تا ئەم ساتە تەنیا دوو كچە یاریزان توانیوانە یەكەم و دووەم كورسی لە هەشت كورسییەكەی پاڵەوانێتیی یەكێتیی كچە یاریزانە موحتەریفەكان (WTA FINALS RIYADH) بگرن ئەوانیش ئیگا شیڤیۆتیكی پۆڵەندی و ئارینا سابالینكای بیلۆ روسییە. دیارە WTA FINALS گرنگی زۆری بۆ كچە یاریزانەكان هەیەو هیچی لە گراند سلام و ماستەرزەكان كەمتر نییە، جگەلەوەش ئەم پاڵەوانێتییە هەموو یاریزانێك ناتوانێت بەشداریی تیادا بكات جگەلەوانەی دەتوانن زۆرترین خاڵ لە ساڵێكدا كۆبكەنەوە لە خاڵی ماستەرز و گراند سلام و پاڵەوانێتییەكانی تر، ئێستا شەش بلیت و كورسی چۆڵن، ئەم شەش كورسییە یان ئەو شە بلیتەش رەنگە مانگی نۆڤەمبەر دەربكەن كە كام كچە یاریزانانە دەیگرن و دەتوانن بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە گرنگە بكەن.
تائێستا سێ كچە یاریزان زۆر نزیكن لەوەی بلیتی سێیەم تا پێنجەمیان بدرێتێ ئەوانیش ئیلینا رایباكینا-كازاخستانی و جاسمین پاوڵینی ئیتاڵیا و جیسیكا پیگۆلای ئەمریكی –ن، ئەم سێ كچە یاریزانە بە جیاوازی نزیكەی 1200 خاڵ لەپێش ئەو كچانەی ترەوەن كە پلەكانی شەشەم تا دەیەمیان گرتووە بۆ گەیشتن بە WTA FINALS ، كۆكو گۆف و ئیما ناڤارۆ كە هەردووكیان ئەمریكین تا ئەم ساتە لە پلەی شەشەم و حەتەمدان. لە كچەكانی تر دوو ناو ركابەریی بۆ گرتنی پلەكانی حەتەم و هەشتەمیی دەكەن، ئەوانیش دارییا كاساتكینای روسی و مارتا كۆستیۆكی ئۆكرانییە، ئەم دوو كچە یاریزانە بەشداریی پاڵەوانێتیی سیئۆلیان كرد كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو كۆتاییهات، كاساتكینا توانی بگاتە یاریی كۆتایی، بەڵام كۆستیۆك تا قۆناغی چارەكی كۆتایی گەیشت و لەم قۆناغە كرایە دەرەوە، بۆیە ئەم پاڵەوانێتییە 500 خاڵ دەخاتە سەر كۆی خاڵەكانی كاساتكینا.
ئێستا بۆ هەر كچە یاریزانێك لەو كچانەی چاویان لەوەیە بگەنە WTA FINALS پاڵەوانێتی كۆتایی ساڵ، نزیكەی 3500 خاڵ لەبەر دەمیاندا ماوە، شانۆی ركابەرییەكان زۆر واڵایە بۆیان، بۆیە ئەو پاڵەوانێتییە گرنگانەی ماون پێش پاڵەوانێتیی كۆتایی ساڵ بكرێن باشترین هەلە بۆیان تا خۆیانی تیادا بنوێنن و زۆرترین خاڵ كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە پاڵەوانێتیی كۆتایی ساڵ كە2 تا 9 ی نۆڤەمبەری داهاتوو 11-20204 سعودییە میوانداریی دەكات، گرنكترین ئەو پاڵەوانێتییانەش كە پێش پاڵەوانێتیی كۆتایی ساڵ دەكرێن ئەمانەی خوارەوەن:
*هانا بانك – كۆریای باشوور 16 تا 22/9 (500 خاڵ).
*تایلاند ئۆپن – 16 تا 22/9 (250 خاڵ).
*چاینا ئۆپن – ماستەرزی كچان 25/9 تا 6/10 (1000 خاڵ).
*وو هان-چین – ماستەرزی كچان 7 تا 13/10 (1000 خاڵ).
*نینگ بو – چین- 14 تا 20/10 (500 خاڵ).
*تۆكیۆ – ژاپۆن – 21 تا 27/10 (500 خاڵ).