لە میدیای ئێرانییەوە

01:59 - 2024-09-23
جیهان
62 جار خوێندراوەتەوە

پزیشكیان: ئێران هی هەموو ئێرانییەكانە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران بەر لەوەی بەرەو ئەمریكا بەڕێ بكەوێت بە مەبەستی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: هیوادارم لەم سەردانەمدا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان بتوانم دەنگی گەلەكەم و دەنگی هەموو هەقخوازان و عەدالەتخوازان بە گوێی ئەو كەسانە بگەیەنم كە لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدارن.
پزیشكیان وتیشی: رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان یەكێكە لە گرنگترین رێكخراوەكان و یەكێكە لە گەورەترین دەستكەوتەكانی مرۆڤایەتی، شوێنێكە بۆ ئامادەبوونی هەموو سەرۆكی وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن لەبارەی ئاشتی، ئارامی، پاراستنی گۆی زەوی و چارەسەركردنی كێشە نێودەوڵەتییەكان.
سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا وتی: لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان لەبارەی ئاشتی و ئارامی جیهان گفتوگۆ دەكەین و هەروەها لەگەڵ ئەو ئێرانیانەی كە دانیشتووی ئەمریكان، كۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەكەین، ئێران هی هەموو ئێرانییەكانە چ ئەوانەی لە ئێران دەژین و چ ئەوانەی كە لە دەرەوەی ئێران ژیان بەسەر دەبەن، دەبێت بە هەموومان وڵاتێكی ئازاد و ئاوەدان و سەربەخۆ و سەربەرز  دروست بكەین.  

سەرچاوە/ ئاژانس ئیرنا 

زیاتر لە دوو ملیۆن ئێرانی لە ئەمریكا دەژین
 عەلیڕەزا سەلیمی وتەبێژی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە سەردانەكەی پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بۆ ئەمریكا و بەشداری لە كۆبوونەوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: سەرۆك كۆمار دەتوانێت لەم سەردانەیدا هەموو راستییەكان لەبارەی ناوخۆی ئێران بۆ هەموو بەشداربووەكان روون بكاتەوە.
وتیشی: نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار ئێرانی لە ئەمریكا دەژین كە دەتوانین لە بەهرە و تواناكانی ئەوان لە بوارە جیاجیاكان سوود وەربگرین.
 سەرچاوە/ ئاژانسی ئیرنا 

ژمارەی قوربانیان گەیشتە 51 كەس
 بەهۆی تەقینەوەیەك لە یەكێك لە كانەكانی خەڵوز لە شاری تەبەس لە پاریزگای خوراسانی باشوور تا ئێستا 51 كەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 20 كەسیش برینداربوون.

سەرچاوە/ ئاژانسی تسنیم

ئیسرائیل بۆ تەقاندنەوەی پەیجەرەكان 15 ساڵ سەرقاڵ بووە
رۆژنامەی (یەدیعوت ئەحرونوت) نووسیویەتی: ئیسرائیل بۆ تەقاندنەوەی پەیجەرەكان لە لوبنان 15 ساڵ سەرقاڵی پلاندانان بووە.
 لەلایەكیترەوە ئاژانسی هەواڵی(ئەی بی سی) لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، ئیسرائیل دەستی لە دروستكردنی پەیجەرەكانی لوبناندا هەبووە.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكردووە، ئیسرائیل لە كۆمپانیاكاندا بۆ بەرەوپێشبردنی پلانەكەی كەڵكی وەرگرتووە و ژمارەیەك لە هێزەكانی هەواڵگریی ئیسرائیل خراونەتەژێر دەستی كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنەری پەیجەرەكان.
سەرچاوە ئەمریكییەکە ئاشكرایكردووە، لە هەریەك لە پەیجەرەكان بڕی(23.3 تا 56.6) مادەی تەقینەوە جێگیرکراوە و دووگمەیەك بۆ تەقاندنەوەیان جێگیركراون.
ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویكردۆتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی لێپرسراوانی لوبنانی دەركەوتووە كە پەیجەرەكان بەرلەوەی بگەنە لوبنان پێشتر ماددەی تەقینەوەیان تێکراوە و بەهۆی پەیوەندیی ئەلكترۆنییەوە تەقێنراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە تا ئێستا 37 كەس كوژراون و 2 هەزار و 931 كەسیش برینداربوون.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی و كەناڵی(24) ی ئیسرائیلیش بڵاویانكردۆتەوە كە پەیجەرەكان لە جۆری Gold Apollo AR-924 model  ن و لەلایەن كۆمپانیایەكی تایوانی دروستكراون، دواتر كۆمپانیا تایوانییەكە رەتیكردۆتەوە كە ئەو پەیجەرانەی دروستكردبێت و راشیگەیاندووە كە ئەوان رێگەیان داوە بە كۆمپانیایەكی هەنگاریا بە ناوی(BAC) كە بەرهەمهێنەری سەرەكی پەیجەرەكانە و لۆگۆی ئەوان بەكاربهێنن.
كۆمپانیای(Gold Apollo) یش لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە ئەوان رێگەیان داوە بە كۆمپانیای (BAC) لۆگۆی ئەوان بە هەندێك لە بەرهەمەكانی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵام دیزاین و بەرهەمهێنانی پەیجەرەكان لە ئەستۆی كۆمپانیای (BAC) دایە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە كە مۆدێلی پەیجەری (AR-924) لەلایەن كۆمپانیای (BAC) دروستدەكرێت و دەفرۆشرێت. دواتر حكومەتی هەنگاریا بڵاویكردۆتەوە كە پەیجەرە تەقێنراوەكانی لوبنان لە هەنگاریا دروست نەكراون و بە وتەی وتەبێژی حكومەتی هەنگاریا كۆمپانیای (BAC) كە كۆمپانیایەكی واسیتەی بارزگارنییە و هیچ شوێنێكی بۆ بەرهەمهێنانی پەیجەر لە خاكی هەنگاریادا نییە.
سەرچاوە: سایت جماران

بابەتە پەیوەندیدارەکان