بەکارهێنەرانی سیستمی سۆلار روو لە زیادبوونن

بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر

11:03 - 2024-09-23
ڕاپۆرت
105 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

وزەی خۆر یەكێكە لە وزە نوێبووەكان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دۆستی ژینگەیە و ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەكارهێنانی لەبرەودایە، لە هەرێمی كوردستانیش بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی سیستمەکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەربانی خانوو یان باڵەخانەی بازرگانی و كارگەكان و كەرتی كشتوكاڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دانراوە و رۆژ لەدوای رۆژ بەكارهێنانی لە زیادبوونە.

بەڕێوەبەری وزەنوێبووەكان لە وەزارەتی كارەبا بۆ  کوردستانی نوێ    : بەكارهێنانی سیستمی سۆلار لەلایەن هاووڵاتیانەوە روو لە زیادبوونە، بەڵام هێشتا بەو رێژەیە نییە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی بەکارهێنانی كارەبای نیشتمانی هەبێت

سەروەر حەمید هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە ماوەی دوو ساڵە سیستمی سۆلاری لە سەربانی ماڵی خۆی داناوە بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا و دەڵێت: بەهۆی وزەی خۆرەوە لە رۆژدا 10 ئەمپێر كارەبا بۆ ماڵەكەم بەدەست دەهێنم و شەوانیش چوار ئەمپێر كارەبام پێدەدات.

هاووڵاتییەک: بەهۆی دانانی سیستمی سۆلارەوە، دوو ساڵە كارەبای موەلیدەی گەڕەك بەكارناهێنم

نرخ و بڕی بەرهەم
سیستمەکە بەگوێرەی ژمارەی بۆردەكان بڕی كارەباكەی دەگۆڕێت ئەو هاووڵاتییە وتی: ئەو بڕە وزەیەی سیستمەکە دابینی دەكات بەشی زۆربەی ئامێرەكانی ماڵەكەم دەكات و تەنانەت هەندێك ئامێر كارپێدەكات كە وزەیەکی زۆری بۆ کارکردن دەوێت، وتیشی: هەر بۆردێكم بە 175 دۆلار كڕیوە، بەڵام ئێستا نرخی هەرزان بووە بۆ 100 تا 125 دۆلار و بەستنی هەموو سیستمەكە بڕی 2600 دۆلاری تێچووە.
بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە، سوودێكی یەكجار زۆری هەیە، لەبەرئەوەی هاووڵاتی سەرچاوەیەكی كارەبای بەردەوامی دەبێت و بەپێی كاتیش تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی لەسەر کەم دەبێتەوە.
سەروەر حەمید هاووڵاتی ئاماژەی بەوەکرد: بەهۆی ئەو سیستمەوە ماوەی دوو ساڵە كارەبای موەلیدەی گەڕەك بەكارناهێنم.
ئێستا چەندین كۆمپانیای تایبەت بە وزەی خۆر دامەزراون و سیستمی جۆراوجۆری بەرهەمهێنانی کارەبایان بە وزەی خۆر هێناوەتە هەرێمی كوردستان، بەپێی كوالێتی و ماركەی كۆمپانیاكە كوالێتی و تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکە دەگۆڕێت، زۆربەی کەلوپەلەکانی سیستمەکە لە چین بەرهەم دەهێنرێت، بێجگە لە ئەوروپا و ئەمریكا و زۆر وڵاتی دیكەی باشووری ئاسیا.

رێنمایی وەزارەت
ئەحمەد قارەمان بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیایەکی سیستمی سۆلار  بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هۆكاری گرانی نرخی سیستمەكە بۆ بەرزی نرخی پاترییەكانی دەگەڕێتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هاوكاربێت لە كەمكردنەوەی گومرگ لەسەر كەلوپەلەكان نرخەكەی لە بازاڕدا كەمتر دەبێت.
وتیشی: ستافی بەستن و دانانی ئامێرەكان لە کۆمپانیاکەمان هەموویان كوردن و ئێستاش رێژەی بەکارهێنانی سیستمی سۆلار لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیادی کردووە.
هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان لەبارە بۆ دانانی چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بەپێی درێژی رۆژ و بەتینی تیشکی خۆر بڕی کارەبای بەرهەم هاتوو لە تیشکی خۆر لە گۆڕاندایە بەشێوەیەک لە وەرزی هاوین و لە نیوەڕواندا زۆرترین بڕە کارەبا دەست دەکەوێت بە بەراورد بە بەیانیان و ئێواران.
رەوا محەمەد بەڕێوەبەری وزەنوێبووەكان لە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هاووڵاتییەکی زۆر پەنای بردووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر هەرچەندە قەبارەکەی بچووکە، بەڵام جێی دەستخۆشییە.
بەپێی رێنمایی ژمارە 3 ساڵی 2021 وەزارەتی کارەبا ئەو کارەبایەی لە وزەی خۆر بەرهەمی دەهێنیت تێکەڵ بە کارەبای نیشتمانی دەکەیت، لە کۆتایی مانگەکەدا بەپێی ئەو بڕەی هاووڵاتیەکە داویەتی بە وەزارەت لە خەرجی مانگانەی کارەبای نیشتمانی کەمدەکرێتەوە. 
بۆ نموونە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک مانگانە بڕی 1000 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی بەکاربهێنێت و لە رێگەی وزەی خۆرەوە 400 کیلۆ وات کارەبا بکاتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە ئەوا لە کۆتایی مانگەکەدا تەنها پارەی 600 کیلۆوات کارەبای نیشتمانی لێ وەردەگیرێت.

ئیدارەدانی كەرتی وزە
دوای ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارەبا بۆ بەستنەوەی کارەبای بەرهەمهاتووی وزەی خۆر بە تۆڕی کارەبای نیشتماییەوە و هەژمارکردنی، هاووڵاتیان و خاوەن کۆمپانیا و کارگەکان زیاتر روویان لە دانانی ئەم سیستمە کردووە.
بەڕێوەبەری وزەنوێبووەكان لە وەزارەتی كارەبا دەڵێت: زۆربوونی بەكارهێنانی سیستمی سۆلار هێشتا بەو شێوە زۆرە نییە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی بەکارهێنانی كارەبای نیشتمانی هەبێت، لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
تائێستا حکومەت هیچ وێستگەیەکی نییە لە کاردابێت بۆ سوود وەرگرتن لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر، كە لە جیهاندا بە وزەی دواڕۆژ یان وزە نوێبووەوەكان دەناسرێت.
لە هەرێمی كوردستان جگە لە هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر سوود لە غاز، نەوتی رەش و گازوایل وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئەوە لە کاتێكدایە گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بە یەكێك لەو رێگایانە دادەنرێت كە بۆ ئیدارەدانی كەرتی وزە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەردەوامبوونی گرنگە، لەبەرئەوەی سەرچاوەیەكی پاك و خاوێن و دۆستی ژینگەیە، چونكە بەرهەمهێنانی كارەبا بە نەوتی رەش و گازوایل و گازی سروشتی، وێڕای تێچوونە بەرزەكەی، زیانیشی بۆ ژینگە هەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا زیاتر لە یەك ملیۆن و 450 هەزار بەشداربووی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەن، ساڵانەش 100 هەزار بەشداربوو زیاد دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان