فاروق مستەفا، خاوەنی 40 كتێب و یادەوەرییەکانی کەرکوک

12:56 - 2024-09-12
ئەدەب و هونەر
188 جار خوێندراوەتەوە

كەرکوک - رزگار شوانی


ئەدیب و نووسەر فاروق مستەفا یەکێکە لە دیارترین و ناسراوترین رووناکبیرانی شاری کەرکوک کە هەردەم ئامادەبوونێکی بێ وێنەی هەیە لە کۆڕو سیمینار و فێستیڤاڵە رووناکبیرییەکاندا چ لەکەرکوک و چ لە کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقدا.
فاروق مستەفا لەساڵی 1946 لەشاری کەرکوک لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردوە، دواتر بڕوانامەی بەشی زمانی عەرەبیی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا بەدەست هێناوە و بووە بە مامۆستای زمانی عەرەبیی. ماوەی شەش ساڵ لەوڵاتی جەزائیر وانەی وتۆتەوە، لەکۆتایی ساڵانی نەوەدەکاندا خانەنشین کراوە. لێرەوە خۆی تەرخان کردووە بە خوێندنەوە و نووسین، ئێستا خاوەنی 40 كتێبە لەبوارە جیاجیاکانی ئەدەبدا.
کوردستانی نوێ چاوی بەم رووناکبیرە بەئەمەکە کەوت و چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد.

* «جەماعەتی کەرکوک» كەلێنێکی تایبەتی لای تۆ جێهێشتووە، هاوڕێیەتیت چۆن بوو لەگەڵ دامەزرێنەران و ئەندامانی ئەو گروپە ئەدەبییەدا؟
- هەموویان برادەرم بوون، بەجەماعەتی کەرکوک ناسراون، تەنها (ئەب یوسف) نەبێ کە لە رێگەی سەڵاح فایەق و جان دەمۆ وە ناسیم، ئەوان شیعرەکانی منیان بۆ ئەب یوسف دەخوێندەوە کاتێ لەکەرکوک بوو ئەو کاتانەیش کە لە سوید دەژیا.
* بەچێژەوە ئامادەبوونێکی نایابت هەیە لە کۆڕ و فێستیڤاڵە رۆشنبیرییەکاندا کە دەنگدانەوەیەکی باشیان هەیە،خۆت سەبارەت بەمە چی دەڵێیت؟
- بێگومان پێخۆشحاڵ دەبم کە توانیومە جێی پەنجەم لە نێو دڵی هەموواندا دیاربێت، هەرلە سەرەتای ژیانمەوە باوەشم بۆ هەمووان کردۆتەوە و هاوکاریم کردوون، دەستم لەگەڵ دەستی خێر و کۆششکاران تێکەڵ کردووە و بەبەردەوامیش قاوەکەم لەسەر ئاگرە و چاوەڕوانی برادەرە خۆشەویستەکانمم.
* چۆن واقیعی رووناکبیریی دوێنێ و ئەمڕۆ دەبینیت؟
- بێگومان هەر زەمەنێک تایبەتمەندیی و ئیقاعی خۆی هەیە، باش بێت یاخود خراپ. ئەدیبانی زەمەنی پێشوو کە بە (زەمەنی جوان) ناسراوە، زۆر جدیی بوون و ئالودەی خوێندنەوە بوون، حەزیشیان لە فێربونی زمانی بیانی بوو، ئەمە جگە لە رۆشنبیریی گشتی و هونەری شێوەکاریی و پەیکەرتاشی و سینەما و هونەرەکانی تر. من هەمیشە دەڵێم: ئەدەب و بوارە ئەدەبییەکان پێویستییان بە جدیی بوون لە بواری رۆشنبیریی و خوێندنەوە و بەدواداچوون و واڵاکردنی پەنجەرەکان بۆ پێشوازیی کردن لە هەوای داهێنانە جۆر بەجۆرە بیانییەکان هەیە.
*  لەسەر ئەدەبیات و ئەدیبانی کورد نووسیووتە و نووسینەکانیشت کاریگەرن، دیارترین ئەو نووسەرانە کێ بوون؟
- مامەڵەم لەگەڵ زۆربەی ئەدیبانی کوردا کردووە لە رێگەی نووسینەکانیانەوە، لەپێش هەموویانەوە مامۆستای خوالێخۆشبوو محەمەد سابیر مەحمود کە لەقۆناغی خوێندنی ناوەندیدا وانەی زمانی عەرەبیی پێ دەوتمەوە، دەتوانم بڵێم وتاری زۆرم نوسیووە لەسەر بەرهەمەکانی ژمارەیەکی باش لە ئەدیبانی کورد، وەکو یوسف حەیدەری و عەباس عەسکەر و ئیسماعیل رۆژبەیانی و لەتیف هەڵمەت و شێرکۆ بێکەس و کەژاڵ ئەحمەد و ئەحلام مەنسور و قوبادی جەلیزادە و تەیب جەبار کە لەسەر ئەزموونی ئەم نووسەرە کتێبێکی چاپکراوم هەیە، هەروەها سەبارەت بە عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و بورهان ئەحمەد و  نەوزاد ئەحمەد و ڤینۆس فایەق و نووسەرانی ترم نووسیوە کە بەداخەوە ئێستا ناوەکانی هەموویانم لە بیر نییە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان