لە یادی 33 ساڵەی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا

یادێك لە بەرنامەی (كەشكۆڵ)

10:53 - 2024-09-11
هەمەرەنگ
178 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو لە یادی 33 ساڵەی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستاندا، هەموو شتێك لە بارەی بەرنامەی (كەشكۆڵ) دەزانن. 
لەیادی 33 ساڵەی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستاندا، بەشی دیكۆمێنتەری گەلی كوردستان، بەرنامەیەكی دیكۆمێنتەری تایبەت بە بەرنامەی (كەشكۆڵ) ئامادە دەكات، وەكو یەكێكە لە بەرنامە تەنزئامێزە رەخنەگرە دێرین و كاریگەرەكانی تەلەفزیۆنی كوردی لە دوای راپەڕینی 1991 كە لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بە بەشداریی چەندین هونەرمەندی ناسراو  بەشێوەی هەفتانە نمایشدەكرا. بەرنامەی كەشكۆڵ، لە1/1/1992 ئەڵقەی یەكەمی تۆماركراوەو پەخشكراوە، لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەم بەرنامە دیكۆمێنتەرییە، نەبەز حەمەشوكر ئامادەكاری بەرنامەكە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە وەرزی نوێی كاركردنمان لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان وەكو بەشی دیكۆمێنتەری گەلی كوردستان دوای ئەوەی چەندین بەرنامەمان لەسەر تیپ و گروپ و رێكخراوە هونەرییەكان كرد، ئەمجارەش دیكۆمێنتەرییەكمان ئامادەكردووە لەسەر بەرنامەی (كەشكۆڵ) كە یەكێكە لە پڕ بینەرترین بەرنامەكان لە مێژووی تەلەفزیۆنی كوردیدا، كە بەشێوازێكی تەنز و كۆمیدیا رەخنەیان دەگرت و كۆمەڵگایان هۆشیار دەكردەوە، ئەمەش وایكردبوو كە كاریگەرییەكی ئێجگار زۆری لەسەر دەسەڵات هەبێت بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و گەیاندنی خەمەكانی خەڵك.
بەرنامەكە لە ئامادەكردنی هونەرمەند سیروان جەمال بوو، لەگەڵ نواندنی چەندین هونەرمەندی ناسراوی گەلەكەمان، لەوانە هونەرمەندان: مستەفا ئەحمەد، خوالێخۆشبوو كەمال سابیر، سیروان جەمال، ماهیر حەسەن، بەهائەدین عەبدوڵڵا، بەهائەدین نوری، سەڵاح باڵابەرز و ئاڵا عومەر و زۆر هونەرمەندی تر. بۆیە لە یادی 33 ساڵەی تەلەفزیۆنەكەماندا، بەپێویسمانزانی یادێك لەو بەرنامەیە بكەینەوە و دیكۆمێنتەرییەكی لەسەر ئامادە بكەین، كە چەندین هونەرمەندی بەشدار و ئاگادار قسەی لەبارەوە دەكەن و  هەمووشیان ئاماژە بە رۆڵی سەرەكی و كاریگەر و پشتیوانیی رەوانشاد سەرۆك مام جەلال دەكەن، كە بە پشتیوانییەكانی وایكردبوو بەرنامەكە زیاتر سەركەوتوو بێت و كاریگەری هەبێت. شایانی باسە ئەم بەرنامەیە، ئەمشەو 11/9/2024 ، سەعات 9.30 شەو لە كەناڵی گەلی كوردستان نمایشدەكرێت.

كۆمار مەسعود

بابەتە پەیوەندیدارەکان