״هەڵبژاردن پاك و بێگەرد بێت، کرستیانەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن״

سەرۆکی حزبێک ناتوانێت داوا لە کرستیانەکان بکات دەنگ بە کەس و لایەنێکی دیاریکراو نەدەن

10:28 - 2024-09-25
ڕاپۆرت
94 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هێمن عەبدوڵڵا


بەشێک لە كەسایەتی و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە كرستیانەکان لە هەرێمی كوردستان، رەتیدەكەنەوە  كەسێك یان سەرۆكی حزبێكی دیاركراو بتوانێت داوا لە سەرجەم  كرستیانەكان بكات دەنگ بەلایەنێك یان چەند لایەنێكی دیاركراو نەدەن و پێشیانوایە كرستیانەكان هەمیشە ئازادانە دەنگیان داوە و هەركاتێك  هەڵبژاردنێكی پاك و  بێگەرد هەبێت، ئەوان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن، ئاماژەش بەوە دەدەن کە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی لەو جۆرە، نیشانەی ترسە لە هەڵبژاردن و لەدەستدانی كورسیی پێكهاتەكان، كە چەندین ساڵە بەبێ خواستی خۆیان  بۆ بەرژەوەندیی حزبێك بەكاردەهێنرێن.
لەو رووەوە د.جەمیل عیسا كەسایەتیی دیاری کرستیان بە كوردستانی نوێی وت:  ئێمە وەك پێكهاتەی کرستیان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك ‌و بێگەردین کە دووربێت لە ساختەكاری و دەستوەردان لە پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا،  تا خەڵكی كوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
 وتیشی: كرستیانەكانی كوردستان لەسەر ئەوە راهاتوون كە بە ئازادانە دەنگ بدەن و  هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی بۆ ئەوان  قەدەغە نییە کە بیانەوێت دەنگی پێبدەن و هەر دەنگۆیەكی لەو جۆرەشی رەتكردەوە، هەركاتێكیش هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكرێت، بەدڵنیاییەوە كرستیانەكان ئەو كەسانە هەڵدەبژێرن كە  خزمەتیان دەكات و تەنیا بۆ ئامانجی حزبیی خۆیان بەكاریان ناهێنن.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوانەی  بەناوی سەرجەم كرستیانەكانەوە دەنگۆی وا بڵاودەكەنەوە، گوایە كریستیانەكان دەنگ بە چەند لایەنێكی دیاریكراو نادەن، ئەوانە ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە و نایەنەوێت كرستیانەكان  گوزارشت لە بۆچوونی خۆیان بكەن و  پێشیوابوو: هەرجۆرە قسەكردنێك بە ناوی سەرجەم كرستیانەكانەوە، دەستوەردانە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و خزمەتكردنە بە لایەنێكی دیاریكراو، كە چەندین ساڵە پێكهاتەكان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەكار دەهێنێت.
جەمیل عیسا وتیشی: هەموو كریستیانەكان دڵنیادەكەینەوە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، كە لەلایەن كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە بەرێوەدەبرێت و هیچ دەرفەتێكی بۆ ساختەكاری و دەستوەردان تێدا نییە، بۆیە كرستیانەكان و سەرجەم  دەنگدەرانی دیکەی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، دەتوانن بەوپەڕی ئازادانە دەنگ بدەن.
 هەر لەوباریەوە فەرید یەعقوب ئیلیا لە بزووتنەوەی دیموكراتیی ئاشووری و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەرچەندە وەك لایەنێكی سیاسیی ئاشووری بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا ناكەن، بەڵام جەماوەر و لایەنگرانیان ئازادن لەوەی دەنگ بەكێ دەدەن.
هەروەها وتی: لە هیچ هەڵبژاردنێکدا نەبووە حزبێكی دیاریكراو داوا لە سەرجەم خەڵك بكات دەنگ بە كەسێك بدەن یان پێی نەدەن، دەكرێ بە ئەندام و ئۆرگانەكانی خۆی بڵێت و ئاگاداریان بكاتەوە، بەڵام ناکرێت وەك تەواوی جەماوەر كەسێك یان حزبێك خۆی بكاتە نوێنەری سەرجەم خەڵك.
تەئكیدیشیكرەوە کە هەر لەسەر ئەو بنەمایە كرستیانەكان بە ئازادانە دەنگی خۆیان دەدەن و هەر كەسێك دەنگ بەكێ دەدات، یان بەشداریی لە هەڵبژاردندا دەكات یان نا، ئەوە ئازادن و بۆخۆیان دەگەڕێتەوە و  پێموایە هەر دەنگۆیەكی لەو جۆرە، كاریگەریی لەسەر رای گشتیی كرستیانەكان نابێت.
لەلایەکی دیکەشەوە كلارا عودیشو ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان، لە فراكسیۆنی كلدانی سریانی ئاشووری بە كوردستانی نوێی وت: ئێمە وەك بەشێک  لە حزب و لایەنە كرستیانەكان بەشداریی لەو هەڵبژارنەدا ناكەین، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نییە كە داوا لە جەماوەری کرستیان بكەین بەشداریی لە هەڵبژاردندا نەكەن، یان دەنگ بە لایەنێكی دیاركراو نەدەن.
وتیشی: هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموکراسییە و  پێویستە سەرجەم خەڵكی كوردستان بە ئازادانە دەنگ بدەن،  هەر ئەوەش بنەمای سەركەوتنی هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن و  دیموكراسییە و خواستی هەموو پێكهاتەكانی كوردستانیشە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان