لە سنووری بادینان دەزگا ئەمنییەکانی حزبی باڵادەستی ناوچەکە، بەر لە دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە سەرپێچیان دەستپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا رێگرییان لە تیمێکی ڕاگەیاندنی یەکێتی و کاندیدێک کردووە. لەمبارەوە لەتیف نێروەیی ئەندامی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنی پارێزگای دهۆک لەقەزای ئامێدی، بەتوندی ئیدانەی رێگرییکردن لەتیمی راگەیاندنی یەکێتی دەکات و دەڵێت: بەداخەوە پێش بانگەشەی هەڵبژاردن هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئەوەی لە بەرامبەر تیمی راگەیاندنی یەکێتی کردوویانە و نەیانهێشتووە سەردانی گوندە زیانلێکەوتووەکانی دەڤەری بەرواری باڵا بکەن لە سنووری قەزای ئامێدی و لێدوان لە جوتیار و هاووڵاتیانی گوندەکان وەربگرن، پێشێلکارییەکی گەورەیە، بەتایبەت کە سەردانەکە لەسەر داوای هاووڵاتیانی ناوچەکەبوو، هەروەک رێگرییانکردووە لە کاندیدێکی یەکێتی و نەیانهێشتووە سەردانی گوندەکانی دەوروبەری ئامێدی بکات بەبیانووی دۆخی ئەمنی، لەپێناوی سنووردانان بۆ ئەم پێشێلکارییانە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رێگا نەدەن ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ناسەردەمیانە دووبارە بکرێتەوە، کە زیان بەناوبانگی هەرێم دەگەیەنێت و هەڕەشەش لەسەڕ پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردنێکی دیموکراتی دروست دەکات و لەئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو سەرپێچیانە هەموو رێکاری یاسایی دەگرینەبەر.