راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
یوس فۆکەس رێکخراوێکی گەنجانەیە لە هەرێمی کوردستان، ساڵی 2021 لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە دامەزراوە و کار لەسەر برەودان بە حەز و خولیاکانی گەنجان دەکات.
سەرەتا ئەندامانی رێکخراوەکە لە رێگەی گروپی هیوای گەنجانەوە لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و چەندین چالاکییان کردووە، دواتر بۆ برەودانی زیاتر بە کارەکانیان رێکخراوی یوس فۆکەسیان دامەزراندووە.
بێستون زوبێر سەرۆکی رێکخراوی یوس فۆکەس بۆ کوردستانی نوێ وتی: زیاتر کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکەین کە پەیوەندییان بە گەنجان و ئینتیمای نیشتمانی گەنجانەوە هەیە، رێکخراوکەمان لەلایەن شەش کەسەوە بەڕێوەدەبرێت و بەشی وەرزشی چالاکترین گروپی رێکخراوەکەمانە.
چۆنییەتی کارکردن
رێکخراوی یوس فۆکەس لە رێگەی چەند بەشێکەوە خزمەت بە گەنجان دەکات، کە بەشەکانی وەرزش، پەیوەندییەکان و پڕۆژەکانە.
سەرۆکی رێکخراوی یوس فۆکەس دەڵێت: حکومەت وەک پێویست هاوکارمان نییە و زیاتر کارەکانمان خۆبەخشییە، بۆیە هەوڵمانداوە کار لەسەر ئەو پڕۆژانە بکەین کە کەمترین تێچووی هەیە.
وتیشی: هەندێکجار لەکاتی چالاکییەکاندا داوای هاوکاری لەلایەنی بەرپرس و جیاجیا دەکەین، بۆ نموونە لە ماوەی رابردوودا پشتێنەی سەوزاییمان بۆ چەند یاریگایەک دروست کردووە و بۆ دابینکردنی نەمامەکان داوامان لە لایەنی بەرپرس کردووە هاوکاریمان بکات.
کاری رێکخراوە ناحکومییەکان بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2011 یاسای رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان- عیراق رێکخراوە و لە ماوەی رابردوودا چەند هەوڵێک هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، بەڵام بێ ئەنجام بوون، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکان یاساکە بە رێگر نازانن بۆ بەباشی جێبەجێکردنی کاروباری رێکخراوەکان.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەت لە هەرێم چوار هەزار و 806 رێکخراو هەن، زۆرترینیان لە بوارەکانی مرۆیی (خێرخوازی) و پەرەپێداندا کاردەکەن
چالاکییەکانی یوس فۆکەس
رێکخراوی یوس فۆکەس لە بەشی وەرزشی دوو ئەکادیمیای هەیە هەریەکەیان 150 یاریزانیان هەیە لە تەمەنە جیاوازەکاندا، کە خولیان بۆ رێکدەخەن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن، یەکێك لە ئەندامەکانیان لەم بەشە پاڵەوانی سلێمانییە لە یاری بۆکسێندا، واتا گرنگی بە گەنجان دەدەن بۆ ئەوەی لە بوارەکەی خۆیاندا زیاتر بەرەوپێش بچن.
بێستون زوبێر دەڵێت: خۆمان لەو بابەتە تەقلیدییانە پاراستووە رێکخراوەکەمان بۆ دروستکردنی پەیوەندی تایبەتی بەکاربهێنین وەک ئەوەی زۆرێک لە رێکخراوەکانی تر دەیکەن و رێزلێنان بدەین بە شوێنێک بەبێ ئەوەی کارێکی بەرچاوی کردبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا هەشت چالاکیمان بۆ گەنجان کردووە و لقیشمان لە کەرکوک هەیە، نزیکەی 100 ئەنداممان هەیە و کەمتر کار لەسەر کۆکردنەوەی ئەندام دەکەین زیاتر کار لەسەر پشتیوانیکردنی گەنجان دەکەین ئەگەر پاڵپشتییەکە مەعنەویش بێت.
لە دوای قەیرانی دارایی و لە ساڵی 2014ەوە هیچ هاوکارییەکی مادی بۆ رێکخراوکانی کۆمەڵی مەدەنی نییە و هەرچەندە بەڵێندراوە لینک دروست بکرێت لەنێوان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە ناوخۆییەکاندا، بەڵام تائێستا هیچ جۆرێک لەو هاوکارییانە نییە.
بێستون زوبێر سەرۆکی رێکخراوی یوس فۆکەس باسی لەوەکرد، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لەڕووی پشتیوانیکردنەوە کەمترین فۆکەسی لەسەر ئەو رێکخراوانەیە کە لە سنووری شاری سلێمانیدا کاردەکەن و رۆتینێکی زۆر هەیە لە کارەکانیاندا. بۆ نموونە ئەگەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک داوای 200 هەزار دینار بکەیت، دەبێت 100 هەزار دینار لە رۆتینات و هاتوچۆدا خەرج بکەیت.
وتیشی: وەرگرتنی فەند لە رێکخراوە جیهانییەکان تاڕادەیەک قۆرغ کراوە بۆ چەند رێکخراوێکی خێرخوازی، جگە لەوە کارەکە رێکخراو نییە و دەکەوێتەوە سەر پەیوەندییەکانی رێکخراوەکە خۆی.
جێبەجێکردنی پلانەکان
یوس فۆکەس لەگەڵ سەرجەم رێکخراوەکانی دیکە پەیوەندی باشی هەیە و سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: هەموو رێکخراوەکەمان لە جانتایەکدایە و ئەوکاتەی بیرۆکەی کارێک هەبێت ئەندامەکان لە شوێنێکی دیاریکراو کۆدەبینەوە و گفتۆگۆی چۆنیەتی کارکردن دەکەین لەسەری.
دەستەی بەڕێوەبەرانی رێکخراوی یوس فۆکەس، لە سەرەتای هەر ساڵێكدا پلانی کارکردنی خۆیان دادەنێن، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: بەهۆی نەبوونی بودجەیەکی تایبەت توانیومانە تەنها ئەو بەشەی پلانەکانمان جێبەجێ بکەین کە پشتیوانی مەعنەوییە کە سەدا 50 پلانی ئەمساڵمانە.
وتیشی: بە سوپاسەوە بەشی هەماهەنگی هێزەکانی 70 لە هەوڵدان لەگەڵ وەفدی مرۆیی ئیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دانیشتنێکمان بۆ رێک بخەن کە فەندیان هەیە بۆ کارکردن لەسەر گەنجان و ژینگە و تەندروستی، بەو هیوایەین بتوانین هاوکارییەکی ئەوان وەربگرین، بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە پلانەکانمان بۆ خزمەتکردنی گەنجان.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەرێم چوار هەزار و 806 رێکخراو هەن، زۆرترینیان لە بوارەکانی مرۆیی ( خێرخوازی) و پەرەپێداندا کاردەکەن، ئەوە بێجگە لە ژمارەیەک رێکخراو کە هەڵوەشاونەتەوە و بێ بەڵگەن.
سەرۆکی رێکخراوی یوس فۆکەس بۆ کوردستانی نوێ :
حکومەت وەک پێویست هاوکارمان نییە و زیاتر کارەکانمان خۆبەخشییە، بۆیە هەوڵمانداوە کار لەسەر ئەو پڕۆژانە بکەین کە کەمترین تێچووی هەیە