كێ دەبێتە جێگرەوەی تیرشتیگن؟

12:21 - 2024-09-24
وەرزش
49 جار خوێندراوەتەوە

لە یاریی شەوی یەكشەممەی رابردووی لالیگادا، بارسیلۆنا لە یاریگای لا سیرامیكای تایبەت بەیانەی ڤیاریاڵ، سەركەوتنێكی گەوەری تۆمار كردو 5-1 لە ڤیاریاڵی بردەوەو شەشەم بردنەوەی یەك لەسەر یەكی تۆمار كردو ئێستا بە 18 خاڵ یەكەمی لالیگایە.
بەدەر لەم ئەنجامە، لە یارییەكەدا بارسیلۆنا گورزێكی كوشندەی تری بەركەوت و تیرشتیگنی گۆڵپارێز لە تایمی یەكەمدا توشی پێكانێكی سەخت دەبێت و دەبرێتە دەرەوە، وەك رۆژنامە كەتەلۆنییەكان بڵاویانكردتەوە، پێكانەكەی لە ئەژنۆیدایەو زۆر سەختەو رەنگە ئەم وەرزە ئیتر نەتوانێت یاریی بكاتەوە، بەمەش شتیگن چووە پاڵ چەند یاریزانێكی تری سەرەكی یانەكە كەبەهۆی پێكانەوە ئێستا ناتوانن یاریی بكەن لەوانە(گابی، فێرمین لۆپێز، دانی ئۆڵمۆ، ئاراوخۆ، دی یۆنگ) و چەند یاریزانێكی تر.
ئەمەش وەك دەڵێن قوڕەكەی بارسیلۆنا خەستتر دەكاتەوە، فلیكی راهێنەر دەكەوێتە گێژاوی سەختترەوە، لاپۆرتاش دەبێت زۆر زوو چارەسەری ئەم بارودۆخە بكات بەتایبەتی جێگری شتیگن دەبێت بدۆزێتەوە.
لەبەر ئەوەی شتیگن گۆڵپارێزی سەرەكییە و توشی پێكانێكی درێژخایەن بووە، یاسای لالیگا رێگە دەدات بارسیلۆنا گۆڵپارێزێك بكاتە جێگرەوەی شتیگن، بەو مەرجەی بۆندی لەگەڵ هیچ یانەیەكدا نەبێت و یاریزانێكی ئازاد بێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت گۆڵپارێزی یانەیەك بهێنێت كە بۆندی لەگەڵ یانەیەكدا هەبێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی دەستپێكردنی وادەی زستانەی هاتن و چوونی یاریزانان بكات.
ئێستا چەند گۆڵپارێزێك یاریزانی ئازادن و یاریی بۆ هیچ یانەیەك ناكەن و بارسا دەتوانێت بە رەزامەندی لالیگا بیكاتە جێگرەوەی شتیگن، لەوانە: كیلۆر ناڤاس، لۆریس كاریۆس، ئادگار بادییا، جۆردی ماسیپ، كریستۆفەر كلایسۆن، جیێری بافلینكا، جگەلەم شەشە گۆڵپارێزە ڤۆیچیك چیزنی ئیتاڵیش ناوی لەناواندایە، ئەم گۆڵپارێزانە رەنگە یەكێكیان ببێتە جێگرەوەی شتیگن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان