فیلمی وڵاتی سەرسوڕهێنەرەکان و ڤیدیۆکۆڵێک لە دنیای مردووەکانەوە

01:04 - 2024-09-05
ئەدەب و هونەر
87 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

چی دەبێت ئەگەر بتوانیت دووبارە لەگەڵ ئەو ئازیزانەی ئەم ژیانەیان جێهێشتووە بە ڤیدیۆکۆڵ قسەبکەیت؟ هەر کاتێک بیری ئەو کەسەت کرد تەلەفۆنی بۆ بکەیت و ئەویش ئاسایی وەڵامت بداتەوە، تەنانەت رەنگە ژەمێکیش بە ئۆنلاین پێکەوە بخۆن.
کۆمپانیایەکی زیرەکیی دەستکرد
هەموو ئەمانە لە فیلمی «wonderland- وڵاتی سەرسوڕهێنەرەکان» ی کۆریای باشووردا خراوەتەڕوو کە کۆمەڵێک ئەستێرەی دیاری کۆریا بەشدارییان تێدا کردووە، لەوانە: پارک بۆگوم، گۆنگ یوو، چۆی وو شیک..هتد لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا لە کۆریای باشوور نماییشکرا پاشان لەسەر پێگەی نێت فلیکس بڵاوکرایەوە.
لە گرتەی یەکەمدا هەندێک دیمەن پیشاندەدات تێیدا دایکێکی گەنج باس لە ژیانی خۆی و کچەکەی دەکات، لە دیمەنەکاندا دیارە نەخۆشە و لە ساتەکانی کۆتایی ژیانیدایە، وەک ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن باسی خۆی دەکات حەز و خولیای چی بووە و چ جۆرە ژیانێک ژیاوە، پاشان دەڵێت مۆڵەتی سێ مانگم وەرگرتووە و کچەکەم لای دایکم جێهێشتووە، لە گرتەیەکی دیکەدا کچێکی گەنجمان پیشاندەدات خۆشەویستەکەی کەشتیوانە و لەدەرەوەی گۆی زەوی لە بنکەیەکی بۆشایی ئاسمانەوە بە ڤیدیۆ قسە لەگەڵ یەکدیدا دەکەن و خۆشەویستییەکی بێوێنە لە نێوانیاندا هەیە.
بە تێپەڕبوونی کات بینەر تووشی شۆک دەبێت کاتێک دەزانێت کۆمپانیای «وۆندەر لاند» لە رێی زیرەکیی دەستکردەوە هەر کەسێک بیەوێت بەشداریی دەکات و پێش مردن داتای خۆی پێشکەش دەکات یان داتای ئازیزێکی، ئەوانیش بەپێی کەسایەتی و کارەکتەری کەسەکە نموونەیەک دروست دەکەن و مانگانە بەرامبەر بڕێک پارە و بەشداریکردن لەو خزمەتگوزارییەدا، ئەوەی پێی دەوترێت زیرەکیی دەستکردی داهێنەر ئەو کەسە دروست دەکەن، واتا پەرەسەندنی کارەکتەرەکە و ئەو کاردانەوانەی لەگەڵ تۆدا دەیبێت و ئەو رووداوانەی لە داهاتوودا روودەدەن پشت بەو بەرنامەی زیرەکیی دەستکردە دەبەستێت، بۆ نموونە گەنجێکی سەرەڕۆ و خۆپەرست هەرچەندە کارەکتەرەکەی ئەی ئای-ە بەشێوەیەکی خراپ پەرەدەسێنێت و نەنکی ئیستیغلال دەکات و بەردەوام داوای کاڵای گرانبەهای لێدەکات، کە بە پارە بەڵام لە دنیای گریمانەکراودا بۆیدەکڕێت.
دیمەنە کاریگەرەکان
ئەو دیمەنانەی لەم فیلمەدا وەک مرۆڤێک کارت لێ دەکات و واتلێدەکات دڵت پڕ بێت ئەوەیە، کاتێک کارەکتەری منداڵەکە بەردەوام بە ڤیدیۆ کۆڵ قسە لەگەڵ دایکیدا دەکات و نازانێت دایکی مردووە، لەکاتێکدا تا لەژیاندا بووە، بەهۆی سەرقاڵیی بە کارەکەیەوە نەیتوانیووە کاتی لەگەڵدا بەسەر بەرێت، بۆیە کاتێک دەزانێت دایکی مردووە و ئەوە وێنەیەکی دروستکراوی دایکێتی هەر ئامادە نییە دەستبەرداری بێت و داوای لێدەکات هەموو شەوێک پێش ئەوەی بخەوێت چیرۆکی بۆ بگێڕێتەوە.
هاوکات ئەو کەشتیوانە ئاسمانییەی خۆشەویستەکەی لەبەرئەوەی زۆر بیری کردووە و بەهۆی رووداوێکەوە لە کۆمادایە، لەو خزمەتگوزارییەدا بەشداری کردووە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر خەبەری دەبێتەوە و لە حاڵەتێکی دەروونیی ناجێگیردایە، بۆیە کچەکە دەکەوێتە بەراوردکردن لەنێوان خۆشەویستە راستەقینەکەی و ئەو کارەکتەرە نەرمونیانەی لە ڤێرژنە دیجیتاڵییەکەیدا هەیە، ئەوەش وایلێدەکات لە واقیع هەڵبێت و لەو خزمەتگوزارییەدا بەردەوام بێت، وەک ئەوەی خیانەت لە خۆشەویستەکەی لەگەڵ کۆپییە دیجیتاڵییەکەیدا بکات.
خاڵی شۆک لە فیلمەکەدا
خاڵی شۆک لە فیلمەکەدا ئەوەیە کە زۆرجار زانایان هۆشداری لەبارەوە دەدەن، ئەویش پەرەسەندنی زیرەکیی دەستکردە بۆئەوەی بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ خۆی بیربکاتەوە، ئەوەش پیشاندەدرێت کاتێک کارەکتەری دایکە ئەی ئای-ە کە دەگاتە ئەوەی بیەوێت لە سیستمەکە هەڵبێت تەنیا بۆ رزگارکردن و بینینی کچەکەی دوای ئەوەی درک بەوە دەکات دنیای چواردەوری دنیایەکی گریمانەکراوە و ئەو مردووە و دەیانەوێت داتاکانی بکوژێننەوە و چیتر ناتوانێت قسە لەگەڵ کچەکەیدا بکات، دەگاتە حاڵەتێک داتاکانی دووبارە لەخۆیەوە دادەگیرسێنەوە، تا لە دیمەنێکی زۆر کاریگەردا دەگات بە کچەکەی، بەڵام هەر یەکەیان لە جیهانێکدان کچەکە لە جیهانی راستەقینە و دایکەکە لە دنیای گریمانەکراودا، لێرەدا لە خۆت دەپرسیت کامیان راستەقینەکەیە یان ئایا ئەوی دیکەش جۆرێک لە راستیی تێدا نییە؟! هاوکات ئەگەر ئەو هەڵبژاردەیەت بدەنێ ئامادەی دوای مردن وەک کارەکتەرێکی (ئەی ئای) لە نێو خۆشەویستانتدا بمێنیتەوە یان ئەو کەسە ئازیزەی زۆر بیری دەکەیت و رۆژگار رووخسار و دەنگیت بیردەباتەوە، چی دەبێت ئەگەر ڤیدیۆکۆڵێکی لەگەڵدا بکەیت و باسی رۆژەکەی خۆتی بۆ بکەیت؟! 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان