شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و قوباد تاڵەبانی تەئکیدیان لەسەر رۆڵی کاریگەری یەکێتی کردەوە

06:49 - 2024-09-07
کوردستان
181 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی شەممە 7ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ،لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، لەبارەگای ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان وەستا رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەرانی هێزی یەدەکی پێشمەرگەی کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ستایشی رۆڵ و کاریگەریی پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی یەدەکی کرد کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی سەختی شاخ و دوای راپەڕینیش لە بەرگریکردن لە دەستکەوتە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستاندا رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبووە و لەو بوارەدا قوربانی بێ شوماریان بەخشیووە و پێی راگەیاندن:  ئێوەی شەهیدی زیندوو کە ئەوپەڕی فیداکاریتان نواند، خاوەنی دەستکەوتەکانی پاش راپەڕینن.

پاشان، لێپرسراوی ئەنجومەن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئیی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە سەبارەت بە زەرورەتی یەکخستنی پێشمەرگەو دامەزراندنی سو‌پایەکی یەکگرتووی کورستان کرد کە ئەرکی سەرەکی پاراستنی هەرێم بێت لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک، دووپاتیشیکردەوە کە هێز و سوپای حزبی یەکێکە لە هەڕەشەکانی سەر هەرێم.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، وێڕای خستنەڕووی رۆڵی گەورە و کاریگەریی یەکێتی، ئاماژەی بە گرنگی و بایەخی یەکڕیزی گەلەکەمان کردەوە و رایگەیاند، هەرکاتێک یەکێتی و هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان هاوپەیمان و یەک دەنگ بووبێتن، دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەڵام کاتێک پەرتەوازەو ناکۆک بووبێتین نەمانتوانیووە وەکو پێویست بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بپارێزین و خزمەتیان بکەین، بۆیە دەبێت بەردەوام کار لەسەر یەکێتی ریزەکانی خەڵک و حزبە سیاسییەکان بکەین.

دواتر قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە دیداری لەگەڵ تێکۆشەرانی هێزی یەدەک و ئاماژەدان بە پێگەی گرنگی ئەو هێزە لە بەرگریکردن لە دامەزراوەکانی هەرێم، دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بۆ باسکردن و رۆڵی گەورەو کاریگەری یەکێتی لەو نێوەندەدا بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.

 قوباد تاڵەبانی، جەختیکردەوە کە ئەمڕۆ یەکێتی لە هەموو کاتێکی تر زیاتر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و یەک گوتارە، ئەوەش بووەتە مایەی پتەوترکردنی پێگەکەی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێم و عیراق کە سەرەنجام بە قازانج و بەرژەوەندی میللەتی کورد دەشکێتەوە، سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی لە موسڵ و کەرکوک و بەغدای بە بەرجەستەبوونی ئەو یەکڕیزییەی ناو یەکێتی لەقەڵەم دا، کە ئومێد دەکرێت ئەو زنجیرە سەرکەوتنانە، رەنگدانەوەیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئامادەبوان بە دەربڕینی ئازادانەی تێبینی و رەخنەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەپێزتر کرد، هاوکات کۆمەڵێک بابەتیان خستەڕوو و داوای بەدواداچوون و چارەسەریان کرد.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان # قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان