عیراق بە نیازە باج بخاتە سەر بەكاربەرانی فەیسبوك

10:06 - 2024-09-19
ئابووری
353 جار خوێندراوەتەوە
#هێشتا میكانیزمێك بۆ چۆنێتی وەرگرتنی باج لە بەكاربەران دەستنیشان نەكراوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


حكومەتی عیراق سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و خۆئامادەكردنە بۆ ئەوەی بە رێژەی %15 باج بخاتە سەر بەكاربەرانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان، بە تایبەتیش فەیسبوك، ئەم هەنگاوەی حكومەتی عیراق وەك بەشێك لە پلانەكانی زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكانە، بەو هیوایەی بەشێك لەو زیانەی كە عیراق لە دابەزینی نرخی نەوت دەیكات، پڕی بكاتەوە و كێشە داراییەكانی چارەسەر بكات.
پلانی زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان، دوای ئەوە دێت، كە لە ماوەی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و هەندێك لە پسپۆڕان پێشبینی ئەوەیانكرد عیراق تووشی قەیرانێكی دارایی قورس بێت، تەنانەت قسە لەسەر ئەوەش دەكرا، كە رەنگە حكومەت ناچار بێت دەستكاریی مووچە بكات و بەشێكی زۆریش لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان رادەگیرێن، ئەگەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە دابەزین، بە تایبەتیش كە عیراق تا بە رێژەی %96 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێ بۆ دابینكردنی بودجەی گشتی.

85 لایەنی تر باجیان لێوەردەگیرێت، كە پێشتر باجیان لەسەر نەبووە، لەوانەش كۆمپانیاكانی تەكسی، پێگە ئەلەكترۆنییەكانی تایبەت بە ریكلام و پێگەی كەسە بەناوبانگەكان و ماڵپەڕی تایبەت بە هۆتێل و چێشتخانەكان

رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزایران وەرگیراوە
هەر لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا دەستەی باج لە حكومەتی عیراق لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە لیستێكی ئاشكراكرد، بە گوێرەی ئەو لیستە 85 لایەنی تر باجیان لێوەردەگیرێت، كە پێشتر باجیان لەسەر نەبووە، لەوانەش كۆمپانیاكانی تەكسی، پێگە ئەلەكترۆنییەكانی تایبەت بە ریكلام و پێگەی كەسە بەناوبانگەكان و ماڵپەڕی تایبەت بە هۆتێل و چێشتخانەكان.
بەم دواییانەش عەلی وەعد ئەلعەلاوی سەرۆكی دەستەی گشتی باج بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاند: دەستەی گشتی، باج بەسەر هەندێك كۆمپانیادا دەسەپێنێت، كە پێشتر یاسای باج نەیگرتوونەتەوە، بۆ نموونە كۆمپانیاكانی بەكرێدانی ئۆتۆمبێل، یان كۆمپانیاكانی تەكسی. ئەو بەرپرسە جەختیشی كردەوە، كە بۆ سەپاندنی باج بەسەر هەموو ئەو لایەنانەدا رەزامەندیی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان وەرگرتووە.
بۆ ئەوانەی بۆ ریكلام بەكاری دەهێنن باجەكەی زیاترە
سەرۆكی دەستی گشتی باج ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەكرێت باج لەسەر رێكلامەكانی ناو فەیسبوك دابنرێت و رێژەكەشی %30 دەبێت، دواتریش سەپاندنی باج تیكتۆزگەر و بلۆگەر و یوتیوبەرەكانیش دەگرێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی بینەریان زۆرە و بەناوبانگن. بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتاییش لەوانەیە كۆی گشتی بڕی ئەو باجەی لەو رێگەیەوە كۆدەكرێتەوە مانگانە بگاتە پێنج ملیۆن دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بیروڕای جیاوازی وروژاند لە ناوەندە ئەكادیمی و رۆشنبیرییەكاندا، لەلایەك قسە لەسەر ئەوە دەكرێت، كە میكانیزمی جێبەجێكردنی پلانێكی وا ئاسان نابێت و لەلایەكی دیكەشەوە، مەترسی ئەوە هەیە بە سەپاندنی ئەو باجە ژمارەی بەكاربەرانی فەیسبوك كەم بێتەوە و ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی دیجیتاڵی دروست دەكات.
سەرچاوە: بغداد الیوم، هذا الیوم

بابەتە پەیوەندیدارەکان