رێكکەوتنی سیاسی پێویستە..

گەڕانەوەی موڵك‌ و زەوییە داگیركراوەكانی سەردەمی بەعس

11:22 - 2024-09-08
کوردستان
122 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

دوای ئەوەی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران رەتیانكردەوە كە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵك و زەوییە داگیركراوەكانی سەردەمی رژێمی بەعس بدەن، تەئكیددەكرێتەوە لەسەر ئەوەی كە «بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە، پێویستە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا بكرێت».
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵك‌ و زەوییە داگیركراوەكانی سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو، كە ژمارەیەك لە پێكهاتەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران رێگربوون لە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە و تێپەڕاندنی، وتیشی: جگە لە هەوڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە لەو بارەیەوە هاودەنگ و هەماهەنگن، پێویستە لەسەر ئاستی سیاسیش رێككەوتن لەنێوان هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عیراق كورد، شیعە و سوننەدا بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە بە تێپەڕاندنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی بەعس و گەڕانەوەی موڵك و زەوییە داگیراوەكان، جووتیاران و هاووڵاتیانی كورد و توركمان لە ناوچەدابڕێنراوەكان مافەكانی خۆیان وەردەگرنەوە، كە مافی یاسایی خۆیانە و لێیان داگیركراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان