داهاتی فیلمە نوێکەی ملیارێک دۆلاری تێپەڕاند

11:32 - 2022-06-30
هەمەرەنگ
407 جار خوێندراوەتەوە

فیلمی «Top Gun: Maverick» کە فیلمێکی نوێی سینەمای جیهانە و ئەکتەر و ئەستێرەی دیاری سینەما «تۆم کروز» رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت، ماوەیەکە لەسەر شاشەی سینەماکان نمایشدەکرێت، فیلمەکە توانیویەتی سەرکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت و داهاتەکەشی گەیشتۆتە ملیارێک و شەش ملیۆن دۆلار.
ئەم فیلمە نوێیە بەرهەمی کۆمپانیای «Paramount Pictures»ە و لە سەرەتای بڵاوکردنەوە و یەکەم رۆژی نمایشکردنی فیلمەکەدا کە لە لەندەن مەراسیمی بۆ رێکخرا جگەلەوەی «تۆم کروز» خۆی ئامادەی مەراسیمەکە بوو فڕۆکەیەکی تایبەتیش کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتبوو لە بەردەم هۆڵی سینەماکەدا دانرا و ئەمەش سەرنجی بینەرانی فیلمەکەی بەلای خۆیدا راکێشا، هەروەها فیلمەکە لە فێستیڤاڵی کان نمایشکرا و وەک رێزلێنانێکیش لەم ئەکتەر و سینەماکارە بەڕێوەبەرانی کان خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوونییان بەخشییە تۆم کروز.
لەم فیلمە نوێیەدا جگە لە «تۆم کروز»  ژمارەیەک ئەکتەری دیار رۆڵدەبینن، لەوانە: «میلیس تایلۆر، جێنفەر کۆنیللی، جۆن هۆم، مۆنیکا باربارۆ، فال کیلمەر، ئاد هاریس» و چەندین ئەکتەری تر. فیلمەکەش «جوزێڤ کویزینسکی» دەرهێنەرێتی.
تۆم کروز یەکێکە لە روخسارە دیارەکانی سینەما و لە ژیانی هونەریدا بەشداریی لە چەندین فیلمدا کردووە و ژمارەیەک فیلمیشی بەرهەمهێناوە، بۆ ئەم بەشدارییانەشی چەند جارێک پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی گۆڵدن گلوپ و ئۆسکار و بافتا، چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێاوە.

ئومێد محەمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان