تەنها نۆ کیلۆمەتری تەواوکراوە

پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن

11:09 - 2024-09-24
ڕاپۆرت
126 جار خوێندراوەتەوە
رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن دوای سێ سەعات داخستنی، بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرێکەوە کرایەوە و رووداوەکە تەنها زیانی مادی لێکەوتەوە.
سەعات چواری ئێوارەی رۆژی شەممە 21/9/2024، تەنکەرێکی هەڵگری نەفتاو لەسەر رێگەی دەربەندیخان - زەڕایەن نزیک گوندی بیرکێ وەرگەڕا و بووە هۆی راگرتنی هاتوچۆی شۆفێران.
قائیمقامیەتی دەربەندیخان رایگەیاند: دوای رووداوەکە هێزەکانی ناوخۆ کە پێکهاتبوون لە بەشەکانی پۆلیس، هاتوچۆ و بەرگری شارستانی دەربەندیخان، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دوای هەوڵێکی زۆر بە نزیکەی سێ سەعات رێگەکە بە رووی هاووڵاتیان و شۆفێراندا کرایەوە.

ئاماری گشتیی قوربانیان
ئەمە نموونەی دەیان رووداوی هاتوچۆیە لە رێگەی نێوان دەربەندیخان – زەڕایەن کە نزیکەی 12 ساڵە پرۆژەی دووسایدکردنی بۆ دەرچووە و تەواو نەکراوە، بەپێی دواین ئاماری هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەزوور و دەربەندیخان، لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا 26 رووداوی هاتوچۆ لەو رێگەیە رویداوە، بەهۆیەوە 57 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە هەشت کەسیان گیانیان لە دەستداوە و 49 کەسیشیان بریندار بوون، شارەزایەکی هاتوچۆ و رێگەوبانیش هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگەکە و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە.
هەر لەوبارەیەوە ‎ئەندازیار رێبین نەریمان محەمەد بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پرۆژەی بە دووسایدكردنی رێگەی نێوان زەڕایەن-دەربەندیخان لە ساڵی 2012وە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێستاش نزیكەی %81ی پرۆژە تەواوكراوە.
‎وتیشی: بەهۆی نەبوونی نەختینەو گرفتی تەكنیكییەوە بە دووسایدكردنی ئەو ڕێگایە بە تەواو نەكراوی ماوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەركردنی كیشەكانی بەردەم ئەو پرۆژەیە
هەڤاڵ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای شارەزوور بە وەکالەت بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، هەشت رووداوی هاتوچۆی جۆراوجۆر لە سنووری بنکەی هاتوچۆی زەڕایەن لەو رێگەیەدا روویداوە، کە بەهۆیەوە 18 هاووڵاتی برینداربوون.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی نزیکەی نۆ کیلۆمەتری رێگەکە لە سنووری زەڕایەن کراوە بە دووساید و بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو لەو شوێنەدا رووداوی هاتوچۆ کەمی کردووە و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانیشی تێدا تۆمار نەکراوە.

 

 

بەپێی ئاماری هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شارەزوور و دەربەندیخان، لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا 26 رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن رویداوە و بەهۆیەوە 57 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە هەشت گیانلەدەستدان و 49 بریندار بووە

 

 

خراپیی رێگەکە
هاوکات جاسم محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای دەربەندیخان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان 54 رووداوی هاتوچۆ روویداوە، بەهۆیەوە 73 هاووڵاتی برینداربوون و 11 هاووڵاتی دیکەش گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 18 رووداویان لە رێگەی نێوان دەربەندیخان - زەڕایەن بووە بە دیاریکراوی لە ناوچەی گوندی میرەدێ تا دەگاتە تونێلەکە، کە 31 حاڵەتی بریندار و هەشت حاڵەتی گیانلەدەستدانی تیایدا تۆمارکراوە.
وتیشی: جادەکە باریکە و چاڵ و تاسەی زۆری تێدا دروستبووە، هەندێکجار شۆفێر بۆ ئەوەی خۆی لێ لابدات دەچێتە سنووری سایدی بەرامبەر، لە هەمانکاتدا ئۆتۆمبێل لە سایدی بەرامبەر دێت ئەمەش وادەکات رووداوی هاتوچۆی لێ بکەوێتەوە.

پابەندنەبوونی شۆفێران
شنۆ رەمەزان شارەزا لە هاتوچۆ و رێگەوبان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: نەشارەزایی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ، یاخود كەمتەرخەمی و جێبەجێ نەكردنیان لەلایەن شۆفێرانەوە هۆكاری یەكەمی رووداوەکانی هاتوچۆن، هەروەها خراپی رێگەكانی دەرەوە و شەقامەكانی ناوشاریش هۆكارێكی دیكەیە، چونكە دروستكردنی رێگە و شەقامەكان دەبێت بەپێی ستانداردەكان بێت و بەردەوامیش چاک بكرێن.
وتیشی: پێویستە شۆفێران تێپەڕاندنی هەڵە نەکەن، بەتایبەت لەو رێگەیانەی كە یەك سایدن و لێخوڕی ڕوبەڕوو هەیە، چونكە رەچاوی ئەوە كراوە كە لە %80 و زیاتریش ئەو رووداوانەی لە دەرەوەی شار روودەدەن دەرچوون و تێپەڕاندنی هەڵەیە، جیا لەوەش پێویستە بە دەروونێكی ئارام و دوور لە تەنگەژەی دەروونی یان كاریگەریی مەی و ماددەی هۆشبەر و خەوەنوچكێ شۆفێری بكرێت.

زیادکردنی راهێنانی فێرخوازان
لە بارەی رێکارەکانی کەمبوونەوەی رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، شنۆ رەمەزان وتی: پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار رێگەکان چاک بکەن بەو شێوەیەی لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە بۆ نموونە یەک ئاڕاستەکردنی رێگەکانی دەرەوەی شار، بە دوو سایدکردنی و دانانی هێما و هێڵکاری پێویست و بوونی بلوار و پەرژینەکانی قەراغ رێگە.
باسی لەوەشکرد: پێویستە شێوازی مۆڵەت پێدان توندوتۆڵ بکرێت و راهێنانی زیاتر بە فێرخوازان بکرێت، لە کاتی بەشداریکردنیان لە خولی فێربوونی نووسینگەکانی شۆفێری، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە رێگری بکرێت لە هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلێک کە لەکوالێتی کۆنترۆڵ دەرناچێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان