سەرۆک بافڵ بۆ باڵیۆزی ئەمریکا: بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێین

06:37 - 2024-09-09
کوردستان
797 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق.

لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و هەنگاوەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دۆخی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونی دا و ئاماژەی بەوەکرد، بەرەو هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێین، هەرێمەکەمان پێویستی بە گۆڕانکارییە لە پڕۆسەی ‌حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و پێویستە شەرعییەت بۆ دامەزراوە یاساییەکان بگەڕێتەوە. هیوادارین هەموو لایەک هاوکاربن لە سەرخستنی پڕۆسەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد کە ببێتە مایەی سەقامگیری و بەهێزتربوونی هەرێمەکەمان.

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵکەکەیەوە، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بووین لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا، ئامانجی ئێمە بەدیهێنانی ژیانێکی دادپەروەرانە و داهاتوویەکی سەقامگیرە، هەوڵەکانیشمان لەو پێناوەدا بووە، دەمانەوێت حکومەت لەخزمەت هاووڵاتییاندا بێت و جیاوازیی لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نەکات، وەک ئەوەی بەداخەوە لە رابردوودا بینیوومانە و ژیانی خەڵک تێکەڵی ململانێ سیاسی و حزبییەکان دەکرا و حکومەت دەخرایە خزمەت بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە.

پرسی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەی هێزەکان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، هەڵوێستمان روونە و دووپاتیدەکەینەوە؛ دەمانەوێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە و دوور لە دەستتێوەردانی حزب بونیاد بنێین، بۆ ئەمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و نامانەوێت هیچ بەربەستێک لە بەردەم ئەم پڕۆسە نیشتمانییەدا دروست بکرێت، هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش لەو پێناوەدا بەرز دەنرخێنین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان