لەشکر حەمە ساڵح
لە میانی سەردانەكەماندا بۆ چین، وەرگێڕێكی رەشپێست، كە بە عەرەبییەكی رەوان و چینییەكی باش قسەی دەكرد، سەرنجی راكێشاین. ئەوەی چینییە عەرەبیزانەكان توانایان بەسەریدا نەدەشكا، بانگی ئەویان دەكرد و ئەویش روونتر ئامانجەكەی دەپێكا و مەسەلەكەی روون و روونتر دەكردەوە.
عیسام ئایدام ئادەم ئەحمەد، هاووڵاتییەكی سودانییە و حەوت ساڵە لە هەرێمی نینگشیای باكووری خۆرئاوای چین نیشتەجێیە. وەرگێڕی (چینی – عەرەبی) و (عەرەبی – چینی)یە بە هەردوو شێوازی نووسین و قسەكردنەوە. جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای (بیت الحكمة)ی چینییە بۆ وەرگێڕان و چاپ و بڵاوكردنەوە كە كۆمپانیایەكی نیمچە رەسمییە.
عیسام بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی، سەرەتای هەوڵەكانم بۆ فێربوونی زمانی چینی بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە، كاتێك بوومە خوێندكاری بەشی زمانی چینی لە كۆلێجی زمانی زانكۆی (عین شمس)ی میسری.
وتیشی، زمانی چینی یەكێكە لە قورسترین زمانەكان لە جیهاندا، بەڵام بۆ كەسانی خاوەن ویست و ئیرادە هیچ شتێك مەحاڵ نییە، بەڵكو پێویستت بە سووربوون و هەوڵدان هەیە بۆ فێربوون و قووڵبوونەوە لە بوارەكانی نووسین و قسەكردن، گوێگرتن و خوێندنەوە. لە راستیدا هەموو زمانێك بەو جۆرەیە، بیكەیتە هاوڕێت، دەبێتە هاوڕێت.
زمانی چینی یەكێكە لە قورسترین زمانەكان لە جیهاندا، بەڵام بۆ كەسانی خاوەن ویست و ئیرادە هیچ شتێك مەحاڵ نییە
عیسام لەبارەی زمانی چینییەوە دەڵێت، وەك هەر زمانێكی تر لەسەر چوار بنەمای سەرەكی دامەزراوە، بۆ نموونە سیستمی (بینیین) سیستمی رەسمیی نووسینی چینییە بە پیتی لاتینی لە چین، لە رێگەیەوە دەتوانیت رەمزە چینییەكان بخوێنیتەوە كە لە دوو بڕگە پێكدێن، بڕگەیەكی پیتە جوڵاوەكان و ئەوی تر بڕگەی پیتە بێدەنگ و جێگیرەكان. لەگەڵ هەندێك ئاواز كە بە جیاوازییەكی زۆرەوە، زیاتر لە سەروبۆری زمانی عەرەبی دەچێت. ئەو ئاوازانە دەشێت مانای وشەكە بگۆڕن ئەگەرچی بەهەمان پیتیش نووسرابن.
عیسام ئایدام دەشڵێت، ئاوازەكان زیاتر بریتین لە چوار ئاوازی سەرەكی كە وشە لێكچوو و نزیكەكان لە نووسیندا جیا دەكەنەوە. فێربوون و شارەزا بوون لە ئاوازەكان بەشە قورس و ئاڵۆزەكەی فێربوونی زمانی چینییە بۆ هەر كەسێكی بیانی.
ئاماژەی بەوەش كرد، گەلی چین گەلێكی ئاشتیخوازە، ئەگەر پابەندی یاساكانیان بیت و رێز لە داب و نەریتەكانیان بگریت تووشی هیچ كێشەیەك نابێت. من نزیكەی حەوت ساڵە لە چین دەژیم و تا ئێستا تووشی هیچ كێشەیەك نەبووم. بە گشتی خەڵكی چین كۆمەڵایەتین و ئارەزووی ناسینی كەسانی بیانییان هەیە، بەڵام زۆر گرنگە پێش ئەوەی بێیتە چین خۆتی بۆ ئامادە بكەیت. لەبارەی كەلتور و داب و نەریتەكانیان بخوێنەوە، لەبارەی خواردنیشەوە، هەر لە سودانەوە خۆم لەسەر خواردنی چینی راهێنا! ئەم ناوچەیەش كە شاری یەنچوانە لە هەرێمی نینگشیا، زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، ئەوەش هاندەر بوو بۆ ئەوەی لەسەر ژیانی ئێرە رابێم و خۆم لەگەڵ ژیان لە چین رابهێنم.