کۆیە یادی مەلا رەئوف خادم سوجادە دەکاتەوە

11:51 - 2022-06-29
کوردستان
1004 جار خوێندراوەتەوە

هاوژین عەبدولواحید

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ 29/6/2022 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک نووسەر و ئەدیب و ئەدەبدۆست کۆڕێک بۆ مەلا رەئوف خادم سوجاده لە کۆیە سازکرا بە ناونیشانی( بازیاتر مەلا رەئوفی خادم سوجادە لە رووی: ئەدەبی، رۆشنبیری، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی بناسین.
 سەرەتا پەخشانێک لەسەر مەلا رەئوف لەلایەن  رەهبەری سەید برایمەوە  پێشکەش کرا.
هەروەها دکتۆر کەمال غەمبار بابەتێکی بە ناونیشانی مەلا رەئوف  مەلا و قازی، لە رێگای داتاشۆوە کە عەبدولڕەحمان بێلاف تایبەت بە ئەرشیفەکەی مەلا رەئوفە فەندی ئامادەی کردبوو نمایشکرا، 
هەروەها لە رێگای داتاشۆوە چاوپێکەوتنێکی سینەم بەدرخان تایبەت بەپەیوەندی بنەماڵەی خادم سوجادە و بەدرخانییەکان نمایش کرا.
مەلا رەئوف لە شاری کۆیه لەگەڕەکی بەفری قەندی لەدایک بووە، یەکێک بووە لەپیاوە ناودارەکان کە شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ سیاسی و قازی و مەلا بووە، وەک بنەماڵەیەکی ئاینیش رۆڵی زۆریان هەبووه لە گەشەکردنی باری رۆشنبیری لەشاری کۆیه، کە خوێندنگەیان هەبووە و خەڵکیان فێری خوێندەواری و زانست کردووه،
د.ئازاد له لێدوانێکدا لەبارەی ئەم کۆڕەوە وتی: ئەم کۆڕه ناساندنی پیاوێکی کورد بوو لەبواری نیشتمانپەروەری و ئاینی و زمانزانی و پەیوەندییەکان، لەبواری دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆیبوون بۆ رزگاری کوردستان رۆڵی گەورەی هەبووە.
  رەهبەری سەید برامیش وتی: دیوانی مەلا رەئوف د.کەمال غەمبار چاپی کردووە، دەستنووسەکەشی هەر لەماڵی بنەماڵەی خادم سوجادەیه.
پیاوێکی نیشتمانپەروەر و زۆر عاشق بووە کەچەندین جار عەشق و دین و نیشتمانی ئاوێزانی یەک کردووە
پیاوێکی مەزنە لەدوای خانی و حاجی قادر هاتووە.
چەندان جار لەشیعرەکانیدا ناوی کوردستانی هێناوە و داوای سەربەخۆیی کردووه.
هەروەها بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی کۆیە مامۆستا ئارام ساڵح وتی: ئێمە یەکەم لایەنین وەک کتێبخانەی گشتی کۆیه ئەو کۆڕە فراوانەمان کردووە، کەخەڵکێکی زۆر بەپەرۆشەوە گوێیان لەوکۆڕه گرتبوو چووبوونە ناخی قسەکانەوە و سەرسامی کەسایەتی ئەم زاتەبوون.
هیوادارین دواین کۆڕ نەبێت و زانکۆی کۆیە و دام و دەزگا رۆشنبیرییەکان لەمەودوا کۆنفرانس بکەن و بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرهەم و دەستنووسەکانی لەهەموو ئەو پاشماوانەی لەپاشی بەجێماوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان