كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

12:42 - 2024-09-05
ئەدەب و هونەر
926 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان


(8)

لە کۆلێجەکاندا ئاشنای فەیلەسوفان و قوتابخانە فەلسەفییەکان دەبین و لە ئایدیا فەلسەفییەکان تێدەگەین، بەڵام ئەمە فەلسەفە نییە، بەڵکو ئەمە جگە لە مێژووی فەلسەفە شتێکی دیکە نییە

فەیلەسوف کێیە؟
فەیلەسوف کێیە؟ ئەمە پرسیاری کەژاڵ ئەحمەد بەرپرسی لاپەڕەکانی ئەدەب و هونەرە. پرسیارەکەم زۆر بەدڵ بوو، هەوڵدەدەم ئەم گۆشەیە تەرخان بکەم بۆ وەڵامدانەوەی.
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: ... ی خۆی و گێزەر لێک جیاناکاتەوە! ئەم پەندە بۆ وەسفکردنی کەسێکی گەوج بەکاردێت. با واز لە بەشی  یەکەمی پرسیارەکە بهێنین و سەیری بەشی دووهەمی بکەین: گێزەرەکە!. 
گێزەر چیە؟

رووەکێکە سووڕی خۆی لە سروشتدا تەواو دەکات، واتە دەڕوێت و گەورە دەبێت و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بێ ئەوەی هیچ گرفتێکی هەبێت! گێزەر ئاگایی نییە، بۆیە ناتوانێت سەرسام ببێت، ناتوانێت بیر بکاتەوە و هەوڵبدات بزانێت. گێزەر هەروا بە سادەیی سووڕی ژیانی خۆی تەواو دەکات، بێ ئەوەی بتوانێت بپرسێت بۆچی؟
بۆچی وا قسە دەکەم؟ دەمەوێت لەگەڵمدا بیربکەیتەوە: لەم کەلتورەی ئێمەدا رێژەی چەندی مرۆڤەکان وەکو گێزەر وەهان؟ لەبری وەڵامدانەوەی پرسیارەکە من تەماعم لەوەیە پرسیارێکی دیکە لەمێشکتادا دروست ببێت، هەمان ئەو پرسیارەی گێزەرەکە نەیتوانی بیکات!.
ئەگەر تۆ ئەم پرسیارەت لەلا دروست بوو (بۆچی گێزەرەکان، یاخود رووەکەکان بە گشتی، بیرناکەنەوە و ناتوانن بیربکەنەوە؟ ئەگەر دوای ئەم پرسیارە سەیرێكی دەوربەری خۆت کرد و سەرت سوڕما لەو هەموو مرۆڤ / گێزەرەی لەدەورت هەن، ئەوانەی پێشتر بەرچاوت نەکەوتوون، ئەوە تۆ ئەفلاتون گوتەنی، هەستێکی فەیلەسوفانەت هەیە. ئەو دەڵێت «سەرسامبوون هەستی فەیلەسوفە، فەلسەفە بە سەرسامبوون دەستپێدەکات».
فەیلەسوف وەک منداڵێکی حەپەساو سەیری دنیا دەکات، دەیەوێت مانای بنەڕەتیی شتەکان بزانێت. وەک منداڵ! بەڵێ، فەیلەسوف منداڵێکە ئەو شتانەی تۆ بە ئاسایی دەیانبینیت، لای ئەو جێگای سەرسوڕمان و پرسیارکردنە.
منداڵەکان پرسیاری زۆر دەکەن و زۆرێک لە پرسیارەکانیشیان سۆکراتییانەیە (ئەمە چییە؟) یان بۆچی وایە؟ دایک و باوک هەوڵ دەدەن وەڵامێک بدەنەوە، لێکدانەوەیەکی پێشکەش بکەن، بەڵام منداڵ مڵۆزمە، زۆرجار بە وەڵامەکە قایل نابێت، بەڵکو گومان دەخاتە سەر لێکدانەوەکەش، بۆیە دایک و باوک ناچار دەبن لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ لێکدانەوەکە بکەن.

منداڵەکان گەورە دەبن و سەرقاڵیی ژیان ئەو کونجکۆڵی (فزول)ە یان لەبیردەباتەوە، بەڵام فەیلەسوف لەسەر پرسیارکردن بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دەتوانێت ئاڕاستەیەک یان سیستمێکی فەلسەفیی بنیات بنێت.
زۆرجار لە تەلەفزیۆنەوە بینیوتە، کەسێک لە کڵاوەکەیەوە کۆترێک دەردەهێنێت؛ بەو کەسە دەڵێن سیحرباز! قەت لەخۆتت پرسیووە: ئەم کارەی چۆن کرد؟ بێشک فێڵێک، لێزانییەک لەمەدا هەیە، بەڵام ئایا ئەمە تۆی بردۆتە لای پرسیارێکی ئاواهی: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە شتێک لە هیچەوە پەیدا ببێت؟ شتێک لە نەبوونەوە راستەوخۆ بێتە بوون، بێ ئەوەی هیچ جۆرە مادەیەکی سەرەتایی و هیچ پرۆسەیەکی پەیدابوون لەئارادا بێت؟ یانی رێک لە نەبوونەوە بەرەو بوون!
فەیلەسوف ئەم پرسیارانە دەکات، و بەتەواوی ئەبستراکتیشیان دەکاتەوە: ئایا بوون لە نەبوونەوە پەیدا دەبێت؟ ئایا دەشێت لە یەک کاتدا، کۆترەکە لەناو کڵاوی سیحربازەکەدا نەبێت و هەبێت؟
ئایا فەیلەسوف بەتەنها سەرسام دەبێت و پرسیار دەکات؟ 

نا، ئەوە سەرەتای دەستکردنە بە فەلسەفاندن. هەر بەم مانایەش منداڵ هەستێکی فەیلەسوفانەی هەیە، چۆن؟ چونکە پڕە لە پرسیار و هەندێجاریش پرسیارێک دەکات کە لە فەلسەفەدا پێیان دەڵێین پرسیارە گەورەکان. 
فەیلەسوف پرسیار دەکات، بەڵام بەدوای وەڵامەکانیشدا دەگەڕێت، بەدوای مانای شتەکاندا دەگەڕێت، ئەگەر شتێکی بە شتێک کرد، ئەوە هەست دەکات ناچارە ئەوانیتریشی تێدا بەشدار بکات؛ تەنانەت ئەگەر دڵنیاش بێت لەوەی قسەکردن بۆ گێزەرەکان زۆر سوودی نییە. بۆچی؟ چونکە بۆ ئەوەی ببیت بە فەیلەسوف دەبێت مێشکت بکەیتەوە بۆ پرسیارە گەورەکان و بەدوای کۆتا وەڵامەکاندا بگەڕێیت. فەیلەسوف بێ هیچ لایەنگیرییەک، سۆزدارییەک، فریوخواردنێک، بەدوای وەڵامەکاندا دەگەڕێت و هەرخۆشی جار لەدوای جار رەخنەیان لێدەگرێت بۆئەوەی وەڵامێکی باشتر پەیدا بکات. تۆ سەرنجی ئەم وتەیەی ئەرەستۆت داوە؟: «هەموو مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان حەزدەکەن بزانن، نەک بۆ ئەوەی شتێک بکەن، بەڵکو تەنانەت ئەو کاتانەش کە هیچ ناکەن.»
دەی باشە، ئەوانەی ئارەزووی زانین ناکەن، گێزەرن یان مرۆڤ؟ یان بەشێوەیەکی دیکە: جیاوازی چییە لەنێوان گێزەرێک و مرۆڤێکدا کە حەزی لە زانین نییە؟
ئارەزووی زانین بۆ فەیلەسوف بەسە، بۆئەوەی ببیت بە فەیلەسوف، پێویستیت بە بڕوانامەیەکی زانکۆیی نییە، یان کۆرسی فەلسەفە بخوێنیت و سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفییەکان ببیت. بێگومان ئەمانە بە سوودن و ئاسانکاریی زۆرت بۆ دەکەن. بەڵام سەرنج بدە: 
ئێستا لە جیهاندا فەلسەفە بووە بە بابەتێکی ئەکادیمی، بەوەش ماناکەی خۆی لەدەستداوە؛ ئەوانەی لە کۆلێجەکانی فەلسەفە دەردەچن، نابن بە فەیلەسوف، وەک چۆن دەرچووی کۆلێجی ئەندازیاریی دەبێتە ئەندازیار. مامۆستاکانیش کە وانە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەیان پێدەڵێنەوە، ئەوانیش فەیلەسوف نین.
لە کۆلێجەکاندا ئاشنای فەیلەسوفان و قوتابخانە فەلسەفییەکان دەبین و لە ئایدیا فەلسەفییەکان تێدەگەین، بەڵام ئەمە فەلسەفە نییە، بەڵکو ئەمە جگە لە مێژووی فەلسەفە شتێکی دیکە نییە. فەیلەسوف دەیەوێت بزانێت، بەڵام کەڵەکەکردنی زانیارییەکان زانین نین؛ فەیلەسوف شتێکی دیکەی مەبەستە، ئەو دەیەوێت بزانێت لە پێناوی زانیندا، نەک لە پێناوی کۆکردنەوەی زانیاریی زۆردا، ئەو خەریکی شتێکە کە زۆرجار پێی دەوترێت زانینی تیۆریی.
سەرنج بدە دایۆجینێسی سینیک کە لە ئەڵقەی پێشووتردا باسم کرد، یەک تاکە کاغەزی نەبوو تا لەسەری بنووسێت، لەگەڵ ئەوەشدا فەیلەسوفێکی مەزن بوو، بگرە تا ئەمڕۆش لە ژمارەیەکی زۆری ئەوانە کاریگەریی زیاترە کە لە کۆلێجەکان دەردەچن و بڕوانامەی باڵا وەردەگرن!.
دەمەوێت شتێکی تریش بڵێم: پرسیاری ئەوەی ‹فەیلەسوف چییە؟› سەراپای ژیانی نیتچەی داگیرکردووە، ئەم پرسیارە بەردەوام لە مێشکیدا بووە، دواجار دەگاتە ئەوەی فەیلەسوف باڵاترین چەشنی مرۆڤە. بۆچی وادەڵێت؟ چونکە فەیلەسوف کەسێکە بەردەوام دەیەوێت بزانێت، بۆچی بزانێت؟ چونکە وەک ئەرەستۆ وتی: ‹مرۆڤ› بە سروشتی خۆی ئارەزووی زانین دەکات. باشە، ئەمە روونکردنەوەیەکی خواستی فەیلەسوفە، بەڵام هاوکات پێناسەیەکیشە بۆ مرۆڤ. یانی بۆ ئەوەی مرۆڤ بیت، پێویستە حەزت لە زانین بێت. هەر خۆی پێناسە کلاسیکییەکەی فەلسەفە ئەمەیە.
ئەمە کلیلەکەیە! کەژاڵ دەپرسێت: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ هەر لە ناو پرسیارەکەدا ئاماژە بۆ پرسیارێکی شاراوە هەیە: ئایا پێویستیمان بە فەیلەسوف هەیە؟
دەمەوێت گریمانەیەک بکەم: ئەگەر وەک لە فیلمەکانی خەیاڵی زانستیدا روودەدات، بگەڕێینەوە بۆ ساڵێک بەرلە لەدایکبوونی ئەفلاتون (346 پ.س) لەدایک و باوکی هەڵبگرین و بیهێنین بۆ سلێمانی ئەمڕۆ، تا لێرە لەدایک ببێت. بە بڕوای تۆ کە گەورە بوو دەبێت بەو فەیلەسوفە مەزنە؟ یان شتێکی دیکە، ئەگەر ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون بەخۆی و قوتابییەکانییەوە بهێنین لە شارەزوور دایبنێین، لایسیەمەکەی ئەرەستۆش ببەینە قەراتی هەولێرێ، بەومەرجەی شارەزوور و قەرات هەر ئەوەبن کە ئێستا هەن. ئایا ئەوانە قوتابخانە فەلسەفییە جۆراوجۆرەکانمان بۆ دادەمەزرێنن؟ ئەو زیاتر لە ٢٠٠ فەیلەسوفە مەزنەمان پێشکەش دەکەن کە فەلسەفەی یۆنانی پیشکەشی مرۆڤایەتی کردووە؟
بۆچی نا؟ چونکە فەلسەفە و فەیلەسوف لە ژینگەی تایبەتیدا لەدایک دەبن. بۆئەوەی فەیلەسوفت هەبێت، دەبێت لە پێشەوە ئاگۆرات هەبێت! دەبێت مرۆڤەکان کاتی ئازادیان هەبێت و بتوانن لە ئاگۆرا دابنیشن و گفتوگۆی پرسە فەلسەفییەکان بکەن. دەبێت جیمنازیۆمت هەبێت، ئەو جێگایەی کە نەک تەنها راهێنانی جەستەیی، بەڵکو راهێنانی ئەقڵیشیی تێدا دەکرا. دەبێت پێریکلێس و دیموکراسیت هەبێت، پێویستیت بە سۆفۆکلێس ئەسیخیلیوس و ئەوانیترە لە شانۆدا. فەلسەفە لە جێگایەکدا دەژی کە پیشتر هۆمیرۆس و هیسییەد (هزیۆد)ی لێ ژیابێت، جیگایەک بتوانێت پەیوەندیی بە جیهانەوە بگرێت و جیهانیش پەیوەندیی پێوە بگرێت.
فەلسەفە لە جێگایەکدا چەکەرە دەکات کە تەنانەت خوا/کانیشی فەیلەسوفن، یاخود بە مانا فیساگۆرسییەکەی ‹دانا›ن. فەلسەفە رووەکی ناو شارستانێتی و بەها مرۆییەکانە، بۆئەوەی فەیلەسوفت هەبێت دەبێت ئازادی گوزارشتکردنت هەبێت. هەر لە تەنیشتی ئەسیناوە سیستمی سەربازیی سپارتاییەکان هەبوو، کە نەیتوانی یەک تاکە فەیلەسوف پێشکەشی مرۆڤایەتی بکات.
لە سەدەی نۆهەمی (س) دا، فەلسەفە لە جیهانی ئیسلامیدا گەشایەوە. بۆچی؟ چونکە ئەو جیهانە بەسەر دنیادا کرایەوە، تێکستە گەورەکان دەکران بە عەرەبی، زانا و ئەدیب و نووسەرە گەورەکان لەهەموو لایەکەوە روویان تێدەکرد، وەک چۆن کاتی خۆی روویان دەکردە ئەسینا. شارستانێتی ئیسلامی پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیتردا هەبوو، بازرگانی برەوی هەبوو، پرۆسەیەکی فراوانی ئاوەدانکردنەوە و ئەندازە و پزیشکی و هونەرەکان لە گۆڕێ بوو.
تاکە فەیلەسوفێک لەناو عەرەبەکانی بیاباندا دەرنەکەوتووە، چونکە هیچکام لەو مەرجانەیان تێدا فەراهەم نەبووبوو کە باسمکرد. هۆزەکانی ئەمازۆن، خەڵکە رەسەنەکەی ئەمریکا، بۆشمەنەکانی ئوسترالیا، ئەمانە هیچیان فەیلەسوفێکیان پێشکەشی مرۆڤایەتی نەکردووە. 
بەڵێ! پێش ئەوەی فەیلەسوفت هەبێت، دەبێت کارێکی زۆرت کردبێت.   
بەڕاست بۆ ژینگەیەک کە تێیدا بیرکردنەوە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا گیری خواردووە، کە ئەندامەکانی بە هەموو شێوەیەک ستایشی نەزانین دەکەن و لەو باوەڕەدان کە هەتا کەمتر بزانیت ئاسوودەتریت؛ دەتوانن پرسیاری وا بکەن؟ دەتوانین بپرسین بۆچی ئێمە فەیلەسوفمان نیە! بەڕاست! کەس بینیوێتی لەناو گێزەرەکاندا فەیلەسوفێک هەڵبکەوێت؟.

بابەتە پەیوەندیدارەکان