مەلا ناسیح، سەركردە لە دوو شۆڕشدا

11:48 - 2024-09-16
ڕاپۆرت
216 جار خوێندراوەتەوە

ئەسعەد جەباری

ئیسماعیل سەید خدر عومەر ناسراو بە (مەلا ناسیح)، تێكۆشەری دوو شۆڕش لەنێو بزوتنەوەی كوردایەتیدا، سونبولی ناو پێشمەرگە و ورە و داینەمۆی دوو شۆڕش بوو، خۆڕاگر و بە تواناو بیرتیژ، گوێگر و بەسەلیقە لە رەفتارو گوفتاردا.
دڵێكی پاك و بێخەوش و بێ گرێی هەبوو، خوێندەوارێكی باش و نموونەی ئاكار و رەفتاری جوان و بە هەڵوێست بوو.
هەموو تەمەنی لەشاخ و شۆڕشدا بەسەربرد تا راپەڕینی 1991 و دوای ئەوەش بەردەوام بوو.
دوای هەرەسی ساڵی 1975، لە ئێران و ناوخۆی وڵاتیشدا بەشداریی لە سەرلەنوێ رێكخستنەوەی شۆڕشی نوێی كردووە، لەگەڵ تێكۆشەران (عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید سەعید و رەسوڵ مامەند و تاهیری عەلی والی و سەید كاكە و عومەر دەبابە و سەعدی  گچكەو... هتد)، بیرۆكەی دامەزراندنی (بزوتنەوەی سۆشیالیست) گەڵاڵە دەكەن.
ئێمە بەختەوەرین كە لە دوای راپەڕینی 1991 وەك مامۆستا و سەركردەی خۆمان رۆژێ لەڕۆژان ئەو رێپیشاندەرمان بوو لە زۆر وێستگەی ژیانی سیاسیماندا.
مامۆستا قسە خۆش و زمانزان بوو، بۆ هیچ بابەتێك پەكی نەدەكەوت و دەمودەست وەڵامی هەبوو، دەگێڕنەوە لە شۆڕشی ئەیلولدا (1963)، لە ئەشكەوتی چەمی رێزان كابرایەك روودەكاتە مەلاناسیح و پێی دەڵێت: ئێوە چ دەكەن خۆتان لەئەشكەوتێ ناوە، بەو تفەنگانەوە و بەو ژمارە كەمەوە دەتانەوێت چ بكەن كاك مەلا؟، ئەویش دەڵێت: ئەگەر ئێمە شتێ نەبین ئەو هەموو جەیش و تەیارەیە بۆ بەدوامانەوەن و شەڕەمان دەكەن؟.

پوختەی ژیاننامەکەی
ساڵی 1932 لە گوندی (لهێبان)ی چیای قەرەچوغ لە دایكبووە، لای مامۆستای ئاینی (مەلا خدر) خوێندنی ئاینی تەواو كردووە و بۆتە (ئیمام تابور) لەشاری كەركوك.
سەرەتا لە ریزەكانی (پ.د.ك)دا كاری كردووە و ساڵی 1961  بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و  تا نسكۆی 1975 بەردەوام بووە.
پاش گەڕانەوەیان بۆ عیراق، یەكەم كۆبوونەوەیان لە رۆژی 7/4/1976 لە بەغدا كرد بۆ نووسینی یەكەم بەیاننامە و درێژەدان بە شۆڕش و بزوتنەوەی سۆشیالیستیان دامەزراند، سەرەتای 1978 رویكردە شاخ و لە یەكەم كۆنگرەی حزبی سۆشیالیستدا لە (12-15/5/1981 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و دواتریش ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە دووەم كۆنگرەشدا لە 15-19/11/1994، بە تێكڕای دەنگ هەڵبژێردرایەوە بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و دواتریش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پاشان كرا بە سەرپەرشتیاری لقی ئەوروپای سۆسیالیست.
دۆستی هەموو لایەن و كەسایەتییەكان بوو، بەتایبەتی رەوانشاد (مام جەلال) كە هەردەم وەك هاوسەنگەرێك و هەڤاڵێكی تێكۆشەری خۆی سەیری دەكرد.
لە خەباتدا چەندین لێپرسراوێتی پێ سپێردراوە و بە دڵسۆزییەوە جێبەجێی كردوون، لەهەر كۆڕو كۆبوونەوەیەكدا ناوی مامۆستا هاتبێت، بەشانازییەوە باسكراوە.
بەداخەوە، شەوی 8\9/9/2001  لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.
كاتێك نەخۆشبوو لە نەخۆشخانەیەكی ئاسایی شاری سلێمانیدا چارەسەری وەردەگرت و  ئەوكاتانەشی لەوشارە نیشتەجێبوو، كرێچی بوو، كە كۆچی دوایی كرد هەموو سامانەكەی كە لەگیرفانیدا بوو 150 دیناری چاپی سویسری و 140 دۆلار بوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان