رێگەکە 72 ساڵە دروستکراوە و پێویستیی بە چاککردنە

دروستبوونی مەترسی لەسەر رێگەی گه‌لی زنتا-ی سنووری ئاکرێ

10:18 - 2024-09-17
ڕاپۆرت
225 جار خوێندراوەتەوە
رێگەی گەلی زنتا شوێنی سەرەکیی هاتوچۆی هاووڵاتیانی ناحیه‌ی دینارتە و قه‌زای ئاکرێیە

راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی 

رێگەی گه‌لی زنتا رێگەیەکی سه‌ره‌كی رۆژانەی هاووڵاتیانی ناحیه‌ی دینارتەیه‌ بۆ قەزای ئاکرێ و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان. هەروەها قه‌زای مێرگەسۆر و بلێ و ناحیه‌ی دینارته‌ و گونده‌كانی دۆڵی نەهله‌ بە قەزای ئاکرێ دەبەستێتەوە. تەسکیی و سەختی رێگەکە، مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران و هاووڵاتیان دروستکردووە و بەهۆی قەرەباڵغییەوە بەردەوام رووداوی هاتوچۆ لەو رێگەیە روودەدات.
چیا زێباری شۆفێرێكی ناحیه‌ی دینارته‌یە وتی: خەڵکی دەڤەرەکەمان بەشێوەیەکی گشتی لە خراپی رێگەکە بێزار بوون، لەبەرئەوەی زۆر تەسکە و هاتوچۆکردن تیایدا مەترسیدارە بۆ شۆفێران و ئەو هاووڵاتیانەش کە رۆژانە سەردانی ئاکرێ دەکەن، لە کاتێکدا رێگەیەکی سەرەکییە و هاووڵاتیان بۆ کاری پێویستی رۆژانەیان لە ئاکرێ رۆژانە ئەو رێگە مەترسیدارە ده‌بڕن. جگە لەوەش چه‌ندین فەرمانبەر هەیە کە بۆ ده‌وام سەردانی ئاکرێ دەکەن، ئەمەش وایکردووە رێگەکە قەرەباڵغ بێت و زوو زوو رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگەکە رووبدات.
وتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کێشەی رێگەکە بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە چارەسەر بکەن و فراوانی بکەن.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری رێگە و پردی دهۆك بۆ کوردستانی نوێ  :   
دیزاینێکی سەرەتاییمان بۆ چاککردنی رێگەی گەلی زنتا کێشاوە و چاوەڕێی حكومه‌تین بودجەی بۆ تەرخان بکات

 

گرفتەکانی رێگەکە
تەنها لە ناحیەی دینارتە نزیکەی حەفتا گوند لەسەر رێگەی ئاکرێ - دینارتەن جگە لەوه‌ش گەشتیارانی عەرەب و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رۆژانە سەردانی هاوینەهەواری گه‌لی زنتا و گیزکێ و گربیش و کانی تۆزێ و دۆڵی نەهله‌ دەکەن.
ئه‌حمه‌د هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی سنوورەکە دەڵێت:‌‌ پێویستە رێگەکە فراوان بکرێت، لەبەرئەوەی رۆژانە مەترسی بۆ سەر ژیانی شۆفێران و هاووڵاتیانی سنوورەکە دروست کردووە، زۆر کەس دەناسم کە بەهۆی سەختی رێگەکەوه بە ماڵەوە‌ روویان لە ئاکرێ و ناوچەکانی تر کردووە، بۆیە داواکارین لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری رێگەکە بكه‌ن و ژیانی هاووڵاتیانمان لە رووداوەکانی هاتوچۆ بپارێزن.
مسته‌فا ژیركانی چالاكوانێكی دیاری ده‌ڤه‌رداری دینارته‌ بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەڕاستی رێگەی گه‌لی زنتا زۆر تەسکە و به‌داخه‌وه‌ چەند رۆژێک لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر‌ رێگه‌کە گیانی لەدەستدا. پێویستە فراوان بکرێت یان تونێلێکی سەرەکی بۆ دروست بکرێت كه‌ چاره‌سه‌ری رێگەکه‌ دەکات.

پلانی لایەنی بەرپرس
رێگەکە لە وەرزی زستاندا مەترسیدارتره‌ لەبەرئەوەی بەرد لە شاکەخەوە دەکەونە خوارەوە و مەترسی لەسەر ژیانی شۆفێران و هاووڵاتیان دروست دەکات، لە ساڵانی رابردوودا چەندین ئۆتۆمبێل بەردیان بەرکەوتووە و بەهۆیەوە زیانیان پێگەیشتووە.
خه‌جیجه محەمەد‌ به‌ڕێوه‌به‌ری رێگە و پردی پارێزگای دهۆك به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: دیزاینێکی سەرەتاییمان بۆ رێگەکە کێشاوە و پلانمان هەیە بیکەین بە دوو ساید، هەروەها لە هەندێک شوێن پێویستی بە فراوانکردنە و هەندێک شوێنیش پێویستی بە دروستکردنی چه‌ند تونێلێکی بچووکە. بۆ جێبەجێکردنی دیزاینەکە چاوەڕێی حكومه‌تین هەرکاتێک بودجەی بۆ تەرخانکرا و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا ده‌ست به‌ کارەکانمان دەکەین.
وتیشی: لەبەرئەوەی رێگەیەکی شاخاوی سەختە بە چەند رۆژێک یان مانگێك تەواو نابێت، هەرچەندە رێگەیەکی زۆر درێژ نییە، بەڵام بەهۆی بەرزی شاخەکەوە فراوانکردنی زۆر زه‌حمه‌ت و قورسە.
رێگەی گه‌لی زنتا دەکەوێتە نێوان شاخەکانی سیدانۆک و سەری سادا و رێگەیەکی کۆن و سەختە، ساڵی 1952 دروستکراوە، پانی رێگەكه‌ نزیکەی چوار مەتره‌ و درێژییەکەی زیاتر لە پێنج کیلۆمەتره‌ و رێگەیەکی سەرەکییە بۆ هاووڵاتیانی ناحیه‌ی دینارتە بۆ قه‌زای ئاکرێ.‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان