پ. د. پۆڵا ئازاد خانەقا م. ئەرکان عوسمان حسێن
ئاو ئەو پێداویستییەی کە ژیانی لەسەر بەندە، لە ئێستادا جەنگێکی جیهانی گەورە لەسەر ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان دەستیپێکردووە، قوربانی یەکەم و هەرە دیاریش عیراقە، چونکە تەنها خاوەنی دوو رووباری گەورەیە، کە سەرچاوەکانیان لە تورکیاوە دێت، کە بەردەوام وەک کارتی سیاسی بەکار دەهێنرێن لە دژی عیراق، هەروەها ئێرانیش بەم دواییانە بە چەند جۆرێک هەمان کارتی بەردانەوەی ئاوی بە سیاسیی کردووە، جار جارە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەی سلێمانی وشک دەکات. عیراق و کوردستان کەوتونەتە ناوچەی کەمەرەیی زەوی کە ناوچەیەکی وشک و کەم بارانە و زۆرترین ئەگەری وشکەساڵی و قەیرانی ئاو لەم ناوچانە روودەدەن. قەیرانی ئاو لە عیراق ساڵانە روودەدات، بە جۆرێک رووبار و دەریاچە و زۆنگاوەکانی تووشی وشکبوون دەبن، ئەمەش بەهۆی باش بەڕێوەنەبردنی ئەم سامانە گرنگەوە. زۆر گرنگە تاکی کورد لەم ئاڵنگاریی و کێشە و ئاڵۆزییانە تێبگات و بە هەندی وەربگرێت، گرنگە پەروەردەی بەڕێوەبردنی ئاو لە ناخی هەموو تاکێکی کورددا بچەسپێنرێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ژیر و پارێزەری سەرچاوە سروشتی و نەتەوەییەکانمان.
لە ئێستادا جەنگێکی جیهانی گەورە لەسەر ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان دەستیپێکردووە، قوربانی یەکەم و هەرە دیاریش عیراقە
هەڵسەنگاندنی ئاو
هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرە بۆ بڕ و کوالێتی و دابەشبوونی سەرچاوەکانی ئاو. ئەم پڕۆسەیە گرنگە بۆ بەڕێوەبردنی بەردەوامی، دڵنیابوون لە بەردەستبوونی و سەلامەتی ئاو بۆ بەکارهێنانی جۆراوجۆر لەوانە خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازیی و پشتگیریی ئیکۆسیستم.
کوالێتی ئاو
کوالێتی ئاو بەم پارامێتەرانەی خوارەوە هەڵدەسەنگێنرێت.
یەکەم: پارامێتەرە فیزیکییەکان
پلەی گەرمی: کاریگەریی لەسەر رێژەی کارلێکی کیمیایی و بایۆلۆژیی هەیە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کەشوهەوا دەتوانێت ئاستی ئۆکسجینی تواوە کەم بکاتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی ئاویی دەبێت.
- گێژاو Turbidity ئاوەکە: روونی ئاوەکە دەپێوێت، بەرزیی رێژەی ناڕوونی ئاو بە هۆی خڵتە و خۆڵەوە دەتوانێت ماددە زیانبەخشەکان لەخۆ بگرێت و کاریگەریی لەسەر چوونە ژوورەوەی رووناکی هەبێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر رووەکە ئاوییەکان دەبێت.
دووەم: پارامێتەرە کیمیاییەکانی ئاو
-رێژەیpH : ئاماژەیە بۆ ترشێتی یان تفتێتی ئاو. بەرزی pH دەتوانێت زیان بە ژیانی ئاویی بگەیەنێت و کاریگەریی لەسەر بەکارهێنانی ئاو هەبێت.
-ئۆکسجینی تواوە (DO): پێویستە بۆ ژیانی ئاویی. ئاستی نزمیی DO ئاماژەیە بۆ پیسبوون و خراپی کوالیتی ئاو.
-ماددەی خۆراکی: نیترات و فۆسفات لەخۆدەگرێت کە زیاتر لە سێکتەری کشتوکاڵییەوە بۆی دێت.
-کانزا قورسەکان: وەکو قورقوشم و جیوە و کادمیۆم. ئەم ماددانە ئاو ژەهراوی دەکەن تەنانەت لە چڕیی کەمدا و مەترسییەکی بەرچاوی تەندروستی بۆ مرۆڤ و ئیکۆلۆجی ئاوەکە دروست دەکات.
-پیسکەری ئۆرگانی: قڕکەر و رووەککوژ و سرکە و humic acid و ماددە پیشەسازییە کیمیاییەکانی تر لەخۆ دەگرێت.
سێیەم: پارامێتەرە بایۆلۆجییەکان
-نەخۆشکەرە میکرۆبییەکان: بەکتریا و ڤایرۆس و پرۆتۆزۆا لەخۆدەگرێت. ماددە نەخۆشخوازەکان دەتوانن ببنە هۆی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو.
هەڵسەنگاندنی بڕی ئاو
أ- ئاوی سەر رووی زەوی
-رووبار و چەمەکان: رێژەی لێشاو و قەبارەكەی بە بەکارهێنانی وێستگەی پێوانەکردن دەپێورێت. گۆڕانکاریی وەرزیی و چالاکییەکانی مرۆڤ دەتوانێت کاریگەریی لەسەر شێوازی لێشاو هەبێت.
-دەریاچە و بەنداو و ئەستێلکەکان: هەڵسەنگاندنی قەبارەیان لە رێگەی رووپێوی باسیمێتریی و وێنەگرتنی مانگی دەستکرد کە دەتوانرێت بۆ ئاوی خواردنەوە و ئاودێری و کارەبا بەکار بێت.
ب- ئاوی ژێر زەوی
-ئاکویفرەکان و خەزانەکان: لە رێگەی تاقیکردنەوەی کونکردنی بیر و پەمپکردنەوە هەڵدەسەنگێندرێت. پێوانەکردنی رێژەی بارگاوییکردنەوە و ئاستی بەرز و نزمی ئاو لەخۆدەگرێت.
-بەردەوامی: زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو و دابەزینی کوالێتی ئاو.
سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو
-دەردانی پیشەسازی: ئەو کارگانەی کە ئاوی پیسی پاکنەکراوە، یان بە شێوەیەکی گونجاو پاکنەکراوە دەردەهێنن.
-کارگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ: ئەگەری لەکارکەوتن یان رژانی ئاوەڕۆ کە دەبێتە هۆی چوونی ئاوەڕۆی خاو بۆ ناو ئاوەکان.
-رژانی ماددەی کشتوکاڵی: قڕکەر و پەینی کیمیایی و پێداویستی و پاشماوەی ئاژەڵ کە لە ڕێگەی ئاوەوە دەچنە ناو ئاوەکانەوە.
-رژانی پاشماوەی جۆراوجۆر: رۆن، چەوری، کانزا قورسەکان و پاشماوە سوتەمەنییەکان و پیسکەرەکانی تر لە رێگاوبان و ناوچە شارییەکان.
کاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ
أ-نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو
-پاسۆجینەکان: دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا، ئیسقان و هتد.
-پیسکەری کیمیایی: بەرکەوتنی درێژخایەن بە کانزا قورسەکان و پیسکەری ئۆرگانیک دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن لەوانە شێرپەنجە، تێکچوونی دەمارەکان و نەزۆکی.
ب-کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستم
-تێکچوونی شوێنی نیشتەجێبوون: پیسبوون و گۆڕانکاریی فیزیکی لە ئاوەکاندا دەتوانێت شوێنی نیشتەجێبوون لەناوببات، کاریگەریی لەسەر جۆراوجۆری زیندوەران دەبێت.
-کۆبوونەوەی زیندەیی: ماددە ژەهراوییەکان لە زیندەوەراندا کۆدەبنەوە، بەرەو سەرەوەی زنجیرە خۆراکییەکان دەجووڵێن و کاریگەرییان لەسەر نێچیرەکان دەبێت، لەنێویاندا مرۆڤ. وەکو ماسی ناو بەنداوەکان.
بەڕێوەبردنی ئاو
بەڕێوەبردنی ئاو بریتییە لە پڕۆسەی پلاندانان و پەرەپێدان و دابەشکردن و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو. هەروەها بریتییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە رووی چەندایەتیی و کوالیتی بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی ئێستا و داهاتوو، لە هەمانکاتدا دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئیکۆسیستەمی سروشتی.
چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئاو
أ-بەڕێوەبردنی ئاوی سەر رووی زەوی
-بەڕێوەبردنی کۆگا ئاوییەکان: بەکارهێنانی کۆگا بۆ هەڵگرتنی ئاو لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە بارانی زۆر دەبارێت بۆ بەکارهێنان لە کاتی پێویست بەتایبەت وشکەساڵیدا.
-بەڕێوەبردنی حەوزی رووبارەکان: هەماهەنگی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو لە سەرانسەری تەواوی حەوزی رووبارەکاندا بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی یەکسان، ئەمەش لە ژێر چاودێریی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت نەک بە هەڕەمەکی.
-پاراستنی تاڵاوەکان (ئەستێڵکەکان): پاراستنی تاڵاوەکان بۆ بەرزکردنەوەی رۆڵیان لە پاڵاوتنی ئاوی سروشتی و هەڵگرتنی.
ب-بەڕێوەبردنی ئاوی ژێر زەوی
-بارگاوییکردنەوەی ئاوی زەوی: جێبەجێکردنی تەکنیکەکانی بارگاوییکردنەوەی دەستکرد وەکو حەوزی دزەکردن و بیرەکانی بارگاوییکردنەوە.
-رێکخستنی دەرهێنان: کۆنترۆڵکردنی بڕی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ رێگرییکردن لە زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردن.
-چاودێریی و هەڵسەنگاندن: چاودێرییکردنی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێر زەویی و کوالیتی بۆ دیارییکردنی گۆڕانکارییەکان و ئاگادارکردنەوەی بڕیارەکانی بەڕێوەبردن.
بەڕێوەبردنی کوالیتی ئاو
أ-کۆنترۆڵکردنی پیسبوون
-پیسبوونی سەرچاوە خاڵییەکان: رێکخستن و چارەسەرکردنی دەردانی ئاوی پیس لە سەرچاوە پیشەسازیی و شارەوانییەکان.
-پیسبوونی سەرچاوەی ناخاڵ: جێبەجێکردنی باشترین شێوازەکانی بەڕێوەبردن بۆ کەمکردنەوەی ئاوی ناوچە کشتوکاڵی و شارییەکان.
ب -چارەسەرکردنی ئاو
-چارەسەرکردنی ئاوی خواردنەوە: دڵنیابوون لەوەی کە وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو، ستانداردەکانی لابردنی پیسکەرەکان بەدی دەکەن.
-پاڵاوتنی ئاوی پیس: نوێکردنەوەی دامەزراوەکانی پاککردنەوە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی پیسکەرەکان بۆ ناو ئاوەکان.
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا
-گۆڕانکاریی خولی: گۆڕانکاری لە شێوازی بارانبارین، زیادبوونی فرێکوێنسیی رووداوە توندەکانی کەشوهەواو گۆڕانی ڕاڕەوی رووبارەکان.
- کەمبوونەی ئاو: رێژەی هەڵمبوونی زیاتر و کەمبوونەوەی کۆڵی بەفر و دروستکردنی حەوزی کراوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەردەستبوونی ئاو.
ستراتیژییەکانی گونجاندن
-خۆڕاگری ژێرخانی: دروستکردن و نوێکردنەوەی ژێرخانی بۆ بەرگەگرتنی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا.
-پاراستن و کارایی ئاو: بەرزکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو و زیادکردنی کارایی.
-گونجاندن لەسەر بنەمای ئیکۆسیستم: پاراستن و گەڕاندنەوەی ئیکۆسیستمی سروشتی بۆ بەرزکردنەوەی رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی ئاودا لەو نێوانەشدا بەکارهێنانی بەرنامەی GIS و RS.
تەکنۆلۆژیاکانی پاککردنەوەی ئاو
-پاڵاوتنی دەنکۆڵەیی: شێوازی پاڵاوتنی پێشکەوتوو بۆ لابردنی پیسکەرەکان.
-گۆڕینی ئاوی دەریا بۆ ئاوی شیرین بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی وەکو reverse osmosis.
-سیستمی ئاودێریی زیرەک: سیستمی ئاودێریی ئۆتۆماتیکی کە بەکارهێنانی ئاو بە باشترین شێوە بە پشتبەستن بە شێی خاک و زانیارییەکانی کەشوهەوا.
-سیستمی ریسایکلکردنی ئاو: تەکنۆلۆژیاکانی چارەسەرکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی پیس.
لە عیراق و بەتایبەت کوردستان هەڵسانگاندن و بەڕێوەبردنی ئاو بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئاستێکی نزم دایە. هەڵسانگاندن بۆ کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاوی شیرین و بە فیڕۆچوونی ئاو لە ئاستێکی سەرەتایی و نزمدایە بە جۆرێک لە زۆربەی ناوچەکان هۆشداری زانستی و ژینگەیی و تەندروستی بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان زۆر کەمە و ئەوەی گرنگی پێنەدرێت ئەو لایەنانەیە. بەشێک لە هاووڵاتیانی کوردستان لە مەترسیەکانی کەمئاوی و وشکەساڵی و گۆڕانکارییە ژینگەیی و کەشوهەواییەکان، وەک پێویست تێنەگەیشتوون و گرنگیشی پێنادەن، ئەمەش وای لە تاک کردووە بە فیڕۆدان و پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە دیمەنێکی ئاسایی ببینێت، بێئاگا لەوەی رۆژگارێکی سەخت بەڕێوەیە کە مرۆڤ بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاک و خواردنەوە، شەڕی دەوڵەتان دەکات. ئەرکی حکومەت وەک دەسەڵاتی رەها بریتییە لە بەرپرسیارێتی مێژوویی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاودا، کە رۆڵگێڕان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت. ئەمانە دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن:
-1رێکخستن و داڕشتنی سیاسەتی ئاوی
- دانانی ماف و رێساکانی بەکارهێنانی ئاو بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانە بەپێی یاسا.
- دانانی ستانداردی ژینگەیی بۆ پاراستنی کوالێتی ئاو.
- پەرەپێدانی سیاسەت بۆ بەکارهێنان و پاراستنی ئاو بەشێوەیەکی بەردەوام.
-2 گەشەپێدان و چاککردنەوەی ژێرخانی ئاوی
- وەبەرهێنان و پاراستنی ژێرخانی ئاو و پاککردنەوە و دابەشکردنی.
- دروستکردن و بەڕێوەبردنی بەنداو و کۆگا و کەناڵ و سیستمی ئاودێری.
- دڵنیابوون لە پاراستن و نوێکردنەوەی دامەزراوەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و ئاوی پیس.
-3 بەڕێوەبردنی سەرچاوە و پلاندانان
- چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوسەنگکردنی دابینکردن و خواست.
- داڕشتن و جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو.
- ئەنجامدانی توێژینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەردەستبوونی ئاو و کوالێتی.
-4 تەندروستیی و سەلامەتی گشتی
- دڵنیابوون لە ستانداردی ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی سەلامەتی.
- بەڕێوەبردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە ئاو وەک لافاو و وشکەساڵی.
- جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پاکوخاوێنی بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو وەک کۆلێرا.
-5 پاراستنی ژینگە
- پاراستنی ئاوی سروشتی و ئیکۆسیستم.
- پێشخستنی پراکتیزەکردنی بەردەوام بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو.
- جێبەجێکردنی رێوشوێنی کەمکردنەوەی پیسبوون و گەڕاندنەوەی ئاوە پیسبووەکان.
-6 هاوکاری نێودەوڵەتی
- بەشدارییکردن لە پەیماننامە و رێککەوتنەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئاوانەی سنوور دەبەزێنن.
- هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی تر و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان.
-7 هۆشیاری گشتیی و پەروەردە
- هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو.
- پەروەردەکردنی خەڵک لەسەر گرنگی بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی بەردەوام.
- پێشخستنی بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە دەستپێشخەرییەکانی بەڕێوەبردنی ئاودا.
حکومەت بە جێبەجێکردنی ئەم رۆڵانە، بەکارهێنانی بەردەوام و دادپەروەرانەی سەرچاوەکانی ئاو، پاراستنی تەندروستیی گشتی و پاراستنی یەکپارچەیی ژینگەیی مسۆگەر دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ بەنداوی گەورەیە وەک دەربەندیخان و دوکان و دهۆک، هەروەها خاوەنی چەندین بەنداوی مام ناوەند و بچووکە، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ بەڕێوبردنی ئاو بەهۆی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەشوهەوا و خولەکانی دابارین و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و بەفیڕۆدانی لە رادەبەدەری ئاوەوە. چەندەها شوێنی گونجاو لە کوردستان هەن کە خاوەنی تەواوی تایبەتمەندییە جیۆلۆجی و هایدرۆلۆجی و جوگرافی و جیۆمۆرفۆلۆجیەکانن بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆند و پڕۆژەی ئاوی. بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی لە ناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ و سەنگاو و چەمچەماڵ و پێنجوێن و شارباژێر و پشدەر چەندەها ناوچە و سایتی گونجاو هەن بۆ دروستکردنی بەنداو و پۆند و پڕۆژەی ئاویی. بێگومان تەنها دروستکردنی بەنداو و پۆند چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو چۆنێتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی ئەم سەرچاوانە دوو هێندە گرنگترن.
*ناوەندی ئەکادیمی توێژینەوەی نیشتمانی