جۆیس دژی خاكپه‌رستی و نه‌ته‌وه‌په‌رستییه. ئه‌و پرسیاره‌ی كه جۆیس ده‌یكات ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتپه‌رستی و دینپه‌رستی و ده‌سته‌گه‌ری له‌به‌رامبه‌ر بنه‌مای ژیاندا چ به‌هایه‌كیان هه‌یه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه سه‌د ساڵ به‌رله ئێستا له ئۆلیسدا كردوێتی.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
جه‌یمس جۆیس رۆمانی ئۆلیسی له ماوه‌ی حه‌وت ساڵدا نووسی، كه دواجار له ساڵی 1922 دا بڵاوبۆوه. ده‌قی ئه‌م رۆمانه له سێ شاری جیاواز نووسراوه. به زمانی جیا جیا و به ته‌واوی له ده‌ره‌وه‌ی ئێرله‌ندا، چونكه جۆیس ژینگه‌ی فیكری و كه‌لتوری تاسێنه‌ری ئه‌وێی له ساڵی (1912)ه‌وه به‌جێهێشتبوو. ئامانجی له نووسینی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌بوو كه وێنه‌یه‌كی (دوبلین) نیشانی جیهان بدات. «وێنه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده كامڵ كه ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان ئه‌م شاره له‌ناكاو له‌سه‌ر زه‌وی سڕرایه‌وه، بتوانرێت له‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌ی دروست بكرێته‌وه.»
هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه‌دا، واته«16ی حوزه‌یران، رۆژی له دایكبوونی جۆیس» هه‌وادارانی جۆیس له سه‌رانسه‌ری دنیادا یادی ده‌كه‌نه‌وه- ئه‌و رۆژه‌ی كه به (Bloomsday) ناسراوه و ناوی له ناوی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه وه‌رگیراوه: ده‌رفه‌تێكی به‌جێیه بۆ یادكردنه‌وه‌ی چه‌ند وانه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه له دژی بێڕه‌حمی و ده‌مارگیری و تونده‌ڕه‌وی سیاسی. ئه‌مساڵ یادی سه‌د ساڵه‌ی ئۆلیسیشه.
رۆمانی ئۆلیس وا به‌ناوبانگه به قورسی ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌ر هه‌مووی له یه‌ك رۆژدا رووده‌دات: له 16ی حوزه‌یرانی 1904دا. جۆیس به‌م رۆمانه وه‌ڵامی ئه‌و دوبلینه ده‌داته‌وه كه تیایدا گه‌وره بووه، به دووه‌م شاری ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانیا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌ویش له‌و قۆناغەی ژیانه‌وه‌ی كه‌لتوری ئێرله‌ندادا كه له راستیدا قۆناغی توندڕه‌وی سیاسی و خراپه و توندوتیژی و نه‌فره‌ت بوو، ئه‌و شتانه‌ی جۆیسیان ئازار دا، چونكه كرابووه ئامانجی ئازاری ده‌مارگیرانی زه‌مانی خۆی و به چاوی خۆی دیبووی كه چۆنچۆنی دۆستانی به‌لای توندوتیژیدا راده‌كێشرێن و هه‌ندێكیشان له راپه‌ڕینی جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه‌ی 1916دا كوژران.
جۆیس له‌م رۆمانه‌دا، ئامرازێكی به‌نرخ بۆ ناساندن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕه‌ویی ئه‌مڕۆ به ئێمه نیشانده‌دات. دژایه‌تی جۆیس بۆ توندڕه‌ویی، له كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه دیاره. (لیۆپۆڵد بلۆم) پاڵه‌وانێكی ناسراو نییه: مرۆڤێكی به ویقاری چینی ناوه‌ڕاسته. جۆرێك له خێرخوازی دنیایی له كاره‌كته‌ری ئه‌ودا وێنه‌ده‌كێشرێت- قه‌شه‌یه‌كی بێ‌دین و چاكه‌كه‌ر به نیسبه‌ت هه‌موانه‌وه.
ئه‌مه وه‌ڵامی جۆیسه بۆ جیهانبینی رادیكاڵ و دیكتاتۆری فه‌رمانڕه‌وای دوبلین، كه له به‌شی دوانزه‌دا به جوانی روون ده‌بێته‌وه: له‌و شوێنه‌دا بلۆم له‌گه‌ڵ هاوشارییه‌كی ناسیونالیستی مل ئه‌ستووری ئێرله‌ندی ئه‌ندامی (شین فین)دا مشت‌ومڕ ده‌كات. جۆیس به به‌كارهێنانی كاره‌كته‌ری ئه‌م (هاوشارییه)، نه‌فره‌ت له‌و خاكپه‌رستییه ده‌كات كه جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیزمی توندڕه‌و و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له بوژاندنه‌وه‌ی كه‌لتور و ئه‌و زمانه‌دا هه‌یه. ناسنامه‌ی رووكه‌شی ئه‌م (هاوشارییه) و ده‌مارگیریی كه‌لتور و ئامانجه ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌كه‌ی، هه‌ر هه‌مووی له مامه‌ڵه‌یدا له‌گه‌ڵ بلۆم به خێرایی ده‌گۆڕێت بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌ی هیچ و دواكه‌وتوو. ناسیونالیزمی ئێرله‌ندیش وه‌كو زۆری تری ناسیونالیزمه‌كان، وێنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه ده‌كێشێت كه هه‌رگیز وجودی نه‌بووه.
Bloomsday: رۆژی پیرۆزكردنی جۆیس و ئۆلیس
ده‌مارگیریی (هاوشارییه‌كه) سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه‌په‌رستی خۆی به‌شێوه‌یه‌كه و هه‌موو شتێكی ده‌ره‌كی به هیچ و گوماناوی ده‌زانێت و هه‌موو شتێكی ئێرله‌ندی به باش و پاك و راست ده‌زانێت. بلۆم له كاردانه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر به‌و ستایشی (میانڕه‌وی) و (شارستانیبوونی) ئینگلیزه‌كان ده‌كات. به‌ڵام (هاوشارییه) ده‌مارگیره‌كه گاڵته به شارستانییه‌تی ئینگلیز و مۆسیقا و هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌كه‌شی ده‌كات و ده‌ڵێت هه‌ر چییه‌كیان هه‌یه له ئێمه‌یان دزیوه. قه‌شمه‌ری به فه‌ره‌نسییه‌كانیش ده‌كات. كابرای (هاوشاری) كه هاوڕێكانی ده‌وریان داوه، ئاوێته‌یه‌كه له نه‌فره‌ت و پشت به خۆبه‌ستن، له‌و تایپه ناسیونالیزمه‌ی جۆرج ئۆریل كه خۆشی هه‌واداری جۆیس بوو به خۆفریودان و تینووی ده‌سه‌ڵات له قه‌ڵه‌می ده‌دات.
جۆیس ئه‌وه نیشان ده‌دات له‌م جۆره جیهانبینییه گه‌نده‌ڵه‌دا، له ده‌روازه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌وه سه‌یری هه‌موو شتێك ده‌كرێت: بۆ نموونه ده‌ڵێت: ئیسپانییه‌كان باشن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسپانییه‌كانیش وه‌كو ئه‌وان له دژی كۆڵۆنیاله پرۆتستانته‌كان شه‌ڕیان كرد. یان سه‌رده‌می كۆن باش بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی خوری ئێرله‌ندی له شاری رۆما ده‌فرۆشرا.
بلۆم له دایكبووی ئێرله‌ندایه: باوكی جووله‌كه‌ی مه‌جه‌ڕ و دایكی پرۆتستانتی ئێرله‌ندییه. به‌ڵام (هاوشارییه) ئێرله‌ندییه‌كه رقی لێیه‌تی و مشتومڕی له‌گه‌ڵ ده‌كات و گاڵته‌ی پێده‌كات و به جووله‌كه‌ی فزول ناوی ده‌بات. له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه بلۆم گورگه له پێستی مه‌ڕدا، كه‌سێكه خوا به نه‌فره‌تی كردووه و كه‌سێكه ئێرله‌ندای گڵاو كردووه.
ئه‌م (هاوشارییه) له بنه‌ڕه‌تدا نێرگسییه و به‌رده‌وام گاڵته به دوژمنانی ده‌كات. ژماره‌یه‌كی كه‌م لایه‌نگری بلۆم ده‌كه‌ن و پێیان باشه ببنه هاوئاڕاسته‌ی (هاوشارییه‌كه). واقیعیش وایه كه زۆربڵێكان ئاسایی به‌سه‌ر كه‌سانی تردا زاڵن.
جۆیس دژی ئێرله‌ندا نه‌بوو. به‌ڵام شێوازی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێرله‌ندای باش ده‌ناسی و دزێوترین به‌شه‌كانی ئاشكرا كرد. له‌م رووه‌وه بلۆم نه‌ته‌وه‌دۆست بوو نه‌ك نه‌ته‌وه‌په‌رست. ئه‌وه‌ی ئه‌م ئیدیعایه ده‌سه‌لمێنێت ره‌خنه‌گرتن و مێژوونووسینی راستگۆیانه، نیشانه‌ی عه‌شقی مرۆڤه بۆ وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌ی. جیهانبینی جۆیس رێك پێچه‌وانه‌ی (هاوشارییه) ده‌مارگیره‌كه‌یه.
جۆیس سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت ده‌نووسێت، به‌ڵام باسی دژایه‌تی جیهانبینییه‌كانیش ده‌كات: بۆ نموونه مێشكی داخراوی ده‌مارگیر له به‌رامبه‌ری مێشكی نه‌وسن و چێژخوازدا، یان ده‌مارگیری ئایدیۆلۆجی له به‌رامبه‌ر مرۆڤی پرسیاركه‌ر و نه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ر تاكگه‌راییدا.
به باوه‌ری جۆیس ژیانی پیاوان و ژنان به زۆر و نه‌فره‌ت و مێژووی رابردوو دروست نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه عه‌شقه كه بنه‌مای ژیان و واقیع پێكده‌هێنێت.
جۆیس ئه‌وه نیشان ده‌دات كه دژایه‌تی ئاشكرای خاكپه‌رستی و نه‌ته‌وه‌په‌رستی خۆی له خۆیدا ئیشێكی باشه. ئه‌و پرسیاره‌ی كه جۆیس ئاڕاسته‌ی ده‌كات ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتپه‌رستی و دینپه‌رستی و ده‌سته‌گه‌ریی و ... له به‌رامبه‌ر ژیاندا چ به‌هایه‌كیان هه‌یه؟ ئه‌مه پرسیارێكه كه جۆیس سه‌د ساڵ پێش ئێستا له ئۆلیسدا ئاراسته‌ی كردبوو.
سه‌رچاوه: Nebesht.com