شەهید موحسین و داستانی ئازیانە

11:59 - 2024-09-16
ڕاپۆرت
503 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

شەرەفێكی گەورەیە مرۆڤ لە پێناو خاك و وڵاتیدا شەهید بكرێت و بە خوێنی خۆی پەیام بداتە دوژمنان كە داگیركردن و زەوتكردنی خاكیان بۆ ناچێتە سەر.
خوێنبەخشین و قوربانیدان  لە پێناو نەتەوەدا تەنها بەرئەو خانەوادانە دەكەوێ‌ كە پیرۆزیی خاك و ئینتیمای نەتەوەییان بەهێزە و خۆشەویستییەكی رەهایان بۆ خاك و نەتەوەكەیان هەیە.
ئەوێ‌ رۆژێ‌ هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەوپەڕی باوەڕبوونیان بە بەرگری و سەندنەوەی مافەكانی كورد لەچوارچێوەی گفتوگۆ و دانیشتن و ئاشتی كۆمەڵایەتی دەیانویست بگەنە ئامانجێك نەتەوەی كورد لەسایە و سێبەریدا پشوویەك بدات، بەڵام رژێم دەیوویست گفتوگۆكان بەلاڕێدا ببات و دۆزی كورد لەسەرنەخشەش بسڕێتەوە، هەربۆیە پەنای بۆ شەڕ بردەوە و هەموو هێزو تواناكانی دژی پێشمەرگە بەكارهێنا، لە دوای گفتوگۆی ساڵی 1984ی نێوان ی.ن.ك و رژێمی بەعس، رژێم هێرشێكی بەربڵاوی كردە سەر كوردستان و بەتایبەتیش گوندەكانی سنووری (مەنتكایەتی)، یەكێك لەو هێرشانە بۆسەر گوندی (ئازیانە)بوو، لەوكاتەدا كەرتی دوو (بە فەرماندەیی شەهید باقی بارزانی)ی تیپی 86ی دەشتی هەولێر لەوێ بوو، شەڕێكی سەخت رەویدا، شەهید باقی سەرپەرشتی نەبەردییەكی گەورەی پێشمەرگەی كرد، شێرئاسا هاتنەدەست و شەڕێكی كەم وێنەیان كرد، نرخی سەركەوتنەكەش بە خوێنی فەرماندەی شەڕەكە باقی بارزانی و موحسین حەمەد ئیلنجاغی و چەند هاووڵاتیەكی گوندەكە بوو.
شەهید موحسین  لاوێكی خوێنگەرم و ئازاو بەغیرەتی كەرتی دووی تیپی 86 بوو، تەمەنی پێشمەرگایەتی تەنها یەك ساڵ بوو كە شەهید كرا.

ژیاننامەكەی
شەهید موحسین حەمەد ساڵح حەمەد ناسراو بە ئارام، لە دایكبووی ساڵی 1965ی گوندی (ئیلنجاغ)ی ناحیەی تەقتەقی قەزای كۆیەیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1984 پەیوەندی كردووە بە هێزی پێشمەرگەوە لە كەرتی دووی تیپی 86ی دەشتی هەولێر و ئازایانە بەشداریی چەند چالاكییەكی كردووە.
رۆژی 7/3/1985 لە داستانەكەی گوندی ئازیانە لەگەڵ فەرماندەی كەرتەكەی (باقی بارزانی) شەهید كران و بووە 12یەمین شەهیدی بنەماڵەكەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان