاوازی و جیاكاریی كۆمەڵایەتی.
بە هۆی تلیاككێشانەوە كە ئالوودەیی بوو بوو، بەهەندێك بەهەشتی دروستكراو ئاشنا دەبێـت، لێ‌ بە پێچەوانەی تۆماس دی كانسی هاوڕێیەوە، هەرگیز شانازیی بە خویەوە نەكردووە، بەڵکو بە تەنهایی و بە گۆشەگیریی ئەزموونی کردووە. 
كەسێكی دووربین و خەونبین و پەرۆشی میتافیزیك بووە، چەندین بەرهەمی بۆ بەجێهێشتووین، یەکێک لەوانە:
(The rime of the ancient marinet)ە
 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان