هاوسەرگیری لە کوردستان

12:35 - 2024-09-23
ڕاپۆرت
238 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە پڕۆسەی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ لە شاری دهۆک

پ.د. سەڵاح عەزیز
تایبەت بە کوردستانی نوێ

لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵڵا

 

پێداچوونەوە و پێشنیازەکان

هاوسەرگیری بە پایەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەکاندا، بەو پێیەی خێزانێکی سەقامگیر پێکدەهێنێت و بەردی بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. مێژووی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی مێژوو، بەو پێیەی بە تێپەڕبوونی کات، لە ژێر کاریگەریی رێنماییە ئایینەکان و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا میکانیزمەکانی پەرەی سەند. ئایینە ئاسمانییەکان هانی هاوسەرگیریان دەدا و ئیسلام بە «پەیمانێکی رێزلێنراو و پیرۆز»ی دەزانی، مەسیحییەت بە «نهێنی پیرۆز»و ئایینی جوولەکەش بە «ئەرکێکی ئایینی» دەزانی. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیمانی نێودەوڵەتییدا جەختی لە گرنگیی هاوسەرگیری کردۆتەوە، بەوەی هاوسەرگیریی و خێزان لە گرنگترین یەکە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەن، داوای لە هەموو وڵاتێک کرد کە خێزان بپارێزن. 

مارەیی باج نییە بۆ کچ، کاڵایەک نییە بکڕێت و بفرۆشرێت، بەڵکو مرۆڤێکە  کەرامەت و مافی خۆی هەیە، بۆیە پێشنیاز دەکەم لە کاتی دیارییکردنی مارەییەکەدا، تواناکانی مێرد و دۆخی خێزانەکە لەبەرچاو بگیرێت و رەمزی بێت

لەکاتێکدا هاوسەرگیری هەنگاوێکی سەرەکییە لە ژیانی تاکدا، بەڵام لە ئێستادا شاهیدی دوودڵی لە هاوسەرگیریی و بەرزبونەوەی رێژەی جیابوونەوە دەبین. لە کوردستانی عیراق رێژەی جیابوونەوە لە ساڵی 2023 بۆ 27 ٪ بەرزبۆتەوە، ئەمەش بە زیادبوونی 10 ٪ لە کۆتا دە ساڵی رابردوودا و سلێمانیش لەو رووەوە پلەی یەکەمە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا رەسمییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. ئەم ئامارانە زەنگی ئاگادارکردنەوە بەرز دەکەنەوە و داوای سەرنجی بەرپرسانی کۆمەڵگە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سەردەمییانە بۆ چارەسەرکردنیان.

مەراسیمی سەرەکی
لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هەندێک لەو دابونەریت و رێوڕەسمانەی راکێشی هاوسەرگیرییە کە دەبێت پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە لەڕێی پێشکەشکردنی چەند پێشنیازێک. هاوسەرگیری لەگەڵ رێوڕەسمێکدا دەبێت کە خێزان و هاوڕێکانی ئەو دوو هاوسەرە بەشداری تێدا دەکەن. رێوڕەسمەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی هاوشێوەن، هەرچەندە بەپێی دابونەریتی ناوچەکە لە وردەکارییەکان جیاوازن. بەزۆری مەراسیمی سەرەکی ئەمانە لەخۆدەگرێت:
دەستگیرانداریی: بریتییە لە ماوەی ئاشنابوونی نێوان هەردوو لایەنەکە پێش هاوسەرگیری.
 مارەیی: بریتییە لە بڕە پارەیەک (یان هاوتاکەی) کە لەلایەن مێردەوە دەدرێت بە ژنەکە.
 گرێبەست: بریتییە لە رێکەوتنی نێوان هاوسەرەکان بۆ هاوسەرگیری، بە شایەتحاڵی ژمارەیەک و سازدانی ئاهەنگێک یان بۆنەیەک کە خێزان و ناسیاوەکان بانگهێشت دەکرێن. 
رێوڕەسمە سەرەکییەکان لە کوردستانی عیراق جیاوازییان نییە، تەنها لە وردەکارییەکاندا نەبێت.

سوودەکانی هاوسەرگیری
  زۆر کەس گرنگی ئایینی بەکاردەهێنن بۆ هاوسەرگیری وەک «هاوسەرگیری نیوەی ئایینە» بەبێ گوێدانە جۆری ئایینەکە، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرگیری سوودی زۆرە، لەوانە:
-1سەقامگیری دەروونیی و تەندروستی: هاوسەرگیری سەقامگیریی دەروونیی و تەندروستی بۆ هەردوو لایەن دابین دەکات، بەشێوەیەک ئەو دووانە هاوڕێیەتی و پشتگیریی سۆزداریی و تێرکردنی ئارەزوو بۆ یەکتری پێشکەش دەکەن .
-2بونیادنانی خێزانێکی سەقامگیر: یەکێک لە دەرئەنجامەکانی هاوسەرگیری دروستبوونی منداڵە، کە بەشدارییدەکەن لە سەقامگیریی و گەشەی خێزاندا.
-3هاوبەشیی لە بەرپرسیارێتی: هاوسەرگیری دەبێتە هۆی دابەشبوونی کار و بەرپرسیارێتییەکانی ماڵ و چاودێرییکردنی منداڵ لە نێوان هاوسەرەکاندا، ئەمەش هەستی هاوبەشی زیاتر دەکات.

ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی و هۆکارەکانی جیابوونەوە
چەندین هۆکاریی کاریگەر هەن، لەوانە
:
-1 تێچووی زۆری هاوسەرگیری: تێچووی ئەنجامدانی ئاهەنگ و مارەیی ونیشتەجێبوونی سەربەخۆ ئاستەنگ بۆ گەنجان پێکدەهێنن، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی خراپتربوونی هەژاریی و بێکاریی و گرانی  ژیاندا. کە دەبێتەهۆی پشتبەستنی گەنجان بە پشتیوانی خێزانەکانیان، ئەمەش بارگرانی لەسەر خێزانەکە پێکدەهێنێت، بەتایبەتی ئەگەر تووشی کێشەی دارایی بووبێت. 
-2هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: ئاسانکاری لە بەدەستهێنانی پەیوەندیی گەرموگوڕ بەبێ هاوسەرگیری رەنگە ببێتە هۆی بێ متمانەبوونی گەنجان بە کچان و پێیان باشترە بەبێ هاوسەرگیری بمێننەوە. بڵاوبونەوەی پەیوەندییە گەرموگوڕەکانی پێش هاوسەرگیری یان لە دەرەوەی هاوسەرگیری، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی دوودڵی گەنجان لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە.
-3هۆکارە دەروونییەکان: ژیانکردنی گەنجان لە دوورگەی کەلتووریی پەراوێزکراو لە کۆمەڵگە لەڕێی تێکەڵبوون بە جیهانێکی گریمانەیی تایبەت(ئینتەرنێت و ئامڕازەکانی سۆشیال میدیا) دەبێتەهۆی ئاسانبوونی پێکەوەبوون و هاوڕێیەتی لە خەیاڵدا کە قەرەبووی پەیوەندییە واقعییەکان دەکاتەوە، بێ تێچوون و کۆنترۆڵ و بەرپرسیارێتی. دوای هاوسەرگیریی هاوسەرەکان هەست دەکەن یەکێکیان چاودێریی ئەویتر دەکات و لە ئاکامدا ئەو پەیوەندییانە دیاری دەکات و دەبێتە هۆی جیابوونەوە.

پێشنیازەکان
 هیوادارم پێشنیازەکان ببنە سەرەتای گفتوگۆی گەنجان و پاشان لایەنە بەرپرسەکان لە کۆمەڵگەدا بۆ دانانی چارەسەری واقعی.
1-هۆشیارکردنەوە بە گرنگیی هاوسەرگیری
 پێویستە پەروەردەکاران و توێژەرانی کۆمەڵایەتی تەرکیز بخەنە سەر گرنگی هاوسەرگیری وەک ئامڕازێکی بەهێز بۆ دروستکردنی خێزانێکی تەندروست و سەقامگیر لە رێگەی ئەو بەرنامانەی گەنجان دەکەنە ئامانج. جەختکردنەوە لەوەی  پیادەکردنی پەیوەندیی گەرموگوڕ قەرەبووکردنەوە نییە بۆ هاوسەرگیریی و دامەزراندنی خێزان. هەروەها ژینگەی سروشتی بۆ پەروەردەکردنی منداڵ بریتییە لە خێزان و جیابوونەوەی ژن و مێرد کە دەبێتەهۆی ئازاردانی منداڵان و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی، وەک لە توێژینەوەکانی خۆرئاوادا ئاماژەی پێکراوە.

2-هاوکاریی ئابووری
 مارەیی بابەتێکی ئاڵۆز و مشتومڕاوییە لە کۆمەڵگەکانماندا. مارەیی ماف و مەرجی هاوسەرگیرییە لە ئیسلامدا، بەڵام ژنان دەبێ بە شێوازێکی سەردەمییانە سەیری مارەیی بکەن نەک تەقلیدی. لە روانگەی تەقلیدییەوە بڕی مارەیی وەک گەرەنتییەکی دارایی سەیر دەکرێت بۆ ژنەکە، یان زۆری بڕەکەی وەک قەدرزانییەک بۆی تەماشا دەکرێت لەلایەن مێردەکەیەوە. پێویستە ئەم بۆچوونە بگۆڕێت. مارەیی باج نییە بۆ کچ، کاڵایەک نییە بکڕێت و بفرۆشرێت، بەڵکو مرۆڤێکە  کەرامەت و مافی خۆی هەیە، بۆیە پێشنیاز دەکەم لە کاتی دیارییکردنی مارەییەکەدا، تواناکانی مێرد و دۆخی خێزانەکە لەبەرچاو بگیرێت و رەمزی بێت و رێکەوتن لەسەر ئەوە بکرێت کە پارەکە (یان زێڕ) بە شتێکی تر بگۆڕێتەوە.
بێگومان ئەمە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی مارەیی بە تەواوەتی نییە، بەڵکو بە مانای گۆڕینی مارەییەکەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرندا بگونجێت. ئیسلام بڕی مارەیی دیاری نەکردووە، هەروەها نابێت ببێتە بەربەست لەبەردەم هاوسەرگیری دوو گەنجدا. ئەم گۆڕانکارییە دەبێت لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە بێت بە گرنگی گۆڕینی تێڕوانینی مارەیی و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا و گرنگی دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەرگیری پتەو لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن. ئەگەر کچەکە یان خێزانەکەی ئەم بنەمایەیان قبوڵ کرد، دەتوانرێت بەسەر بۆنەکانی تریشدا جێبەجێبکرێت، وەک سازکردنی ئاهەنگ و شوێنی نیشتەجێبوون وهتد.

3- یەکسانیی و تەواوکەری
 پەیوەندیی تەندروستی  نێوان ژن و پیاو لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بونیادنراوە کە بریتین لە خۆشەویستی و رێزگرتن، کە بە یەکسانی و تەواوکەری هاوسەنگ دەکرێت، بەڵام ئەمە لە ژیانی پراکتیکیدا واتای چییە؟ یەکسانی و تەواوکەری دوو چەمکی گرنگن لە هەر پەیوەندییەکی هاوسەرگیریی سەرکەوتوودا، بەکارهێنانیان لە دوو دەیەی رابردوودا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. یەکسانی واتە هاوسەرەکان هەمان ماف و ئەرکیان هەبێت لە بڕیاردان و دابەشکردنی ئەرکەکان و هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتیدا. تەواوکەری واتە هەر لایەنێک لە ژن و مێردەکە تەواوکەری ئەویترە بە سوودوەرگرتن لە خاڵە بەهێزەکانی هەر لایەنێک بۆ قەرەبووکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی ئەویتر. هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هاوکاریی و هاوبەشی نێوان هاوسەرەکان دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانیان.
گرنگ ئەوەیە یەکسانی و تەواوکەری دوو چەمکی بەیەکەوە گرێدراون،  دەبێت پێکەوەبوونیان هەبێت لە هەر پەیوەندییەکی هاوسەرگیرییدا بۆ بونیادنانی ژیانێکی هاوسەرگیریی و سەرکەوتوو. پێچەوانەی ئەوە یەکێک یان هەردوو هاوسەرەکە هەڵدێن بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیری (راستەقینە یان گریمانەیی).

4-مافە سروشتییەکانی هاوسەرەکان
 دامەزراوە یان بەرنامە هەیە بۆ ئەو گەنجانەی پلانی هاوسەرگیرییان هەیە بۆئەوەی بزانن هاوسەرگیری چییە. ئەوەش بیرۆکەیەکی باشە کە دەبێت پەرەی پێبدرێت بۆئەوەی لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت. 
مافە سروشتییەکانی هاوسەرەکان ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت و هەرخاڵێک دەتوانرێت فراوانتر بکرێت:
- مافی بڕیاردان بە شێوەیەکی یەکسان.
- مافی رێزگرتن و قەدرزانی ئەویتر.
-مافی خۆشویستن و گرنگیدان بە ئەویتر.
-مافی بەشدارییکردنی ئەویتر لەو بڕیارانەی کاریگەریی لەسەر ژیانیان هەیە.
-مافی ئازادیی کەسی.
-مافی داواکردنی تەڵاق ئەگەر لە ژیانی هاوسەریدا دڵخۆش نەبوو.
بە کورتی، پێویستییەکی زۆر و سوودێکی زۆر لە هاوسەرگیری هەیە، هاوسەرەکان دەبێت هەموو هەوڵێک بدەن بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن و بەردەوامییەکەی بۆ بەدیهێنانی بەختەوەری هاوسەرەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ پەروەردەکردنی منداڵ و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.

دیمەنێک لە پڕۆسەی هاوسەرگیری بە کۆمەڵ لە شاری دهۆک

بابەتە پەیوەندیدارەکان