وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق: ئامانجمان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ زێدی خۆیان

پەروین فاتیح بۆ كوردستانی نوێ: قسە لەسەر دیاریكردنی میكانیزمێك كرا

11:44 - 2024-09-12
کوردستان
196 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد
دوێنێ، ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، بە هاوڕێیەتی ئەسوان كلدانی سەرۆكی هاوپەیمانیی فراكسیۆنی بابلیون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی پارێزگای كەركوكی كرد و لەلایەن رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك پێشوازیی لێكراو دواتر سەردانی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی ی.ن.ك-ی كرد.
لەبارەی سەردانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانەوە، پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانی ناوبراو گەیاندنی پەیام بوو بۆ ئەندامانی عەرەب و توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنیان كردووە، وتیشی: لە كۆبوونەوەكاندا بارودۆخی ئاوارەكانی كەركوك تاوتوێكران تا میكانیزمێك دیاری بكرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند: كەركوك پێشوازی لە ئاوارەكان كرد كاتێك چەكدارانی داعش پەلاماری سنوورەكانیان دا، كە نزیكەی 37 هەزار خێزانی ئاوارەی شارەكانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین روویان كردە كەركوك، وتیشی: ئامانج لەم سەردانەم، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێی كەركوك، پرسی گەڕانەوەی ئاوارەكانمان لە كەركوكەوە بۆ زێدی خۆیان تاوتوێكرد.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان