هەگبەی مامۆستایەک

12:05 - 2024-09-19
کەلتور
67 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە هەموو مامۆستایەک بە بایەخەوە لە هەگبەکەی بڕوانێت نەک بە چاوی رەخنە

خەڵات فەرەیدون

مامۆستایان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، ئەرکیان بێجگە لە گواستنەوەی زانیارییەکان پەروەردەکردنیشە تا بتوانن بە یارمەتی دامەزراوەکەیان نەوەیەکی پڕ زانیاری و هۆشیار بەرهەمبهێنن کە رۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا. لە پرۆسەی پەروەردەدا رۆڵی مامۆستا پەرەپێدانە بە تواناکانی بیرکردنەوەی قوتابی و راهێنانیانە لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە ئەمە بێجگە لەوەی رۆڵیان هەیە لە گەشەپێدانی کەسایەتی منداڵەکانمان هەروەها پاڵنەرن بۆ گەیشتنیان بە خەونەکانیان  .
مامۆستایەتی جگە لەوەی کارێکی پیرۆزە، قورسیشە و پێویستی بە ماندوبوونی زۆرە پەرەپێدانی توانا سەرەکییەکانی وانە وتنەوە و گەشەدان بە خود هەیە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خوێندکاران و پشتگیریکردنیان لە گەشتی فێربوونیان، لەبەرئەوەی پەروەردەکارێک شارەزابێت لە سەرجەم کارامەییەکانی تایبەت بە پیشەکەی دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ مێشکی خوێندکارەکانی و یارمەتیدەریان بێت لە رووناک کردنەوەی رێگەکەیان .
بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان زۆر گرنگە بەردەوام زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە، لەبەرئەوەی هەر ئەوانن لەگەڵ عەقڵی گەشاوە و گەنجدا داهاتوو لە قاڵب دەدەن.  

رۆڵی مامۆستا پەرەپێدانە بە تواناکانی بیرکردنەوەی قوتابی و راهێنانیانە لەسەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنەرانە

چالاکییەکانی مامۆستایان
هاتنە کایەی پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام و هەبوونی هەگبەی مامۆستا زۆر گرنگە کە بابەتێکی نوێیە و بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2024ـ2025) لە قوتابخانەکاندا کاری لەسەر دەکرێت، لە پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێرکردن لە بەشی یازدەیەمی یاساکە لە تەوەری پێنجەم ماددەی (91) بە وردی باسی لێکراوە و روونکراوەتەوە هەر مامۆستا، بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەرێک هەگبەیەکی تایبەت بەخۆی دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە تایبەتییەکان سەبارەت بە باش بەڕێوەچوونی کارەکانیان کە ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
-1 فێربوونی بەردەوام لە رێگەی ئاشنابوون بە گەشەکردنەکانی بواری پەروەردە و فێرکردن.
-2 سازدانی سیمیناری پەروەردەیی و فێرکردن یان بەشداربوون تیایدا .
-3 راپۆرت و توێژینەوەی پەروەردەیی و فێرکردنی جیاواز. -4بەشداریکردنی مامۆستا لە کارەکانی دامەزراوەکەی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا .
کەواتە هەگبە تێکڕای زانیاریی و بەڵگەی پەیوەست بە کاروچالاکی مامۆستایە کە لە بواری زانستیی و پسپۆڕیدا بە ئەنجامی گەیاندووە. 
 چۆنیەتی هەڵسەنگاندن
لە یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی لە 8/6/2024 لە هەولێر بەسترا باس لەم بابەتە کرا لە چوارچێوەی پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام - هەموو بەڕێوەبەر و مامۆستا و یاردەدەرێک هەگبەیەکی تایبەت بەخۆی دەبێت و هەموو کار و چالاکییەکان کە تایبەتە بەو بوارە لە دوتوێی فۆڕمێکی هەڵسەنگاندن و لە 17 خاڵدا خرانەڕوو دەنگیان لە بارەوە درا، فۆڕمەکە سەرجەم کار و چالاکییەکانی تیادایە و لە بەرامبەر هەر چالاکییەکدا کەسەکە نمرە وەردەگرێت لە کۆتاییدا نمرەکان کۆ دەکرێتەوە ئاستەکان دیاری دەکرێن لە نایابەوە بۆ زۆرباش، باش، مامناوەند، پەسەند و کەمتر لە پەسەند کە لە خوار نمرەی 50 وەیە واتا ئەو مامۆستایە پێویستی بە پشتیوانییە.
بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو قوتابخانە و پەیمانگەیەکی پەروەردەیی پیشەیی حکومی مامۆستایەک بە بەرپرسی دڵنیایی جۆری دەستنیشان دەکرێت کە  بە رەسمی چوار بەشە وانەی بۆ کەم دەکرێتەوە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کۆکردنەوە و بەدیکۆمێنتکردنی کار و چالاکییەکانی دڵنیایی جۆری لە ئەستۆ دەگرێت و بەرپرسە لە پاراستنیان و پێشکەشکردنی بە ئەنجومەنی دامەزراوەی ناوەندی خوێندن کە چالاکییەکان لەسەر 100 نمرە دەبێت و ٪35ی لێوەردەگیرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانە.
پێویستە هەموو مامۆستایەک بە بایەخەوە لە هەگبەکەی بڕوانێت نەک بە چاوی رەخنە و زیادبوونی ئەرک تەماشای بکات، لەبەرئەوەی لە واقیعدا پیشەی مامۆستایەتی ماندوبوون و خۆ رۆشنبیرکردنی دەوێت، دەبێت رۆژانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری نوێ بین و ئاپدەیتی خۆمان بکەینەوە بۆئەوەی لە رەوتی پێشکەوتنە بەردەوامەکانی ژیان و ئەم نەوە نوێیە دانەبڕێین کە وانەیان پێ دەڵێین و بتوانین بە کاروچالاکی و زانیارییەکانمان خۆمان لە هزر و بیری خوێندکارەکانماندا بهێڵینەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان