ئەو پێشمەرگەیەی لە 15 ساڵیدا دەستگیركرا و لە 16 ساڵیدا لە سێدارە درا

11:36 - 2024-09-23
ڕاپۆرت
221 جار خوێندراوەتەوە
شەهید شێرزاد رەسوڵ محەمەد قورشاغلویی

حەیدەر مەنتك

رۆژی 7/3/1985، رژێمی بەغدا بەهێزێكی زۆری سەرباز و جاش و بە پاڵپشتیی چەندین هەلیكۆپتەر و جبەخانەیەكی زۆرەوە، هێرشێكی چڕ و بەرفراوانی كردە سەر هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری گوندەكانی ئازیانە و قەشقە، لە ئەنجامدا، لەو دوو قۆڵەوە شەڕی قورس و نابەرامبەر روویدا.
ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە بە ژمارە كەم و لە رووی چەك و تەقەمەنیشەوە وەك پێویست نەبوون، هێزی دوژمنیش بە ژمارە زۆر و جۆرەها چەكی قورس و كاریگەر و هێزی ئاسمانیش پشتیوانی دەكردن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرگری و شەڕێكی دەستەویەخەیان كرد، بەور ئاسا بەگژ گەلەگورگی دوژمندا دەچوونەوە و هێزی ئیرادەیان زاڵبوو بەسەر لەشكر و جبەخانەی دوژمندا، بۆیە هێرشەكانیان تێكشكاند و سەركەوتنێكی گەورەیان تۆماركرد.
ئەوەی مەبەستمە بڵێم، لەو دوو نەبەردییەدا و لە گوندی ئازیانە هەڤاڵان (باقی بارزانی و موحسین حەمەد ساڵح ئیلنجاغی) و چەند هاووڵاتییەكی گوندەكە شەهیدكران، لە گوندی قەشقەش چەند هەڤاڵێك شەهید كران، لەوانە (لاوكۆ كەریم قولتەپەیی، رەمەزان حەمەد عەلی قەیباشی، شێرزاد رەسوڵ محەمەد قورشاغلویی).
شەهید شێرزاد گەنجێكی تەمەن 15 ساڵ بوو، ماوەیەكی زۆر كەم بوو چووبووە ریزی هێزی پێشمەرگەوە، گەنجێكی بێ‌ دەنگ و بەڕەوەشت و گوێڕایەڵ بووە، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی نەگەیشتە ساڵێك، لە هێرشەكەی سوپای عیراقدا بۆ سەر گوندی قەشقە، بە دیلی كەوتە دەستی دوژمن، دوای ماوەیەکی زۆر مانەوە لە زیندانەكانی بەعس و ئەشكەنجەدانێكی دڕندانە، لە ساڵی 1986دا  لە بەندیخانەی ئەبوغرێب، لە سێدارە درا.
ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر، شێرزاد رەسوڵ محەمەد وەسمان ناسراو بە شێرۆ، لە دایكبووی ساڵی 1970ی گوندی (قورشاغلوو)ی ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێرە.
ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە كەرتی پێنجی تیپی 86ی دەشتی هەولێر،
لە شەڕەكەی گوندی قەشقەدا و لە رۆژی 7/ 3/ 1985، بەدیلی كەوتە بەردەستی دوژمن و ساڵی 1986 لە بەندیخانەكەی ئەبوغرێب، لە سێدارە درا و بووە دووەمین شەهیدی بنەماڵەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان